گەلی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی شكستخواردووی وەك عێراقدا جێی نەماوە ..

گەلی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی شكستخواردووی وەك عێراقدا جێی نەماوە ..
مێژووی دوور و نزیكمان بیرمان دەهێنێتەوە بەوەی كە دەسەڵاتدارەكانی نەتەوە زۆرینەكان كە كورد لەگەڵیاندایە تائێستاش باوەڕیان بەڕێزگرتن لەمافە نەتەوەییەكانی كورد نیە. ئەوەی ئێستاش كورد بەدەستیەوەیە دەستكەوتێكی بەدەستهاتووە لەسەر ئەساسی هێزی خودی كورد خۆی، نەك پێدراو و سەرچاوەگرتوو لەباوەڕی ئەوان، بەوەی كە كورد ئەو مافەی هەیە، بەڵام دەستكەوتێك كە لەسەر بنەمای هێزو هاوكێشەی سیاسی نێونەتەوەیییە بەدەستهاتبێت. كاركردنێكی سیستەماتیكی بەردەوام و بە بەرنامەو ئامانجداری لەگەڵ نەبێت نەك ناتوانرێت بچەسپێنرێت بەڵكو بەردەوام مەترسی لەسەر دەبێت، بۆیە نابێت سستی بنوێنین لەمبارەیەوە.
قۆناغی شەڕی چەكداری وەك سەرەتایەك بۆ بەرگریكردن لەناسنامەی میللی نەك تەنها كارێكی ڕەوابوو بەڵكو كارێكی گرنگ و پێویستیش بوو.
زیاتر لە سەدەیەكە ئێمەی گەلی كورد بێ خواستی خۆمان بە عێراقی عەرەبییەوە لكێندراوین، كە لەو كاتەدا بەریتانیا بۆ بەرژەوەندیی ئابووری، سیاسی و سەربازیی خۆی ئێمەی بە بەغداوە لكاند.
ئێمەی گەلی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی شكستخواردووی وەك عێراقداین، كە هەر كات تووشی شكست بوو، بۆ هەرێمی كوردستانی دەگوازێتەوە، وەك چۆن لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014ـدا بەو هەموو چەكە پێشكەوتووەی بە دەستیانەوە بوو شكستیان خوارد، كەچی ئەو بەڵایەیان تووشی هەرێمی كوردستان كردەوە، پێشمەرگەیش بەو چەكە كۆنانەوە ‌توانی بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، بۆیە ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بین، دەتوانین چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو لە وڵاتان بكڕین و خاكی خۆمانی پێ بپارێزین، تا چیتر داگیركەران ناتوانن وەك 16ی ئۆكتۆبەر داگیرمان بكەن ، لەبەر ئەوە، باشترین بژاردە جیابوونەوەیە لە عێراق.
واقیعی عێراق وەك دیفاكتۆیەكی لێ هاتووە، ئەستەمە عێراق وەك دەوڵەت بتوانێ ئیدارەی خۆی بكات و حكوومەتێكی ناوەندی بەهێزی هەبێت، ئەم واقیعە وڵاتی سووریایش دەگرێتەوە كە ئەو دوو دەوڵەتە بنەمای دەوڵەتی بەهێزیان نەماوە. دۆسكی پێی وایە "تێكچوونی دۆخی عێراق و سووریا لە بەرژەوەندی كوردە بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی جیابوونەوە، بە تایبەت هەرێمی كوردستان لە عێراقدا. باشترین بژاردە بۆ جیابوونەوە كە لە بەرژەوەندیی عێراق و كوردستانیش بێت، جیابوونەوەیە بە ئاشتی بۆ ئەوەی وەك دوو دەوڵەتی دراوسێی باش پێوەندیمان هەبێت، پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە ئێستەوە دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكات بۆ ئەوەی بێنە باوەڕ تا بە ئاشتییانە رازی بن دەوڵەتی كوردی بێتە راگەیاندن، دەتوانم بڵێم عەرەبی سونە و شیعەیش لە عێراق، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پرسی جیابوونەوەی كورد لە عێراقدا تەنیا كات رایگرتووە.. بۆیە ئیتر كورد هیچ متمانەیەكی بە بەغدا نەماوە و جیابوونەوە باشترین بژاردەیە ..
Top