کورد لەناو بەرداشە دژەکاندا
February 7, 2018
وتار و بیروڕا
ئەوەی کە دەمەوێ لەو کورتە باسەدا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە کە بارزانی نەمر بەردەوام لە سێرەی تیرۆریستی هەرچوار داگیرکارەکەی کوردستاندا بووە، بە مەبەستی تیرۆر کردنیشی چەندین جار پارە تەرخان کراووە و پیلانی هاوبەشیان بۆ تیرۆر کردنی داڕشتووە، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٣و لە کاتی دەرچوونی لە سلێمانی و گەڕانەوەی بەرەو مەڵبەندی شۆڕش و بەرخودان، هەر یەک لە رژێمەکانی ئەوکاتی ئێران و عێراق بڕی پەنجا هەزار دیناریان کردە خەڵات بۆ هەر کەسێک بارزانی نەمریان بە مردوویی یان زیندوویی رادەست بکات، یان لە کاتی رێڕەوە مێژووییەکەی روباری ئاراس رژێمەکانی ئێران و عێراق و تورکیا بۆ لەناوبردنی بارزانی نەمر و هەڤاڵەکانی چوونە ناو قەفەسی پیلانگێڕییەکی دوژمنکاری، لەوانەش مەترسدارتر ئەو پلانە تیرۆریستیە بوو کە لە ساڵی ١٩٧٢و بۆ تیرۆر کردنی بارزانی نەمر گێڕایان و بە پەرجوو رزگاری بوو، کاتێک چەند مەلایەک بەناوی سەردانەوە خۆیان تەقاندەوە.
جگە لەوەش کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانیش بەردەوام هەمان سێرەی تیرۆریستی داگیرکارانی کوردستانیان لەسەر بووە، وەک ئەوەی لە ساڵی١٩٧٤ کاک ئیدریس بارزانی بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدای کرد و هەوڵی تیرۆر کردنیان دا، بۆ تیرۆر کردنی سەرۆک بارزانیش بەردەوام بە دوای دەرفەتدا گەڕاون، جارێک لە وڵاتی نەمسا لە هەوڵێکی تیرۆریستی رزگاری بوو، جارێکیش لە شاخ رژێم بە هاوکاری گرووپێکی ناوخۆ هەوڵی تیرۆر کردنی داو کەسە راسپێردراوەکەش دەستگیر کراو دواتر سەرۆک بارزانی ئازادی کرد، ئەوانە و زۆر کاری تری تیرۆریستی داگیرکارانی کوردستان بۆ تیرۆر کردنی سەرکردە و شۆڕشگێڕانی کورد، بەڵگەی ئەو راستییەن کە لەناوبردنی کورد یان رازی کردن بە سیاسەتی داگیرخوازی ئەوان، لە فەرهەنگی سیاسی و ئەخلاقی تورک و فارس و عەرەب جێگیر کراون و ناتوانن دەستبەرداری ببن.