وەرزی درۆیان

وەرزی درۆیان

هەر چوار ساڵ و جارێک لەگەڵ نزیک بوونەوەى هەڵبژاردنەکان، گەواڵە هەوری وەرزی درۆیان بە بەڵێنی ساختە و موزایەدەی بەربژێرانی پەرلەمان دەست بە گۆڵەگۆڵ دەکەن و رێژنەی درۆ بەسەر دەنگدەراندا دەبارێنن، بە بەڵێنی درۆیین و قسەی باق و بریق و چەواشەکاری بەهەشتێک لە خەیاڵ درووست دەکەن و بۆ هەر دەنگدەرێک فیردەوسێک و حەفتاودوو حۆری دابین دەکەن.
لە مانگی بانگەشەی هەڵبژاندندا هەندێ قەوارە بە شێوەیەک دەیانچاد کە گەورە و بچوک دەیانزانی کە نێتی دروونەوەیان نییە، فەرشی رەنگاڵەی درۆیان بۆ دەنگدەران رادەخست و دیموکراتی ئەوروپا و رۆژئاوایان بە کۆپی کراوی دەگواستەوەوە کوردستان، خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییان بە تەرازووی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگادا دابەش دەکرد.
قەوارە ئیسلامیەکان و لەناو ئەوانیشدا قەوارەیەک بە دیاریکراوی بە بەڵێنی درۆیین دڵی دانادەکەوت و دەکەوتە هەرشە کردن لە دەنگدەران، دەروازەی پردی سیراتی دەکرد هۆڵی دادگا و پەنجەکانی دەنگدانیشیان دەکردە داواکاری گشتی و سکاڵایان لەسەر ئەو دەنگدەرانە تۆمار دەکرد کە بێ رزامەندی ئەوان و وەک ئەو ویستوویانە دەنگایان نەداوە، دوای سووکە دادگایی کردنێک دەرگای بەهەشتیان بە رووی ئەو دەنگدەرانەدا دەکردەوە کە دەنگیان بە قەوارەکەی ئەوان داوە و باقی دەندەرانی تریشان فڕێ دەدایە بن کڵەی دۆزەخ.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەربژێران دەبن بە دوو بەشەوە، ئەو بەشەی دەرچوون و گەشتوون بە پۆستی پەرلەمانتاری، دەکەونە چنینەوەی دەستکەوتی حزبی و دابین کردنی بەرژەوەندی تایبەتی بۆ خۆیان و کەسە نزیکەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدەن بە رێژنە درۆیەکی تر رێژنە درۆکانی مانگی بانگەشەی هەڵبژاردن پینە بکەن، هەڵوێستی پەرلەمانتارانی چەند قەوارەیەک و ژاوە ژاو و دەهۆڵ کوتانیان لەناو هۆڵی پەرلەمان باشترین بەگەی ئەو راستییەن، ئەو بەشەش کە چانسی دەرچوونیان نەبووە، بە رێژنەی موزایەدەی سیاسی دەکەونە پینە کردنی درۆکانیان و دەڵێن: ئەگەر لە هەڵبژاردن دەرچووباین هەموو ئەو بەڵێنانەمان جێبەجێ دەکردن کە بە دەنگدەرانمان دابوون.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان جارێکیتر بازاڕی خەندەی بەربژێران و نەرمونیانی قەوارە سیاسیەکان گەرم دەبێ، بۆیە پێوستە دەنگدەر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هاشوهووش و بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژادنەکان بکا و لانی کەم لە کاتی دەنگداندا راستگۆیی بەربژێران و هەڵوێستی کوردانەی قەوارە سیاسیەکان لەبەرچاو بگرێ.
Top