چاکسازیی راستەقینە
February 7, 2018
وتار و بیروڕا
چاکسازی بەندە بە ئاستی رۆشنبیری و پێشکەتنی کۆمەڵگەوە، لە ھیچ قۆناغێکی مێژوودا، پڕۆسەی چاکسازی بێ گیروگرفت نابێت لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی نارەوای ھەندێ کەس دەکەوێتە مەترسییەوە، ئیتر دەست دەکەن بە نارەزایی لابەلا، دڵگرانبوونی رێژەیەکی کەمی خەڵک، بەڵام ھەر ھەنگاوێکی راستەقینە بەرەو چاکسازی، یەکسان دەبێت بە بەرزبوونەوەی کێرڤی رازیبوونی جەماوەر و جوانترکردنی دەسەڵات.
چاکسازی پێویستی بە زەمینەیەکی لە بار ھەیە، ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕدەبێت، وەک ھەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیھانە پێویستی بە چاکسازی و پێداچوونەوە ھەیە.
دروستکردنەوەی متمانە بەوە دەکرێت کە لە بڕیارەکانی چاکسازی بەرژەوەندی خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت و مووچەخۆر لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە بێت، دەستبکرێت بە پرۆسەی سزادانی ئەوانەی لەسەر حیسابی سامانی گشتی دەوڵەمەند بوون، داھاتەکان شەفافتر بکرێن و ھەموو جۆرە نادادیەک لە دابەشکردنی سامان و پۆست و وەزیفەی گشتی پێداچوونەوەی بنەڕەتی پێدا بکرێت، قۆرخکاری نەمێنێت، بازرگانی لە بەرپرسە باڵاکان قەدەغە بکرێت، موڵک و ماڵی ھەرێم پارێزراو بێت و نەھێڵدرێت چیدیکە زێدەڕۆیی بکرێتە سەر، چاکسازی دەستپێکێکی باشە بۆ ئەوەی راشکاوانە پەنجە بخرێتە سەر برینەکان.
ھیچ کەسێک لە چارەنووس و ئیرادەی گەل باڵاتر نییە، میللەتیش دادپەروەری و نوێبوونەوەی دەوێت، چارەنووسمان بە سەرکەوتنی چاکسازییەوە گرێ دراوە، دەبێ بڕیارەکانی چاکسازی ھەموو سێکتەر و کەس و لایەنێک بگرێتەوە، نابێ کەس حەسانەی ھەبێت و نابێت ھیچ بابەتێکیش ھێڵی سوور بێت.
چاکسازی پرسی مانەوە و زیندووێتی دامەزراوەکانە، ھیچ دامەزراوە و دەزگایەک بەبێ چاکسازی توانای بەردەوام بوونی نییە، چەندە پرۆسەی چاکسازی دوابخرێت، دەرھاویشتە نەرێنییەکانی زیاتر دەبێت.