کورد سێ بژاردەی لە پێشە

کورد سێ بژاردەی لە پێشە
چارەسەری پرسی کورد لە عێراقی پڕ لە کێشەی سیاسی و ئەتنی و دینی و مەزھەبی و ناکۆک بە سیستەمی پێکەوە ژیان و دوژمن بە بنەماکانی دیموکراتی، پەیوەستە بە کۆدەنگی و یەکھەڵوێستی نەتەوەیی، جا بۆ ئەوەی لە قۆناغێکی ھەستیاری وەک ئێستادا کورد بتوانێ بەرگری لە پێگە و بوونی خۆی وەک نەتەوە بکات سێ بژاردەی لە پێشە، ئەوانیش: یەک لیستی و یەک فراکسۆنی و بایکۆتی پرۆسەی سیاسییە، ھەر یەکێک لەو بژاردانەش رووبەڕووی ئاستەنگی تایبەت بە خۆی دەبێتەوە، بۆ نموونە:ــ
بژاردەی یەکەم:ــ کورد بۆ ئەوەی بتوانێ لە بەغدا ھێزی بەرگری لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی ھەبێ، پێویستە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا یەک لیست بێ.
ئاستەنگی بەردەم ئەو بژاردەیە:ــ چەند حزبێک لە منداڵدانی کۆنەقنیدا ھەڵتۆقیەن و بە ژانی موزایەدەی سیاسی لە دایک بوون و بە حەز و خولیا و خۆزگەی رشتنی کۆنەقیننکەش زمانیان پژاوە و فێری گڕوگاڵی سیاسی بوون، خەونی مانەوە و گەورە بوونیشیان بەندە بە بەردەوامی سیحر و جادووی موزایەدە و گەیشتن بە حەز و خولیا و خۆزگەی رشتنی کۆنەقینەکە، یەک لیستیش ھەم سیحر و جادووی موزایەدەیان بەتاڵ دەکاتەوە و ھەمیش خەونی رشتنی کۆنەقینەکەیان دەزڕێنێ، بۆیە ھەرگیز دەستبەرداری سیحر و جادووی موزایەدە و خەونی رشتنی حەز و خولیا و خۆزگەی کۆنەقین نابن، چونکە بە دەستبەردار بوون لە سیحر و جادووی موزایەدە و حەز و خولیا و خۆزگەی رشتنی کۆنەقین دەپووکێنەوە، کەواتە یەک لیستی دەکرێتە خۆراکی بەردەوامی سیحر و جادووی موزایەدە و حەز و خولیا و خۆزگەی رشتنی کۆنەقینەکە.
بژاردەی دووەم:ــ وەک دەرکەوت یەک لیستی کرایە قوربانی فڕکانفڕکانی بەرژەوەندی حزبی، جا ئەگەر یەک لیستیش نەبێ، دەکرێ بە یەک فراکسیۆنی قەرەبووی نەبوونی یەک لیستی بکەینەوە، بەڵام ئەویش ئاستەنگی دێنە پێشێ:ــ
ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو بژاردەیەش:ــ یەک فراکسیۆنی واتا یەکھەڵوێستی و ھەنگاونانی ھاوبەشی قەوارە سیاسیەکان بە یەک ئاراستەدا، ئەو بژاردەیەش دەکەوێتە ژێر کاریگەری ھەژموونی بەرژەوەندی حزبی و دەستکەوتە کەسیەکانی پەرلەماتار، ئەو خولەی پەرلەمانیش ئەو راستییەی پێگوتین: کە ھەندێ فراکسیۆن لە بەغدا خۆیان دۆڕاندووە و ھەندێ پەرلەمانتاریش بە خۆدۆڕاندنی فراکسیۆنەکەیان دڵی دانەکەوتووە و خۆشی وەک پەرلەماتار بە دزی فراکسیۆنەکەیەوە خۆی دۆڕاندووە، بۆیە ئەگەر ھەنگاوێکی لەو بابەتە بنێن لەوە دەترسن ئاغاکانیان لەغدا ئەوەی بن بەڕەیان لێ بێننە سەر بەڕە، ھاودەنگی ھەماھەنگی ئەو فراکسیۆن و پەرلەماتارانەش لەگەڵ فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و ناوە ناوەش کۆبوونەوەی ژێر بە ژێریان لەگەڵ عەبادی و مالیکی باشترین بەڵگەی ئەو راستییەی سەرەوەن، دەنگدان بە حەشدی شەعبی و بێدەنگیان لە ئاست رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بێھەڵوێستیان لەسەر کارەساتەکەی خورماتوو و زۆر بەڵگەی تریش وەک نموونە.
بژاردەی سێیەم:ــ بایکۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق دوا بژاردەیە لەبەردەم کورد، بەڵام ئەو بژاردەیەش بێ گرفت و ئاستەنگ نییە و نابێ:ــ
ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو بژاردەیەش:ــ کورد ئەگەر بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکات، ھەندێ حزب دوو کارتیان لەدەست دەردێن، یەکەمیان ھێز وەرگرتن لە دوژمنان و ئاراستە کردنی ئەو ھێزە لە ململانێ سیاسیەکانی کوردستان، دووەمیشیان ئەو دەستکەوتە حزبی و کەسیانەیان لە دەست دەچن کە بە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی ئەو حزبانە لە دەستیان دەدەن، ئەو حزبانەش لەسەر ئەو دوو خاڵە دەژین و ئەگەر ئەو دوو خاڵەیان لە دەست دەربێن، لەو شەڕە حزبییە دەدۆڕێن کە ئامادەن پرسی کورد و دەستکەوتە نەتەوەییەکانیشی لە پێناودا بدۆڕنن، کەواتە ئەو بژاردەیەش وەک دوو بژاردەکەی تر ئەو حزب پەرستیە خۆش کە بەرچاوی نەتەوەیی لێڵ کردووین.
Top