دووڕووی سیاسی و مونافیقی ئیسلامی
February 7, 2018
وتار و بیروڕا
سرووشتی دووڕووە سیاسیەکان وایە لە ئاوی لێڵدا ماسی دەگرن، جا بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا قایم بکەن و رووی راستەقینەیان دەرنەکەوێ، هەوڵدەدەن وڵات بەرەو هەڵدێر بەرن و خەڵکیش بخەنە ناو گێژاوی فەوزا و دڵەڕاوکێ، مونافیقە ئیسلامیەکانیش پەردەی دینداری بەسەر خۆیان هەڵدەکێشن و بە هەڵوێستی نائیسلامیش دین لەبەر چاوی خەڵک ناشیرن دەکەن، مەترسی گەورە و ترسناکیش لەوەدایە وەک کۆمەڵی ئیسلامی بە گشتی و ئەمیرەکەی بە تایبەتی، لە یەک کاتدا هەم دووڕووی سیاسی بی و هەم مونافیقی ئیسلامیش بی.
کۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرەکەی سەری زمان و بنی زمانیان حوکمی قورئان و جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلامە، کاتێکیش باس دێتە سەر سیستەمی حوکمڕانی قورئان و شەریعەتی ئیسلام بەلاوە دەنێن و بە شێوەیەک بانگەشە بۆ سیستەمی دیموکراسی دەکەن، حزبە عەلمانیەکان خەجاڵەتی بەردەم دیموکراسی دەکەن و سیکۆلاریزم و دیموکراسی خوازانی ئەوروپا و رۆژئاواش تێشوویان لە پاشەوە ناکەن، وەک ئەوەی ئێستا بۆ کۆکردنەوەى چەند دەنگێک لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی تر پشت لە دوو حزبی ئیسلامی وەک یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەى ئیسلامی دەکات، لە باوەشی دوو حزبی عەلمانی وەک بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵحیش سەرخەوی هاوپەیمانی دەشکێنێ و خۆزگە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی هەڵدەکێشێ، ئەوە یەکێکە لەو بەڵگانەی کە کۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرەکەی هەم دووڕووی سیاسین و هەمیش مونافیقی ئیسلامی.
ئەگەر فتوای ساڵی ١٩٩٢ی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە بێژینگی هەڵوێستەکانی ئێستایدا بکەین، تێدەگەین کۆمەڵی ئیسلامی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بە پێوەرە سیاسیەکان دووڕووە و بە پێوەرە ئیسلامیەکانیش مونافیقە، ئەوەتا لە ساڵی ١٩٩٢ عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە فتوایەک پەرلەمان و کاری پەرلەمانتاری کوفراند و دەڵێ: پەرلەمان بیدعەیە، ئێمە شوورامان هەیە، هەر کەسێک بڕوای بە پەرلەمان بێ شەریک پەیدا کردنە بۆ خوا، بەوەش شایەتمانەکەی (اشهدوا ان لاالە اللە و اشهدوا ان محمەدا رسوڵ اللە)کەی هەڵدەوەشێتەوە، کەچی خۆی بوو بە پەرلەمانتاری بەغدا و ئێستاش داوای کارا کردنەوەی پەرلەمان دەکات، ئەرێ ئەگەر ئەوە دووڕویی سیاسی و مونافیقی ئیسلامی نەبێ؟! پێمناڵێن دووڕووانی سیاسی و مونافیقانی ئیسلامی کێن؟