كاڵبوونەوەی نەتەوایەتی و تۆخبوونەوەی حزبایەتی

كاڵبوونەوەی نەتەوایەتی و تۆخبوونەوەی حزبایەتی
حاڵەتێك لە دیمەنی گۆڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆی باشووری كوردستان دەبیندرێ، ئەویش كاری بە ئاشكرای حزبییە بۆ كاڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی، بە سەرنجدان لە نەتەوەكانی سەردەست، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە وێڕای مێژووی دوورودرێژیان لەگەڵ حزبایەتی بە هەموو جۆرەكانییەوە، تەنانەت بە حزب و گرووپە ئیسلامییە توندڕۆیەكانیشیانەوە، كار بۆ نەتەوەكانیان دەكەن، حزب و گرووپی ئۆپۆزسیۆنیشیان بە ئەڵڵاهو ئەكبەر پەلاماری كورد دەدەن، سەر و ماڵی بە حەڵاڵ و غەنیمەی شەڕ دەزانن، تەنانەت حزبە چەپ و كۆمۆنیستەكانیان، كار بۆ نەتەوەكانیان دەكەن، بەدبەختی كورد لەوەدایە فیكری چەپ و كۆمۆنیستی و ئیسلامی سیاسیشی هەر لە رێی دەستی دوو، لەرێی نەتەوە سەردەستەكانەوە وەرگرتووە.
ئێستا لەم هەرێمەی ئێمەدا، حزبی بە ناو نەتەوەیی لەبەر ناكۆكیی حزبی، كار بۆ ئەوە دەكات كورد بە هەڵە دابنێ كە ئاستی داخوازییەكانی بەرز دەكاتەوە، یان بە بیانووی ئەوەی حزبێك وا هەست بكات دەسكەوتی حزبیی لە كەمی داوە، دەبێ كار بۆ ئەوە بكات بەرامبەر داوای خەڵك بووەستێتەوە، هەموو مەسەلەیەكی وڵاتی ئێمە بە چاوی ململانێی ناشەریف خوێندراوەتەوە، راست نییە لە روانگەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەوە سەیری رووداوەكان كرابێت، بەڵكو لە روانگەی بەرژەوەندیی حزبییەوە رووداوەكان شەن و كەو كراون و دەكرێن، ئەگەر زیانی بۆ حزب هەبوو بڕوبیانووی بۆ دەدۆزنەوە.
بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمان، لە هەموان دەخوازێ ئەگەر خوار و خێچییەكیش لە كاروانی خەبات هەبووبێت، ئەوا پێویست دەكات سەیرێكی دەوروبەری خۆمان بكەین، بزانین نەتەوەكانی سەردەست كە دەوڵەتیان هەیە و خاكی كوردستانیشیان داگیركردووە، كەچی هێشتا نەتەوەییانە بیر دەكەنەوە و داخوازییەكانی ئێمە بە مەترسی بۆ خۆیان لێك دەدەنەوە، بۆ دژایەتیكردنی ریفڕاندۆم، عەرەب و تورك و فارس، بێجگە لە ژمارەیەكی كەمی هەڵبژاردەی رووناكبیریان، دەنا بە تەواوی بیروبۆچوون و حزبەكانیانەوە بەرامبەر داواكاریی خەڵكی كوردستان لە رێی ریفڕاندۆم نەك لە رێی شەڕ وەستانەوە، كەچی لای خۆشمان هەندێ لایەن شاییان دەزگیدا دەگەڕا، پێیان وابوو بە وەستانەوە بەرامبەر ریفڕاندۆم بەرامبەرەكەیان لە زەوی داوە، بۆیە بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكەن، ئەوەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئەوە خەتای هەولێرە نەك بەغدا، ئەم خوێندنەوەیە بۆ بەغدا دەسكەوتێكی گەورەیە كە لە رێی خوا پێشكەشی دەكرێ، بەغداش زۆر زیرەكانە بەكاری دەهێنێت، تەنانەت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی بوودجەوە، حەیدەر عەبادی گوتبووی هەندێ لایەنی كوردستان داوام لێدەكەن مووچە نەنێرم. گەندەڵی و ناكۆكی پەتای كوشندەن، لێ نابێ ببنە پاساو بۆ رێگەگرتن لە بەرزكردنەوەی ئاستی داواكاری.
ئێستا كۆمۆنیست و هەندێ كارەكتەری ناو حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان، زۆر نەتەوەییانەتر لە هەندێ لایەنی نەتەوەیی بۆ كوردستان تێدەكۆشن، كەچی هەندێ لایەن بەغدا بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر دەقۆزنەوە، كاتی ئەوەیە قسەیەكیش لەم دیاردەیە بكرێت.
Top