هزری گفتگۆ وئاشتیخوازی كورد بە سەر عەقلییەتی تاكرٍەویی بەغدا سەردەكەوێ.
February 13, 2018
وتار و بیروڕا
بەغدا بۆ ئەوەی میللەتی كورد ناچار بكات تەسلیم ئیرادەی دیكتاتۆریی و مەزهەبگەرایی یان بێ ، دەیانەوێت پرسی كورد و دۆزی كورد لە پرسی " مووچە دا بچووك بكاتەوە ..بۆیە ئێمە لە هەموو لایەكەوە داگیركراوین و دەبێت خۆمان لەو كۆت وبەندەی داگیركەران و رژێمی بەغدا رزگار بكەین و بڵێن یان كوردستان یانەمان ..
بێ سەروبەرییەكی بێ وێنە هەیە لەئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی عێراق جگە لەكێشەكانی دیكە. كەمیی خزمەتگوزارییەكان و بێكارییەكی زۆر لەناو وڵات هەیە، هەڵاوسانیش دۆخی هەژارانی ئێكجار قورس كردووە، سەدان هەزار كەس لە هەژاران تەنیا بۆ نەهێشتنی مەترسیی برسێتی، روویان كردۆتە دەرووبەری ناوچە پیرۆزەكانی عێراق و لە دەوروبەری مەرجەع و سیاسەتمەداران كۆبوونەتەوە، لەناو شارەكانیش سەدان كێشەی كۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە، لایەنە سیاسییەكان بە خەڵكی برسی چەندەها میلیشیایان دامەزراندووە و دیموگرافیایی ناوچەكان بەو كەسانە دەگۆڕن. لە عێراق نزیكەی 73 میلیشیا هەیە كە لەژێر چەتری حەشدی شەعبی موڵەتیان پێدراوە، هەموو ئەو میلیشیاتانە لایەنی سیاسی و عەشیرەتیان لە پشتە و پشتیوانییان دەكەن. مالیكی و سەرانی حەشدی شەعبی هەستاون بەدانانی رێكارێكی نوێ بۆ ئەوەی باڵیان بەسەر پەرلەماندا زاڵ بكەن. مافی دامەزراندنی فەوجێك، یان كەتیبەیەك بە پەرلەمانتاران و وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەرپرسە حزبییەكان دراوەو و ئەم مافە وەكو سیستمی جاشایەتی جاران مووچە و دامەزراندن و دەركردن و بەرزكرنەوەی پلە بەدەستی دامەزرێنەری ئەو فەوجەیە، ئەمەش وەهای لێدەكات ئەو جەماعەتە بەتەواوەتی سەر بەخۆی بن، باس لەوەش دەكرێت كە چەندین ئەندام پەلەمانی كورد وەك ئامر فەوجی جاشایەتی جاران لە سەردەمی بەعس فەوجی هاوشێوەیان وەرگرتووە.میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خۆیان بە پارێزەری عێراق هەژمار دەكەن و وەك خاوەنی عێراق هەڵسوكەوت دەكەن، هەڕەشە لەكورد دەكەن، هەوڵی بێوچان دەدەن بۆ ئەوەی پێكهاتەكانی كوردستان بكەن بە حەشدی شەعبی و پەیوەندی دەكەن بە هەموو كەسێك بۆ ئەوەی فەوجی حەشدی دامەزرێنێت، هەمان كاریان لەناو سوننەكانیش ئەنجام داوە، واتە سوننەكانیان پەرت كردووە و تووشی ململانێیەكی سەختی ناوخۆیی بوون. كورد خرایە ناو پرسی عێراق بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەكانی چارەسەر بكات و وەكو بڵانسگیرێك تەرازووی مەزهەبی هاوسەنگ بكات، بەڵام بە كوشتن و ئەنفالكردنی كورد وتەرحیلكردن ولەتلەتكردنیان . بە تاوانی قێزەونی دژی كورد، رێژەكەیان كەمی كرد و هەرگیز تازە ناتوانێت تەرازووی مەزهەبی هاوسەنگ بكات. دواتر بانگەشەی كورد كرا بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێكی ئەرێنی بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و ئاشتی لەعێراق، بەڵام بوو بە بەشێك لە ململانێیەكانی سەر دەسەڵات لەعێراق، ئەمەش تووشی چەندین گرفتی گەورەی كرد، كاتێك هێزی دەنگدەری كورد بوو بە پلەی سێیەم و چوارەم، بۆیە توانا و هێزی بەشداریكردنی لە دەسەڵات دابەزی بۆ ئاستێك لە پەراوێزی هاوكێشەی سیاسی بمێنێتەوە، ئەگەر كوردیش فریای خۆی نەكەوتبایە، ئەوە وەكو سوننەكان پەرت دەكران و وڵاتەكەشیان كاول دەبوو. بۆیە مانەوەی كورد لەناو پرسی عێراق هیچ یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كوردستان، بەڵكو پرسی كوردستان لەناو گێژاویی عێراق ون و دەتوێتەوە و دەبێ بەخێرایی رێگەی رزگار بدۆزێتەوە . خۆدزینەوە لە گفتوگۆ ،بەردەوامی ئابڵوقەدانی كوردستان ، گاڵتەكردن بە هەست و سۆزیی خەڵكی كوردستان لە رێگەی شەڕی دەروونی ، هاندانی لایەنە كوردییە بەكرێگیراوەكان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی ، ئاماژەی روونن كە بەغدا باوەری بە گفتگۆی ئاشتیانە نییە و دەبێ كورد بە شەڕ مافەكانی یەكڵا بكاتەوە ..هەڵسوكەوتەكانی بەغدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و هەروەها دوای داگیركاری 16ی ئۆكتۆبەری دەرخەری ئەو واقعییەن كە دەسەڵاتدارانی رژێمی بەغدا ئامادە نابن لەگەڵ كورد گفتوگۆ بكەن بویە، بەردەوام پێداگیری لە چەسپاندنی دەسەڵاتی رەها دەكەن بە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەرگریكردنی یاسایی و سیاسی دور لە توندوتیژی یە لە مافە رەواكانی هەرێمی كوردستان. بۆیە، ئەمەش پەیوەستە بە تەنازول نەكردنی هەرێمی كوردستان لە مافەكانی خۆی و چوونەوە ناو ركێفی سیاسەتی چەوت و شوفێنانەی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا. جا ئەم كەش و هەوایەی ئێستا لە پێناو هەڵبژاردن بێت، یانیش سیاسەتی راستەقینەی سەركردایەتی حزبی دەعوە بێت. ئەوەی ئێستا لە بەرچاوە، و ئومێدك بە چارەسەری قەیرانەك دەبەخشێت، هاتنە سەر خەتی ئەمریكا و فەرەنسا و ئەڵمانییە بو ناوبژێوانی. بەڵام، لە ئەگەری سەركەوتنی ناوبژێوانی، دەبێت دسەڵاتدارانی هەرێم قسەی یەكلاكەرەوەی خۆی بیخاتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەویش بە ئامادەبونی نەتەوەیەكگرتووەكان لە پێناو كۆتای هێنانی یەكجاری بە گەمەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە پرسی بودجە، هێزی پێشمەرگە و سنوری مادەی 140 بێنێت و دەرخستنی دادگای فیدرال لە ژێر ركێفی دەسەڵاتی سیاسی خوسەپێنەر و چەسپاندنی یاسا. هەروەها جێی سەرسوڕمانە، سەرۆكی پارلەمانی ئێراق، نوجیفی، لە ووتارێك كە سەفەری ئەم دوایەی خۆی بە ئەمریكا، ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێراق توشت قەیران بوتەوە و فیدرالی تەنیا چارەسەرە، ئەمە ئەو راستییە بومان دیار دەكات، هیچ كام لە سەركردە سەرەكی یەكانی ئێراق هەتا ئێستاش بڕوایان بە سیستەمی فیدرالی ئێراقی نەبویە و نییانە. بویە، ناكرێت كورد لە ئێراقێكدا بێت، كە حكومەت بۆ خۆی پێشەلكەری سەرەكی یاسای پەسەند كراو بێت، و لایەنەكانی دیكە ملكەچ بە پابەند بوون بە بریاری سیاسی خۆی بكات. لێكدانەوەی گشتی بۆ دۆخی ئێستا ئەوە دەردەخاتەوە، بەغدا هەوڵی جدی دەدات بارگرژییەكی یەكجار گەورە بو هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی پەیوەندی نێودەولەتی و هەرێمایەتی دروست بكات. بەغدا بە متمانەوە هەولی بەرتەسك كردنی پەیوەندی یەكانی هەرێم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدات. سیاسەتێك، كە تەنگ بە هەرێم دەچنێت و دۆخەكە یەكجار ناجێگیر دەكات. ئەویش رێگریكردن لە ئازادی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان.لێرەدا بەغدا هیچ رێگەیەك جگە لە شەڕكردن و یەكلاكردنەوەی لە بەردەم بەغدا و هەولێر ناهێڵێتەوە. لە كۆتاییدا عەقڵ و لۆژیكی ئاشتیخوازی و گفتگۆی كورد بە سەر بیری تاكرٍەویی و شەرانگێزی و ئابڵوقەدانی بەغدا سەردەكەوێ.