ڕاستگۆیی لە قسە ، دڵسۆزی لە کردار

ڕاستگۆیی لە قسە ، دڵسۆزی لە کردار
فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی سوکرات دەلێ" گرنگ نییە قسەکانم پەسند بن، گرنگ ئەوەیە ڕاستگۆم"
ڕاستگۆیی لە نیەت لە قسە کردن لە کارەکان دڵسۆزی و متمانە پێکردن و سەرکەوتن و تەبایی دێنێتە کایەوە ، گرنگە لە نیەت و قسەکانمان ڕاستگۆ بین و لە کارەکانمان دڵسۆز بین تا بە سەرکەوتوویی بەرەوو ئامانجەکانمان ھەنگاو بنیین و بێگومان درووستکەری گۆڕانکاری و بەرەووپێشچوون و پێشکەوتنیشە لە ھەمان کاتدا دووردەکەوێتەوە لە خۆپەرستی و خۆویستی و دیدگای تەسک و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی تاکەکان و کۆمەڵگە ، بۆ ئەوەی نەوەکانمان لە سەر ڕاستگۆیی و دڵسۆزی پەروەردە بکەین.
بێگومان لە خێزان بەتایبەتی و پەروەردە بە گشتی دەست پێ دەکەین، بۆ نموونە لە خێزانێکی بچووک ئەگەر دایک و باوک ھەردووکیان یان یەکیان ڕاستگۆنەبوون لە قسەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان و دڵسۆزییان نەبوو بۆ ماڵەکەیان ئەوا متمانە و گوێ ڕایەڵی نامێنێ و شیرازەی خێزانەکەیان تێک دەچێ و پاشەڕۆژی ئەو خێزانە بەرەوو لێک ترازان و ھەڵوەشاوە و داڕمان دەڕوات ، بە ھەمان شێوە لە کۆمەڵگە کە کلیلی پێکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگە پەروەردەیە.
بۆیە گرنگە سەرجەم کەناڵەکانی پەروەردە لە لوتکە تا بنکە مەبەستم لە وەزارەت تا قوتابخانە دەبێ نیتەمان پەروەردەیی بێت و ڕاستگۆبین لە قسەکانمان و دڵسۆزبین لە کارەکانمان مەبەست و ئامانجمان بەرەووپێشبردنی کۆمەڵگە و پاڕاستنی ئەو ئەمانەت و بەرپرسیاریەتیە بێت کە پێمان سپێردراوە دوور لە بەرژەوەندی کەسی و دیدگای تەسک و خستنەکاری دام و دەگاکانی پەروەردەیی لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و بێ ڕەچاوکردنی بەرپرسیاریەتی و متمانە و سیقەی بەرپرسانی باڵای ھەرێم کە ئەو ھەموو بەرپرسیاریەتی و متمانە و دەسەڵاتە جۆراوجۆرانەیان خستۆتە ژێر دەستی ھەریەکێکمان جگە لە بە فیرۆدانی ماف و تایبەتمەندی تاکەکانی تری کۆمەڵگە کە چاوەڕێی ھەنگاو و کرداری سوودبەخش دەکەن.
بۆیە گرنگە لە وەزارەتی پەروەردە شەفاف و ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە لە قسەکانمان و دڵسۆزانە لە کارەکانمان بە گشتی ھەنگاو بنێن و کاری لە سەر بکەین و جێ بەجێ یان بکەین و ڕەنگدانەوەی تەواوی ھەبێت لەسەر سەرجەم کەناڵەکانی تری بەرێوەبەرایەتیەکان بە گشتی و قوتابخانەکان بەتایبەتی و بەرپرسیاریەتیەکان لە ئەستۆ بگرین و بویرانە و بێ جیاوازی بەرنامە دارێژی بکەین و فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردە و فێرکردنمان ڕوون و ڕاشکاو بێت درووشمی (ڕاستکۆیی لە قسەکانمان و دڵسۆزی لە کارەکانمان) بکەینە کرداری بنەمای سەرکەوتنی پەروەردەی داھاتوو ، ڕەگی پەروەردە لە داڕزان بپارێزین شایانی ھەڵگرتنی ئەو پەیامە بین بە کردار نەک بە درووشم منداڵەکانمان لە قوتابخانەکان لە سەر ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی و بوێری و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان پەروەردە بکەین و مامۆستاکانمان بە چاوی خۆیان ببینن کە سەرووی خۆیان لە سەرپەرشتیاری و پەروەردەکان لەوان دڵسۆزانە تر و ڕاستگۆیانە تر کار دەکەن و بەھەمان شێوە ھەموویان ببینن بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکان و وەزارەتی پەروەردە ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە دوور لە بەرژەوەندییە لابەلاکان ھەموو ھەوڵەکانیان لە پێناو گەشەسەندن و پێشکەوتنی پەروەردە و قوتابخانە و قوتابی و مامۆستاکان بێت و خۆنەویستانە و دڵسۆزانە لە کارەکانیان بێ ووچان بەردەوامن ، بێگومان ئەوانیش درێخی ناکەن و کەمتەرخەمی نانوێنن و منداڵەکانمان لە سەر ڕاستگۆیی و پەروەردە دەکەن ھەروەکو نوسەری شانۆیی بەریتانی جۆرج بردناردشۆ دەلێ " پێش ئەوەی داوای ڕاستگۆیی لە خەڵکانی تر بکەین ، پێویستە منداڵەکانمان فێری ڕاستگۆیی بکەین".
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top