ورد نابێ‌ چیتر چارەنووسی بە عێراقێكی دیكتاتۆر،مەزهەبی و تائیفیەوە گرێبدات ..

ورد نابێ‌ چیتر چارەنووسی بە عێراقێكی دیكتاتۆر،مەزهەبی و تائیفیەوە گرێبدات ..

ناكرێ‌ دەیان ساڵی تر چاوەروان بین تا كو دەرفەتێكی تر بێتە پێشەوە تا ئێمەش هاوشێوەی نەتەوەكانی تر ناوچەكە و جیهان ببینە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆمان ، بەڵام داگیركەران هەر جارەوە كورد لە مافەرەواكانی نزیك بوو بێتەوە ئەو چ خۆیان راستەو خۆ و چ كۆیلە و بەكرێگیراوەكانیان كۆسپ و تەگەرەیان دروستكردووە . بۆیە گەر هێمەتێكی گشتیر و فراوان نەكەین و چاوەڕوانی ئەوە بكەین عەرەب و تورك و فارس و زلهێزەكانی دونیا لەیەك كاتدا بگەنە ئەو رایەی كە سەربەخۆیی كورد قبول بكەن، رەنگە ئەم رایە چەندان سەدەی تریش دروست نەبێ، بۆیە هەنگاوی سەربەخۆیی لە ئیرادەی گەل سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش جورئەتێكی سیاسیانەی كارامەی دەوێت‌و دەبێ ئەم ریسكە بكەین، مێژوو سەلماندویەتی ئیرادەی گەلان بەسەر بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتان زاڵ بوونە، بە تایبەتی لە كاتی ئێستا سەرەڕای دروستبوونی دەرفەتێك لەسەر ئەرزی واقعی و گۆڕانكاری گەورە لە تێڕوانینێكی دەوڵەتەكانی هەرێمی و جیهانی دروست بووە، ئەم گۆڕانكاریە گەورەیەی بەڕێوەیە لە ناوچەكە، لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە وابەست نەبوون بە نەخشەی ئینگلیز، كە نزیكەی سەدەیەكە ئاژاوەو كوشتن و بڕین و چەندان كارەساتی ماڵویرانكەر زیاتر نەیتوانی ئارامی دروست بكات، سەرەڕای كەوتنە ژێر مەترسی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی زلهێزەكان‌و پارسەنگی ئابووری نوێ و بلۆك بەندی ئابووری بەهێز دروست بوونە، كە هەڕەشەی احتواكردنی ئابووری جیهان دەكەن، لەلایەكی تر پێشكەوتنە تەكنەلوژیاكان ئەوەندە خێران، بواری بیركردنەوەی درێژخایەن نادەن، كە بەرژەوەندییە سیاسیەكان بەپێی شوێن و كات لە گۆڕانی بەردەوام دان. ئەگەر پەلە نەكەین لە هەنگاوێكی لەم جۆرە لە شەمەندەفەری خێرایی پێشكەوتن دوا دەكەوین. رەنگە باوی هەندێك چەمكی تەقلیدی نەمێنێ، ئەمەش بە ئاشكرا هەستی پێ دەكەین، كە عەولەمەو جیهانێكی یەك رەنگ هەڕەشەن لە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە، لە كاتێك گەلان بەم خێرایە هەنگاو بهاوێژن و ئێمەش هەر لە ئەگەری بڕیاردان‌و بڕیارنەدان بخولێینەوە. كارەساتێكی گەورەیە گەلێكی پەنجا ملیۆنی بەم پەرتەوازەیە بێ دەوڵەت بمێنێتەوە. بۆیە ناكرێت تا سەدەیەكی تر هەر لە چاوەروانی و بێدەوڵەتیی و لە ژێر هەرٍەشە و گۆشار و ئابَلۆقەدانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی بمێنینەوە ..
بەدرێژای دەسەڵاتی پاشایەتی و كۆماریەكان و بەدرێژایی 83 ساڵی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی كەمینەی سونە مەزهەب باڵادەست بوون و هەمیشەش شیعەیان وەك هاوڵاتی پلە دوو سەیركردوە و تەنها بە ڕەمزی بەشداریان لە دەسەڵاتدا پێكردوون وەك چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كوردیشدا كردوە..بەڵام دوای ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003وە و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە زۆرینەی شیعە مەزهەب بونەتە باڵادەست و گەرەكیانە تۆڵەی 83 ساڵەی ڕابووردوو لە سونەكان بكەنەوە بە كوشتن و پەراوێزخستن و بچوككردنەوەیان و دەركردنیان لە چوارچێوەی بڕیار و ناوەندی بڕیاردا و بە كردارەكیش هەروایان كردوە وماوەی ئەم 15 ساڵەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی عێراق نقومی خوێن و فرمێسك بوە و ماكینەی جەنگ و ململانێكان لە سوڕانەوەیەكی مەترسیداردان و عێراق و گەلەكەی بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبەن.ململانێ‌ سیاسیەكان لە ئێستادا هێندە توندبونەتەوە كە هەموو هێڵە سوورەكانیان بەزاندوە و مەترسی جدی دروست بوە بۆسەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەكانی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی و ئەگەری نەمان وسڕینەوەی دەوڵەتێك هەیە بەناوی عێراق لەسەر نەخشە و جوگرافیای ناوچەكەدا. لە لایەكی دیكەوە میللەتی كورد و خاكی بە زۆرلكێنراویی بە عێراق هیچ كات كێشەی مەزهەبی و تائیفی نەبووە تەنیا خەباتی لە پێناو گەرٍاندنەوەی نیشتیمانی داگیركراویی كردووە . هەروەها كورد تا ئێستا دۆستی ڕاستەقینە و ڕاستگۆی نیە و هەموو بەناو دۆستەكانی ناوچەكەی لە عەرەب و تورك و فارس یەكو یەكگرتوون دژی مەسەلەی كورد و كورد هیچ كات نابێت پشتیان پێ‌ ببەستێت. دۆستەكانی دەرەوەشمان لە ئەوروپا و ئەمریكا و ڕوسیادا ئەوەندەی مەسەلە گەورەكەی ناوچەكەیان لا مەبەستە نیوهێندە مەسەلەی كوردیان لا مەبەست نەبوو .
لە مێژووی تەمەنی دورستبوونی رۆژێك نەبووە ئەم خاكە خاوەنی سیستەم و حكومڕانیەتێكی دیموكرات و مەدەنی بێ‌، بەڵكو عەقلیەتێكی پاشكەوتوو بە بەرگێكی دیموكراتخوازی سەردەمیانەو پێشكەوتوو فەرمانڕەوایەتی ئەو خاكەی كردووە، سیستەمێكی لەم جۆرە لە نێو كۆمەڵگەو پێكهاتەیەكی وا ئاڵۆز زۆر ئاسانە بە ماوەیەكی كورت دیكتاتۆر بەرهەم بێت و دەست بەسەر جومگەكانی حكومڕانی دابگرێت، مێژوو شاهیدی بۆ ئەم قسەیەم دەدات، سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوو عێراق لە ئەنجامی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزو براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم، وەك وڵاتێك ناتەواو و ناوەخت لە دایكبوو، لە دایكبوونی خێر لەخۆ نەدیوو، كە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ گەلانی سەر ئەو خاكە باجی ئەو پزیشكانە دەدات، كە نزیكەی یەك سەدە بەر لە ئێستا نەشتەرگەری لە دایكبوونی دەوڵەتە ناتەواوەكەی عێراقیان ئەنجام داوە.قەدەری ئەم خاكە وایە، كە خاوەن پێكهاتەیەكی زۆری نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیە، ئەمەش وایكردووە هەر كاتێك نەتەوەیەك یا ئایینێك یا مەزهەبێك باڵا دەست بێت، ئیتر بە دەرفەتی زانیوە نەتەوەو ئایینی و مەزهەبەكانی تر بچەوسێنێتەوەو مافەكانیان ژێردەست بخات، دواجار خۆی لە شێوەی سوڵتان و ئەوانی تریش لە شێوەی كۆیلە وێنا بكات، ئەمەش مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت، سەردەمانێك سوڵتانە زاڵمەكەی عێراق عەرەبە سوننەكان بوون، ئێستاش عەرەبە شیعەكانن. لەم نێوەندەشدا هەردەم نەتەوەی كورد خۆیو خاكەكەی ئامانجی ئەو زوڵم و زۆردارییەی عەرەبی عێراقی بووە بە شیعەو سوننەوە، لە دوایی گۆڕانكارییەكانی 2003ی حكومڕانی لە عێراق، گشت نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان هەناسەیەكی ئارامی و پێكەوە ژیانیان بۆ ئایندەی خۆیان هەڵمژی، بەڵام هێندەی نەبرد هەوای پاكی ئازادی و پێكەوەژیان بە تەوژمی ناكۆكیەكانی نەتەوەی و مەزهەبی و ئایینی پیس بوو، قوڕگ و سیەكانی ئومێدخوازان بە دوارۆژێكی گەش بۆ ئەو وڵاتەی دووچاری نەخۆشی درێژخایەن بوو، دوێنی (جەعفەری و مالیكی) و ئەمڕۆش (عەبادی) بە درێژایی 15ساڵ نەیانتوانی بەرگ و عەقلیەتی دیكتاتۆری مەزهەبی فڕێ‌ بدەن، بۆیەشە ئایندەی عێراق و عێراقیەكانیان بە ئەمڕۆ گەیاند، من دەپرسم ئاخۆ كاتێك سێ‌ كارئەكتەری وەك (جەعفەری،مالیكی،عەبادی) دەرچووی یەك قوتابخانەو پڕۆگرام و سیستەمی ئایینی و سیاسی ئەم وڵاتە بن ئیتر چ ئومێدێك هەیە، كە ئەوەی ئێستا دەوڵەتەداری عێراق لە هاوسەنگەرانی پێشخۆی باشتر دەبێ‌، بە تایبەتی بەرامبەر بە كوردو مافەكانی لە عێراق..؟ ئایا بۆ عەبادی رازی بوونی وڵاتێكی وەك ئێران و مەرجەعیەتی شیعە، كە خۆی لە عەلی سیستانی گەورە مەرجعی شیعەی عێراق دەبینێتەوە، گرنگترە یا نەتەوەی كوردو دەسەڵاتدارانی؟ بۆیە من پێموایە كورد لە ماوەی چەندین ساڵی رابردووی خەباتی شار لە عێراق، گشت كارتەكانی خۆی بەكارهێنا و ویستی بنیاتی عێراقێكی دیموكرات و فیدرال بنێ‌، كە لە چوارچێوەی ئەم جۆرە عێراق رۆژێك بێ‌ بە ماف و داخوازییەكانی شادبێ‌، كە بە درێژایی یەك سەدە نەیتوانیوە پێی بگات.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە كورد و گشت لایەنەكان نێوماڵی خۆیان رێكبخەن بە ئامانجی گەرٍاندنەوەی خاكی داگیركراو و چەسپاندنی مافەرەواكانی چ لە چوارچێوەی دەستوور یانیش بەكارهێنانی كارتی میللەت كە ریفراندۆمی سەربەخۆییە بۆ جیابوونەوەی لە عێراقی پر كێشە و ئاڵۆزدا.
Top