وەڵامەکانی بێدەنگیم

وەڵامەکانی بێدەنگیم

وەڵامەکانی بێدەنگیم، ناونیشانی کتێبێکی"سامان حەمەدەمین عەلی"یە لە دووتوێی ٢٥٦ لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی، کتێبەکە بریتییە لە کۆمەڵە وتارێکی جیاواز لە بواری: پەروەردەیی، سیاسی، رۆژنامەوانی، مێژوویی و نەتەوەیی پێک دێت.
وەڵامەکانی بێدەنگیم، ناونیشانی ھیچ وتارێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو ناونیشانی شاراوەی ھەست و ڕوانینی نووسەرە بۆ ھەر یەک لەو بوارانەی تیشکی خستووەتە سەر.
ئەم نووسینەی بەندە، ھەروەھا ھەوڵ دەدات بە کوردی و بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە "وتار" چییە و بوارەکانی دەستنیشان بکەین.
وتار یەکێکە لە ڕەگەزەکانی نووسینی ئەدەبی، کە چەندان جۆر و بەشی جیاوازی ھەیە، ئەگەر وشەی وتار بەرامبەر و بارتەقای essay ئینگلیزی و essai فەڕەنسی بێت، بە یەکێک لە گرنگترین شێوازەکانی نووسینی سەردەم دادەندرێت و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زیاتر بایەخی پێدەدرێت.
دەتوانین وتارەکان لە سێ بواری سەرەکییدا دەستنیشان بکەین:
یەکەم: بواری ڕووداوەکانی ڕۆژ
وتار نووسین لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ، سەرچاوەی سەرەکییان لە ڕووداوەکانی رۆژەوە دەسگیر دەبێت. ھەندێ ڕووداو روودەدەن, ناکرێت سەرپێی لێیان بڕوانیین و پێویستیان بە ڕاڤە و شیکردنەوەی زیاتر ھەیە، نووسەر ھاتووە سەرکەوتووانە بۆچوون و لێکدانەوەی بۆ ھەندێ ڕووداوی سیاسی کردووە، بە نموونە: "پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵی پێشەنگیان ھەبووە، کە پایە سەرەکیەکانی ئەو حکوومەتە بچەسپێنن لە لایەنی ئاسایش و ئارامی و ئاوەدانی و ئابووری بە تایبەتی بەرەنگاری پیلانی ناوەخۆ و دەرەکیش ببێتەوە، پارێزگاری لەو پێکھاتە مێژووییە سەرەتاییە گرنگە بکات تەنانەت متمانەی نێودەوڵەتیش مسۆگەر بکات. ل ٩"
دووەم: بواری ڕووداوی چاوەڕوانکراو: لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەی پێشتر ڕوویداوە، یان ڕادەگەیەنرێت, دەکرێت چاوەڕێی ڕوودانی ڕووداوگەلێک بکەین و بەر لە ڕوودانیان خوێندنەوەیان بۆ بکەین و ڕاوبۆچوونی خۆمان لە بارەیانەوە بخەینەڕوو.
سێیەم: بواری خود: زۆرێک لەو بابەتانەی کە لەو بوارە دەیاننوسیین, بەھۆی تێفکرین و کاریگەربوونمانە بە ڕووداوەکانی دەوروبەرەوە، پاشان لێکدانەوەی خودی بۆ دەکرێت.
ھەر بابەت و وتارێک لە کەرستە و پێداویستی خامەوە سەرچاوە دەگرێت، پاشان ھەر نووسەرە و بەپێی لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونی خۆی دەریان دەبڕێت و دەیان خاتە ڕوو.
وەڵامی بێدەنگیم، بەرھەمی ڕەنج و بیری"سامان حەمەدەمین"ە، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠١٧ نووسراوە.
Top