ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە پەند لە مێژوو وەربگرین؟
February 11, 2018
وتار و بیروڕا
ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم هەندێ کەس و دەستە و گرووپی سیاسی کورد هاوشێوەی دوژمنان و بگرە خراپتریش بەسەر سەروەریەکانی مێژوودا دەڕشێنەوە و سووکایەتی بە دەستکەوتەکانی ئێستا دەکەن و ئاستەنگیش لەبەردەم هەنگاوەکانی داهاتووش درووست دەکەن، ئەو کەس و دەستە و گرووپانەش یا ئەوەتا لە سەروەریەکانی مێژوو بێ بەشن، یا ئەوەتا خاوەنی مێژوویەکی رەشی پڕ خەتا و تاوانکارین، بۆیە چاویان بە سەروەریەکانی مێژوو و دەستکەتەکانی ئێستا هەڵنایات، جا بۆ شاردنەوەی مێژووی رەشی خۆیان چۆنی بۆیان بکرێ ئاوا مێژوو دەشێوێنن و بێ بەها لە دەستکەوتەکانی ئێستا دەڕوانن و داهاتووش دەدەنە بەر نەشتەری بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بەوەش کۆمەڵگا تووشی دابەش بوون و گرووپبەندی دەکەن وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێ.
مێژووی کورد و داگیرکارانی کوردستان پڕیەتی لە وانە، گرنگترین وانەش ئەوەیە دوژمنان بە هەموو جیاوازی و دوژمنایەتی کۆن و نوێیانەوە، لەسەر دژایەتی کردنی پرسی کورد کۆکن و بەردەوام شەڕی لەناوبردنی کوردیان کردووە، ئەوە کەرکوک و هاوپەیمانێتی فارس و عەرەب و تورک، ئەوە گەرمیان و (ئەنفال)ی عەرەب، ئەوە سنە و مهاباد و (نەسر)ی فارس، ئەوە ئامەد و عەفرین و چڵە زەیتوون و (فەتح)ی تورک، ئەوە هەڵەبجە و کیمیاباران، ئەوە بارزانیەکان و بڕیاری کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی نێرینە، ئەوە راگواستن و کاولکردنی کوردستان، ئەوە دەیان و سەدان کارەسات و نەهامەتی تر کە کورد لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەری هاتوون، ئەوەی لەو ناوەدا پرسیارە و پێویستی بە وەڵام هەیە، زۆرێک لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان تا ئێستاش نایانەوێ پەند لەو وانە مێژووییانە وەربگرن، تا ئێستاش پرسی حزب و بەدەسهێنانی دەستکەوتی حزبی و کەسی نەک هەر پێش پرسی کورد دەخەن، بەڵکو پێش پاراستنی کورد و بەدەستهێنانی دەستکەوتی نەتەوەییشی دەخەن، لێرەوە دوژمنان دەبنە بڕیار بەدەست و چۆنیان بوێ پرسی کورد ئاوا بە لاڕێدا دەبەن.
ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە پەند لە مێژوو وەربگرین؟ ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە وەک بە بەرگ و زمان کوردین، بە هەڵوێست و ئاکار و رەوشتیش کورد بین و کوردانە بیر بکەینەوە؟ ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە کوردایەتی لە حزبایەتی بە گەورەتر و پیرۆزتر بزانین؟