دەستنوێژی کوردایەتی

دەستنوێژی کوردایەتی
لە دانێشتنێکی فرە رەنگدا وەک هەر دانیشتنێکی تر باس و خواس هاتە سەر سیاسەت و وەسف و ستایشی ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە، هەرچی یەکێتیەکان بوون کەوتنە پیاهەڵدانی مام جەلال، گۆڕانەکانیش وێڕای پشتگیریان لە یەکێتیەکان وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان نەوشیروان مستەفایان بە داهێنەر و باوکی هەژاران ناو دەبرد، ئەوەی کە مایەی سەرنج بوو یەکێتی و گۆڕانەکان وەک بەندبێژەکان بۆ یەکتریان دەگوتوو بۆ یەکتریان دەستاندەوە، تا دەهات وەسف و پیاهەڵدانەکان گەرم دەبوون و هەستم دەکرد توانجیش لە من دەگرن، منیش بێدەنگیم هەڵبژاردبوو، تا یەکێک لە ئامادەبووان گوتی: کاکی پارتی بۆچی تۆ بێدەنگی؟ نە باسی مەلا مستەفا دەکەی و نە باسی مەسعود بارزانی؟ خۆ ئەوەندەی من ئاگادارم تۆ زۆر بە مەلا مستەفا و رێبازەکەی سەرسامی، زۆریش پشتگیری هەڵوێستەکانی مەسعود بارزانی دەکەی.
کورد گوتەنی شەڕ دەرگای پێگرتووم و ئەگەر نەیکەم خوا دەمگرێ، زۆر بە هێواشی گوتم: من لە ئێستادا هەست بە بوونی کێشە دەکەم، بۆیە حەز ناکەم باسی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی بکەم.
دووبارە هەمان برادەر هەڵیدایە و بە توانجەوە گوتی: دەی دەی تۆش کەمێک باسی ئەوانمان بۆ بکە.
دووبارە گوتم: برا گیان.. گوتم هەست بە بوونی کێشە دەکەم.
برادەرەکە گوتی: کێشەی چی؟
گوتم: کێشەم ئەوەیە ئێوە دەستنوێژی کوردایەتیتان نییە، بۆیە ناکرێ باسی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی بۆ کەسانێک بکەم کە دەستنوێژی کوردایەتیان نەبێ، ئەگەر هەر حەزیش دەکەن باسیان بکەم، بڕۆن دەستنوێژی کوردایەتی هەڵبگران و رووەو رووگەی سەربەخۆیی کوردستان دوو رکات نوێژی کوردایەتی دابەستن، دوای ئەوە منیش باسی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی دەکەم.
Top