رۆژی9/25 جەژنی گشتپرسییە بۆ كوردستان

رۆژی9/25 جەژنی گشتپرسییە بۆ كوردستان
گشتپرسی بریتیە لە دەنگدانی راستەوخۆ بۆ هەڵبژاردنی وەڵامێك" بەڵێ" یان"نەخێر" لەسەر پرسێكی دیاریكراو، بە مانایەكی دیكە، گشتپرسی ڕێگەیەكە هاونیشتیمانیان دەیانەوێت بەشداری راستەوخۆیان هەبێت لە پرسە چارەنووسازەكاندا. بۆ نموونە لە ١٨ی سێپتمبەری ٢٠١٤ دانیشتوانی سكۆتلاندا گشتپرسیان ئەنجامدا بەمەبەستی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە شانشینی بەریتانیا.
گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی مافێكە یاسا نێودەوڵەتییەكان بەگشت گەلانی جیهانی داوە، مێژووی تاڵ و رابردووی پڕ ناسۆر، سەڵماندویەتی خاكی هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لە عێراق، سەرچاوەی ئەو هەموو نەهامەتی و دەردەسەریەی بەسەر كوردستاندا هاتووە ئاكامی ئەو غەدرە بووە كە بە زۆر كوردستان بە عێراقەوە گرێدراوە، ئەم پێكەوە لكاندنە زۆرەملێیەش هەموو كات سەرچاوەی كێشە بووە، تا ئەم غەدرەش راست نەكرێتەوە، ئەوا عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
لە ماوەی چارەگە سەدەیەكی رابردوودا، هەرێمی كوردستان توانیی نموونەیەكی تازە و جوان پیشانی هەموو جیهان بدات، هەروەها توانیوویەتی چەندان خاڵی بەهێز دروست بكات كە سەرنجی وڵاتە پێشكەوتو و زڵهێزەكان بە لای خۆیدا رابكێشێت، لە بەرانبەریشدا دونیا بەشێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات.
گشتپرسی، وەك پرسێكی گرینگ و هەنووكەیی، ماوەی چەند ساڵێكە، بووەتە جێگەی قسە و باسی زۆر، بەڵام لە دوای دەستنیشانكردنی كاتەكەی"25 ی ئەیلوولی 2017" گشتپرسی و سەربەخۆیی، چووە قۆناغێكی دیكەوە، ئیدی بووە واقیعێكی بەرجەستەكراو كە دەبێت سەرجەم پارتە سیاسیەكان وەك دەرفەتێكی مێژوویی لێی بروانن و كاری بۆ بكەن.
گشتپرسی توانی گوتاری سەرجەم پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكبخات، تەنانەت بەو پارتە سیاسیانەش كە پێیانوایە لە ئێستادا گشتپرسی سەركەوتوو نابێت، یاخود بیانوگەلێكی بێ بنەما بۆ نەكردن و دواخستنی دەدۆزنەوە.
كورد خاوەنی هەموو خەسڵەتێك و هەلومەرجێكی لەبارە، هیچی لەو میللەت و نەتەوە پێشكەوتوانەی سەر گۆی زەویی كەمتر نییە و شیاوی ئەوەیە: خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت و لەنێو نەتەوەكانی جیهاندا سەر بڵندانە ئاڵای نەتەوەكەی بدرەوشێتەوە.
جەژنی گشتپرسی و شەمەندەفەری سەربەخۆیی، وەها بە سانایی نەگەیشتووەتە ئەم وێستگەیە، بەرهەمــی شەونخونی و خەباتی بێ پچرانی سەدەیەكی كوردە.
Top