پێویستە وانەی ھونەر ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکان

پێویستە وانەی ھونەر ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە پلانی فێرکردن و پرۆگرامەکان
فەیلەسوفی بە ناوبانگی یۆنانی ئەرستۆ دەلێ" ھونەر جۆرێکە لە جۆرەکانی چارەسەر".
پەروەردە بە شێوەیەکی گشتی واتە ھەوڵی گۆڕینی ڕەفتاری قوتابی و فێرکارە ، بەڵام پەروەردە ھونەری واتا ھەوڵی گۆڕینی ڕەفتارەکانی قوتابی لە رێگای پیادەکردنی ھونەری بەرەوباشتر بەو شێوەیەی کە سوودی لێ ببینین و زانیاری و شارەزاییان پێ ببەخشێت لە ھەمان کاتیشدا دەربڕی ناخی کەسەکانە لە رێگای ئەو ھونەرەی پیادەی دەکات.
ھونەر بە گشتی (مۆسیقا و شێوەکار و شانۆ و رۆشنبیری گشتی شیعر و پەخشان و تاد....) دەگرێتەوە ھەریەکێک لەوانە گرنگی و بایەخی تایبەتی ھەیە لە ژیانی کەسەکان بە تایبەتی و کۆمەڵگە و ووڵات بەگشتی ، ھەر ووڵاتێک گرنگی بە ھونەر و داھێنان و تەکاندان نەدات کەسە چاڵاک و داھێنەر و کاریگەرە بەتواناکان بزر دەکات لە کۆمەڵگە ، بۆیە پێویستە بایەخ بە ھونەر بدرێت لە ناخی قوتابی بچێندرێ لە رێگای وانەی ھونەری لە قوتابخانەکان لە ھەمان کاتیشدا ڕەفتارە ھەلەکان کەمتر دەبنەوە،دەتوانرێ سوو لە کاتە بەتاڵ و زۆرەکات وەربگیرێ لە کاروشتی باش چونکە گرفتی ڕاستەقینەی ژیانی ھەر مرۆڤێک کاتی بەتاڵە ئەگەر بە شێوەیەکی درووست و ڕاست ئەو کاتە بەکارنەھێنین بۆ سوود گەیاندن بە خۆمان و کۆمەڵگە ، ئەوا کاتێکی بە فیرۆدراو بە سەر چوو دەبێت وە بابەتی ھونەریش قوتابی ھان دەدات ئەوکاتەی ھەیەتی بەکاری بھێنێ لە بیرکردنەوە و ئەندێشە و داھێنان و توانایی لەسەر جێ بەجێ کردنی ئەو بیرکردنەوە و ئەندێشەیە لە رێگای وێنە و مۆسیقا و شیعر و نوسین و بوارە جیاوازەکانی تری ھونەر لە ھەمان کاتدا ھاندەرێکی باشی قوتابی دەبێت لە سەر دەربڕین کە پێویستە قوتابی ناخی خۆی دەرببڕێ لە رێگای ھونەر بە گشتی چۆن فێری بووە و بتوانێ لە رێگای بیرۆکەی پایەمەکەی بگەیەنێ ئەوەش ڕێگایەکی نوێی دەربڕینی قوتابی دەبێت ، لەھەمان کاتیشدا توانایی و داھێنانی قوتابی نیشان دەدات کە لەگەڵ بە سەر چوونی کات دەبێتە قوتابیەکی بلیمەت ، دەبینین کۆمەڵگە و ووڵاتە پێشکەوتووەکان شانازی بە ھونەرمەند و شاعیر و نووسەر و زانا و سەرکردە بلیمەتەکانیان دەکەن.
جگە لەوەش لە ووڵاتانی پێشکەوتوو گرنگی و بایەخی تایبەت بە وانەی ھونەر دەدرێت لە قوتابخانەکان وانەکان لەکاتی خۆیدا دەخوێندرێت و فەرامۆش ناکرێن و مامۆستای پسپۆری تایبەت بە ھونەر و جۆرەکانی لە قوتابخانەکان ھونەر بە بەقوتابیان دەلێنەوە بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی و کاتی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت ولە زۆریەی ووڵاتان ھەفتانە (٣)سێ وانەی ھونەری دەخوێندرێ و قوتابیان دەتوانن پیادەی حەز و ئارەزوو و خواستەکانی بکەن و بەھرەکانیان ببینرێ لەر ێگای بابەتی ھونەری کە لە پرۆگرامەکانیش گرنگی تایبەتی پێدراوە بە پێی پۆڵەکان، ھەر بۆ نموونە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی (٥)پێنج قوتابخانەی تایبەت بە فێربوونی ھونەری ھەیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تایبەت بە توانا و پسپۆر لە بواری ھونەری بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کە قوتابیانی دەرچووی قۆناخی نۆیەمی بنەڕەتی وەردەگرێت.
ئەگەر بە کورتی چاوێک بخشێنین بە خوێندنی ھونەر لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی دەبینین تاڕادەیەکی زۆر ئەو بابەتە فەرامۆش کراوە ناخوێندرێ و گرنگی پێنادرێ بگرە لەوانەیە لە زۆرێک لە قۆتابخانەکان لە خشتەی وانەکان بابەتی ھونەر بوونی نەبێت ئەگەر ھەبێت بزر بووە و بابەتی تر لە جیاتی دەخوێندرێ، لە رێگای ھونەرەوە دەتوانین بیرو ئەندێشەی قوتابی بکەینە کردار و پراکتیزە بکرێ فێری وێنەکێشان و چیرۆک نوسین و شیعر نوسین و جۆرەکانی تری ھونەر بکرێ ، بۆیە گرنگە وەزارەتی پەروەردە بایەخی تایبەت بە ھونەر بدات و ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە پلانی فێرکردن و لە پرۆگرامەکان بە پێی پۆڵ و قۆناخەکان پرۆگرامی تایبەت بە ھونەر ھەبێت لە قوتابخانەکان مامۆستای ھونەری پسپۆری دابین بکرێت و لە رێگای سەرپەرشتیارانی ھونەری بەدواداچوون بکرێ و بەرێوەبەری قوتابخانەکان ئەو بابەتە لە خشتەی وانەکان فەرامۆش نەکەن و لە کاتی پێویست پێشانگای جۆراوجۆری ھونەری تایبەت بە قوتابخانە بکرێتەوە و بەھرە و توانای قوتابیان دەربخرێ و لە داھاتوودا قوتابیە بەھرەمەندە ھونەرییە جۆراوجۆرەکان کەسانی بلمیەت و بەتوانایان لێ دەردەچێت لە بواری ھونەری کە مایەی شانازی میللەتەکەمان دەبێت ھەروەکو سەرۆکی وویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کینیدی دەلێ " نابێ لە بیر بکەین ھونەر وێنەیەک نییە لە وێنەکانی پڕوپاگندەی ڕامیاری بەڵکو وێنەیەکە لە وێنەکانی ڕاستی".

بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top