تەنها کوردایەتی چارەسەرە

تەنها کوردایەتی چارەسەرە
رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی تورک و فارس و عەرەب بە پاشایەتی و کۆماریەوە، بە ئیسلامی و عەلمانیەوە، بە دیکتاتۆر و دیموکراتیەوە ئەگەر دیموکرتیش نەبوون، داگیرکاری کوردستان و بکوژ و دوژمنی سەرسەختی کورد بوون، بۆیە هەر کوردێک پێیوابێ جگە لە ژێردەستەیی و رازی بوون بە بڕیارە شۆڤێنیەکانیان هیچ مافێکی تر بە کورد رەوا دەبینن، یا گەوجە یا گەوجێنراوە، جا ئەگەر ئەوە هەڵوێست و ئەقڵیەتی تورک و فارس و عەرەب بێ بەرامبەر بە کورد، پێویستە کوردیش دەستبەرداری ئەو دەمارگیری و حزب پەسندیە ببێ کە زۆر جاران و لە زۆر قۆناغدا خزمەتی داگیرکارانی پێکراوە و کراوەتە دوژمنی کوردایەتی.
هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کوردستان هەوڵبدات لە بردنەوەی ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆ و خستنی ئەویتر، هێز لە تورک و فارس و عەرەب وەربگرێ خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکات، چونکە خستنی هەر حزبێک بە هێزی دوژمنان خستنی کوردایەتییە بەرامبەر داگیرکارانی کوردستان، یان ئەگەر پێیوابێ فڵان رژێمی تورک یا فارس یا عەرەب دۆستی ئەوە و دوژمنی فڵان حزبەی کوردستانە و دەکرێ دەستکەوت و ئیمتیازی لێوەربگرێ، ئەو دەستکەوت و ئیمتیازە ژەهرە و بە گەرووی کوردایەتیدا دەکات.
گومان لەوەدا نییە تورک و فارس و عەرەب بە دەمارگیری شۆڤێنێنیانە و بە چاوی دوژمن و دوژمنکاری لە بوونی کورد و ماف و ئازادیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دەڕوان، بۆیە پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش بە چاوی کوردایەتی لە دەمارگیری شۆڤێنیانەی تورک و فارس و عەرەب بڕوانن و بە کوردبوون و کوردایەتیش وەڵامی چاوچنۆکی نەتەوەیی ئەوان بدەنەوە، بەڵام حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان وایانکردووە و بەو ئاراستەیەدا هەنگاویان ناوە؟
لە فەرهەنگی سیاسی و تەنانەت ئەخلاقی هەموو گەلانی دنیادا، ململانێی حزبی تا ئەو شوێنە رەوا و رێگە پێدراوە کە لە پێناو پێشخستنی وڵات و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیماندا بێ، هەرکاتێک ململانێکان لەو رێڕەوە دەرچوون ئەو حزب و لایەنانە دەبنە دوژمنی گەل و وڵاتی خۆیان و بۆ زەلیل کردن و ژێردەستە کردنی نەتەوەکەیان پێویستیان بە دوژمنی دەرەکی نابێ.
لێرەوە مەترسیەکانی سەر چارەسەری پرسی کورد و رێڕەوی خەبات و قوربانیدانی و کۆی دەستکەوتەکانی دەردەکەون، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێ زۆرێک لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەو مەترسییە بە هەند وەرناگرن و لە ئێستادا ململانێکانیان لە ململانێ رەوا و رێپێدراوەکانەوە گواستۆتەوە بۆ ئاستی دوژمنکاری و سڕینەوەی بەرامبەرەکەیان، تەنانەت دوژمنایەتی ناوخۆیان ئەوەندە تۆخ کردۆتەوە کە بۆ خستنی ئەم حزبی کوردی یان ئەو حزبەی تر، بە مەمنوونی و سوپاسگوزاریەوە داوای هاوکاری لە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەکەن، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو راکەڕاکە حزبییەش بۆ بەغدا دیارترین بەڵگەی سەر ئەو راستییەی سەرەوەن، بۆیە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و رەواندنەوەی تەمی مەترسیەکانی سەر کورد، دوور کەوتنەوەیە لەو دەمارگیریە حزبییە و گەڕانەوەیە بۆ کوردایەتی.
Top