چیتر لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان نانووسم نامەیەک بۆ کوردپەروەرانی ناو بزووتنەوەى گۆڕان

چیتر لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان نانووسم نامەیەک بۆ کوردپەروەرانی ناو بزووتنەوەى گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان بە سێکوچکەی سووکایەتی بە پیرۆزیەکانی مێژوو و بێ بەها کردنی ئێستا و شەڕ فرۆشتن بە داهاتوو هاتە ناو کایە سیاسیەکان، بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی بزووتنەوەکە و قەدەری کورد بە گشتی و دەنگدەرانی بە تایبەتی درایە دەست چەند میدیاکارێکی دەمشڕ و سەرەڕۆ و بێ ئەزموونی سیاسی, ئەوانیش بە راست و چەپدا کەوتنە بەشینەوەی تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندن و تەخوینی بەرامبەر، دوور لە هەموو ئەتەکێتێکی سیاسی و بێ هەست کردن بە بەرپرسارێتی و لەبەرچاو گرتنی هەستیاری قۆناغەکە رۆژانە لە شەقام چییان دەبیست، شەوانە لە راگەیاندنەکان دەیانکردە سیاسەت و ئامانجی بزووتنەوەکە، بەوەش توانیان دەنگە ناڕازیەکان بە شێوەیەکی کاتی لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێکی دیاریکراو ئاڕاستەیان بکەن.
بزووتنەوەى گۆڕان چی نەما لە درۆ و چەواشەکاری و گەوجاندن و تۆمەت هەڵبەستن و تەخوین و بەڵێنی دوور لە واقع نەیکەن و نەیڵێن، بەوەش کەوتنە ململانێ لەگەڵ هێزێکی گەورەی خاوەن مێژووی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا درۆ و چەواشەکاریان لێ بڕاوە و هەگبەی بەڵێنەکانیشیان هەڵتەکاوە، بۆیە بە ناچاری کەوتوونە کاوێژ کردنەوەى ئەوەی لە رابردوو کردوویانە و گوتوویانە، بەوەش متمانەی دەنگدەرانیان لە دەست داوە، بۆیە بە ناچاری باڵانسی ململانێکانیان لە هێزێکی گەورەی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دابەزاندووە بۆ ئاستی کەسێکی وەک شاسوار،
بزووتنەوەى گۆڕان هەوڵیدا لە رێگای سیحر و جادووی چەواشەکاری و تەخوین و بەڵێنی درۆیین بگاتە لوتکەی دەسەڵات، هەر لەو لوتکەشەوە ژەهری کۆنەقینی دامەزرێنەرەکەی بەسەر سەروەریەکانی مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و دەستکەوتەکانی ئێستا و چاوەڕەانیەکانی داهاتوودا بڕێژێ، منیش مەترسی ئەو سیحر و جادووە سیاسیانەی بزووتنەوەى گۆڕانم لەسەر پرسی کورد و ئامانجە نەتەوەییەکان بە مەترسی دەزانی، بۆیە بە ئەرکی سەر شانی خۆم دەزانی کار لەسەر بەتاڵ کردنەوەى ئەو سیحر و جادووانە بکەم و تەمی سەر مەترسیانیشی بڕەوێنمەوە، ئێستا دوای بەتاڵ بوونەوەی سیحرو جادووەکانی و رەواندنەوەى تەمی مەترسیەکانی هەژاری و نەداری سیاسی بەو شێویەک رووی تێکرووە، ناچار بووە ململانێی دەنگ لەگەڵ نەوەی نوێی شاسوار بکات، جا بزووتنەوەیەک لەگەڵ شاسوار و نەوەی نوێ کەوتبێتە شەڕی دەنگەوە بە گوناهی دەزانم لەمەولا لەسەری بنووسم، بۆیە بڕیارم داوە چیتر لەسەر ئەو بزووتنەوەیە نەنووسم کە کەسێکی وەک شاسوار تەنگی پێ هەڵژنیوە و بەرەو پووکانەوەی دەبات، هەر وەک پێشینانیش دەڵێن: پیسی بە پیسی لەناو دەچێ، پیسێکی وەک بزووتنەوەى گۆڕانیش بە پیسێکی وەک شاسواردا لەناو دەچێ.
Top