بارزانی رێبازی پاراستی شوناس و مافەرەوا زەوتكراوەكانی كورد وكوردستان ..

بارزانی رێبازی پاراستی شوناس و مافەرەوا زەوتكراوەكانی كورد وكوردستان ..
هەلوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانی رەنگدانەوەی كولتووری بارزانیی نەمر و مەزنە لەسەر بەردەوامبوونی كولتوورێكە كە لە پێناو چەسپاندنی دیموكراسیدا لە عێراق و ناوچەكە باج و قوربانییەكی یەكجار زۆری داوە و لە لایەك چەندین شۆڕشی لە پێناو رزگاری كورد و كوردستاندا بەرپاكردووە و لە لایێكی دیكەشەوە هەر خودی شۆڕشەكانی بارزانیی مەزن بۆ رزگاری گەلانی ناوچەكەش بووەو بە تایبەتی عێراق لە دەستی رژێمە دیكتاتۆرەكان. سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە بە تایبەت لە ساڵی 1976 وە تاكو ئێستا لە نێوان هەردوو قۆناغی خەباتی چەكداری و شارستانی داو بە شێوازێكی ورد و حەكیمانە لە هەردوو قۆناغەكەدا لەگەڵ هەموو پێشهاتە سیاسییەكاندا مامەڵەی كردووە كە رووبەڕووی كوردستان بوونەتەوە تاكو ئێستا، هەر ئەم سیاسەتە حەكیمانەیەی بەڕێزیانە بۆتە مایەی دروستبوونی هاوسەنگی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لە ناوخۆدا، هەروەها راگرتنی بالانس لەگەڵ دەوروبەری كوردستان دا. سەرۆك بارزانی دژی شەڕ و خوێنڕشتن و تیرۆر و بەرگری خاك و نیشتیمان بووە، بەڵام هەر كاتێكیش پەلاماری كوردستان درابێت بەرگری لە كەرامەت و ناسنامەی سیاسی و نەتەوەییمان كردووە هاوشان لەگەڵ دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی گەلەكەمان دا وە. گۆڕانكاریەكانی ئێستاش لە سەر ئاستی ناوچەكەو جیهان و گرنگیدان بە مەسەلەی كورد لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بارزانی لەم چوارچێوەیەدا رۆڵێكی یەكجار گەورەی بینیوە بۆ ناساندنی دۆزی كورد لە سەر ئاستی ناوچەكە جیهان . لە سەر ئاستی عێراقیش بارزانی زۆر هەوڵی دا دیموكراتی بچەسپێت بۆ رزگاربوون لە عەقلێ شۆڤێنی و رەگەزپەرستی، چەندین جار وەك ناوبژیوان پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی كۆكردۆتەوە، بەڵام لە دواجار سوودی نەبووە، چونكە حقدی هەندێ لە نوخبە سیاسییەكانی عێراق بەرامبەر بە كورد زۆر گەورەتر دەرچوو لەوەی كە بتوانن قبوڵی مافەكانی كورد بكەن و هەتا ئەمڕۆ بە چاوی بێگانە و دوژمن سەیری كوردیان كردووە. بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و بە یەكەوە دەست لە ناو دەست تاكو گەل و وڵاتمان بە یەكجاری لە دەست ستەمكارانی ناوچەكە رزگار ببێت و ببینە خاوەنی ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی خۆمان وەك دەوڵەت. لە مێژوویی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان ئاستەمە جارێكی تر نەتەوەی كورد كەسایەتییەكی وەكو "بارزانی" عەدالەتخواز و نەترس لەسەر پرسی نەتەوەیی میللەتەكەی به ‌خۆیەوە ببینێ؛ (بارزانی) توانیی بە كارەكانی خۆی لە وتە و كردار بە خەڵكی بسەلمێنێ كەسێكی خاوەن پرۆژەیە بۆ میللەتی كورد و، ئامادەیە قوربانی بدات بە خۆی‌ بۆ ڕزگاری ئەو میللەتە، چونكە (بارزانی) تەنیا شۆڕش بوو بە سەركردایەتی خۆی بگات بە ئامانجی خۆی پێش ئەو شۆڕ‌شە گشت شۆڕشەكانی تر شكان و تووشی ڕوخان بوون بەڵام لە شۆڕشی ئەیلول (بارزانی) سەركردایەتی شۆڕشێكی كرد توانیی ئۆتۆنۆمی كە بەرنامەی بوو بەسەر حكوومەتی عێراقدا بسەپێنێ و بیگەیێنێتە ئەنجام ئەمەش یەكم جار بوو شۆڕشی كورد لەسەر دەستی بارزانی بگاتە ئەنجامی خۆی و شۆڕشەكانی تر سەڕەرای قوربانی زۆر بەڵام دژمن زەفەری پێ بردن. "(بارزانی نەمر) توانیی مرۆڤێكی نوێ دروست بكات بەپێی ویست و داواكاریی كۆمەڵگای كوردستان بۆ ئازادیخوازی و مافی نەتەوەیی گەلی كورد ئامادە كرد و‌ لەوپەڕی سادەییدا دەژیا بۆیە خەڵكەكە ئێستا هەر كەسێك ببینی دەبینی بیرەوەرییەكی لەگەڵ بارزانی نەمردا هەیە"، لە ووتەكانی كردارەكانی و پێشوازی و عەدالەتخوازی و ئامۆژگارییەكان و سووربوونی لەسەر پشتگیری لە هەژارەكان، ئەمه ‌وای كردبوو خۆشەویستی هەژاران بێت كە زۆربەی هەرەزۆری خەڵكی كوردستان هەژاربوونە بۆیە خۆشەویستی زۆربەی هەره ‌زۆری خەڵكی كوردستان بووه. یەك لە خەسڵەتە گەورەو بایەخدارەكانی سەرۆك بارزانی هەمیشە لەوەدایە كە ئەو پێوانەو رێبازە سیاسییەی پەیڕەوی دەكات، رێبازو كەلتوورێكی رەگوریشەدارو درێژخایەن و مێژوویەكی نەپساوەی خەباتە كە ئەویش رێبازو كەلتووری بارزانیی نەمرو بنەماڵەی شكۆداری بارزانیانە، بۆیە هەمیشە لە پانتایی سیاسەتی كوردیدا، دابو نەریتێكی وای داڕشتووە كە كەم لە میللەتانی ناوچەكە دابونەریتی دەوڵەمەندو ئەكتیڤی لەو جۆرەیان هەیە. بە بڕوایەكی زۆرو متمانەیەكی بەهێزی ئەوتۆوە جوڵاوەتەوەو جڵەوی كاروانی شكۆدارانەی میللەتی كوردی بەرێوە بردووە كە كەم لە تاقیكردنەوە سیاسییەكانی ناوچەكە بڕواو متمانەی لەو بابەتەیان بە سەرۆكەكانی خۆیان هەیە. بە ئازایەتی و جورئەتێكی ئەدەبی گەورەوە بڕیاری داوە كە كەم جار لە ناوچەكەماندا سەرۆك هەیە بەو جورئەتەوە بڕیار بدات.سەرۆك بارزانی ،هەمیشە سیاسەتەكانی لە چاوگی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە میللەت دادەڕێژێت و بەڕێوەیان دەبات. بە مانایەكی دیكە، وەك چۆن جورئەت لە بڕیارەكاندا هەبووە، بە هەمان شێوە دیققەت و بەراوردكاری و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی خەڵك و نەتەوە لەو بڕیارانەدا رەچاو كراوە. بۆیە، سیاسەتەكانی جەنابی سەرۆك، لە قۆناغە سەخت و ئاڵۆزو زەحمەتەكانی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا، هەمیشە لەگەڵ هەست و نەستی خەڵكی كورد گونجاوەو لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە دڵ و بە گیان لایەنگیرییان لێكراوە. هەروەها سەرۆك بارزانی خاوەن دیدێكی سیاسیی دووربین و وردو حەكیمانەی دوور لە هەڵچوون و ئینفیعالە. لە زۆر قۆناغدا، رەنگە كێشەی سیاسیی كورد بە هەڵە ببردرابووایەو میللەت زەرەری زۆری بكردایە ئەگەر حیكمەت و بیرتیژی و دووربینی ئەو سەرۆكە نەبووایە. سەرۆكایەتی هەمیشە لای ئەو نەوە دلێرەی بنەماڵەی شكۆداری بارزانیان تەنیا رووكەش و دروشمی بریقەدارو خۆڕەپێش كردن و لاف و گەزاڤی رۆژانە نەبووە، بەڵكو كارو بەرنامەو خزمەت و خۆخەریك كردن بووە لە بابەتە ستراتیژییەكانی پابەند بە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو میللەت.سەرۆك بارزانی جێگەی شانازییە بۆ كورد و كوردستان لەسەر هەموو ئاستە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا ئەوەیە كە هەمیشە ئەندازیاری ئاشتەوایی و تەبایی بووە لە كوردستاندا. بەردەوام لە خۆبوردووانە بۆ ئاشتی و تەبایی كاری كردووە، بەردەوام هەوڵی داوە میللەتەكەی خۆی لە ناكۆكی و هەوای كینەو رق و بوغز دوور بخاتەوە. بەردەوام گیانێكی بێ ئەندازە بەرفراوانی هەبووە لە بواری لێبوردەییدا. لە كاتی توندیدا توند بووە. لە كاتی هێمنیشدا هێمن.، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پێوانەی لێبوردەیی یەك لە پێوانە گرنگەكانی كارو سیاسەتەكانی بووە. "بارزانی نەمر بۆ خۆشبەختی و بەختیاری و سەربەستی ئەم گەله و میللەتە بوو تا بگەینێتە قۆناغی كۆتایی و كورد لەژێر دەستی دەربێت و ببێت به دەوڵەت، كە پەنجا ساڵی تێكۆشانی بارزانی و پێشتریش تێكۆشانی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی ئەمە سەدەیەك و چارەكێكە تێدەكۆشین تا ئەو میللەتە ڕزگاری بێت ئێستا دەرفەتە ئێمە لە دەوری سەركردایەتی لە دەوری درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە كە سەرۆك بارزانی ـیە دەتوانین كۆ بینەوە و، كاتێكی زۆر باش و زێرین بۆ كورد هاتووەتە پێش ڕاستە تووشی چەند قەیرانێكی ناخۆش بووینه،‌ لەوانەش شەڕی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام نابنە هۆی ئەوەی ڕابوەستین دەبێت لەسەر خەبات و تێكۆشان بەردەوام بین‌و قەیران و گوشارەكانی بەغدا ناتوانن لە گەیشتن بە ئامانجەكانمان پاشگەزمان بكەنەوە ..كورد و كوردستان و بارزانی یەكتر تەواو دەكەن بە پێكەوەش جوانین و با وڵاتمان بەرەو سەرفرازی ببەین.
Top