كارەساتی یەكی شوبات، ئابڵوقە و داگیركاری نەیتوانیی ئیرادەی پوڵایینی میللەتەكەمان بشكێنێ‌..

كارەساتی یەكی شوبات، ئابڵوقە و داگیركاری نەیتوانیی ئیرادەی پوڵایینی میللەتەكەمان بشكێنێ‌..
هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەو كەشوهەوا دیموكراسی و ئازادی و پێكەوەژیانە بۆتە جێی سەرنج وبابەخی وڵاتانی ئازادیخواز ئەمەش وایكردووە كە دید و بابەخی جیهانیان بۆ میللەتی كورد زیاتر بێ‌ . بۆیە ناحەزانی میللەتەكەمان هەموو كات بیر لە داگیركردن ،سرینەوە و لەناوبردنمان دەكەنەوە ئیتر لە ژێر هەر پەردە و پاساوێك بێ‌ و كورد بە درێژاییی مێژوو چەندین جار رووبەرووی هەرٍەشەی تیرۆریستی و پەلاماردان بۆتەوە بەڵام هیچ كات لە گەیشتن بە مافەرەواكانی پاشگەز نەبۆتەوە .. یەكی شوباتی 2004 بەهۆی دوو كردەی تیرۆریستی لەناو هەردوو بارەگەی مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە رێگەی دوو خۆكوژەوە ئەنجامدران، دەیان سیاسی و ئەندام و لایەنگری هەردوو حزبەكە و ژمارەیەك لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و پارتەكانی دیكەی سیاسی كە بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی هەردوو بارەگەكەیان كرد بوو، شەهید بوون.
ئەمرٍۆ 14 ساڵ بەسەر مەرگەساتی یەكیی شوبات تێپەر دەبێت و لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆ لە كاتێكدا جەماوەری گەلی كوردستان سەرقاڵی مەڕاسیمی جەژن و گەردن ئازایی بوون، دوژمنانی رووناكی و خۆش گوزەرانی بێگوێدانە پیرۆزی ئەم رۆژە ، دەستی ڕەشی تیرۆریان گەیاندنە ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری ھەولێر لە دوو تەقینەوەی خۆكوژیدا مەرگیان كردە دیاری جەژن و لە یەك ساتدا 101سەركرد و كادیر و ئەندام و پێشمەرگەی ئەو دوو حزبە لە رۆڵەكانی گەلەكەمانی كردە قوربانی و چەندانی تریش بریندار بوون.
لەو قوناغە ھەستیاریەی كە گەلەكەمان پێدای تێپەر دەبێت و ھەرێمەكەمان روبەرووی كۆمەڵێ تەحەدیات بۆتەوە كە پێویست دەكات وەكو ئەمەكێك بۆ خوێنی شەھیدان ھەموولایەك بە گیانی ھەست كردن بە لێپرسراویەتی مێژوی سەرشانیان رۆڵ ببینن و ململانێكانیان وەلانێن و بە روحی پێشمەرگایەتی قوڵی لێ ھەڵماڵن و بە تەبایی و یەكریزی و یەك ووتاری ھەموولایەك ناو ماڵی كورد توكمە تر بكەنەوە، پشتگیری وپشتیوانی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان بین بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەر و گۆڕانكاریەكانی ھەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە وە ھەروەھا پشیتوانی حكومەتكەمان بین لە جێبەجێ كردنی ئەو نەخشە رێگایەی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە كاری بۆ دەكات تاكو بە ھەموو لایەك كوردستان لەو قەیرانەدا دەرباز بكەن.
بەشەهیدبوونی ئەو هەموو خەباتكارو سەركردە تێكۆشەرانە، زیانێكی گەورە بەر گەل‌و وڵات‌و قەوارە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان كەوت، كە قەرەبوو كردنەوەیان ئاسان نەبوو، چونكە هەم لە بواری سیاسی‌و دیپلۆماسی، هەم لە بواری حكومەتداری‌و خۆبەڕێوەبردندا، شارەزاو توانایەكی زۆریان پێكەوەنابوو.تیرۆرستان‌و دوژمنان بەم جۆە تاوانەیان، دەیانویست دووبەرەكی بخەنە نێو ریزەكانی گەلەكەمان‌و هێزە سیاسیەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی‌و ئاوەدانی، یەكخستنەوەی نێو ماڵی كورد بووەستێنن، بەڵام خوێنی شەهیدەكانمان‌و خەمی هاوبەش‌و یەكهەڵویستیەكەمان‌و هێزە سیاسیەكانی مەرامی گڵاوی تیرۆریستانیان لەگۆڕنا.تیرۆریستان‌و نەیارانی كوردستان، چەندە دڵێكی پر لە رٍق و كینەیان و تاچەند بەیەكریزی‌و هاوخەباتی گەلەكەمان هەراسانن‌و چەند دوژمنی ئاشتی‌و دیموكراسین، ئەو تاوانە، ئاماژەیەك بوو، كە تیرۆرو تۆقاندن، لە ژێر هەر پەردەو بیانووێكەوە بكرێ، ئافات‌و بەڵاو دەردێكی جیهانییە، پێویستە هەمووان جا لە هەر بەرەو نەتەوەو ئایین‌و تایەفەیەك بن، بەهەموو توانایانەوە بەرەنگاری ببنەوە.ئەمڕۆ یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی و یەكپارچەیی وكۆدەنگی كورد و زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی مێژوویی كوردستان و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییمان و زیاتر لە 27 ساڵەی ئازادی و ئەزموونی دیموكراسی و پێكهێنانی حەوت كابینەی حكومەت و چوار خولی پەرلەمانی و خۆ ئیدارەكردن،ئەوەی سەلماندووە كە گەلی كوردستان،زۆر لە مەرگ و تیرۆرو تۆقاندن گەورەترە هەروەك هێژا جەنابی سەرۆك بارزانی لە درێژەی پەیامەكەیدا بۆ كارەساتی یەكی شوبات فەرموی: چۆن میللە تەكەمان شەڕی دیكتاتۆری بردەوە، ئاوهاش شەڕی تیرۆر دەباتەوە، بۆیە ئەركی هەموو حزب و كەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی و تێكڕای هاوڵاتییانیشە جیهاد لە دژی تیرۆریستان بەئەركی سەر شانی خۆیان بزانن. لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆی چارەنووسسازدا دوژمنانی كوردو تیرۆیستان، چیدی زەفەر بە ئیرادەی پۆڵاینی هەوڵ وخەبات و تێكۆشانمان، نابەن..هەڵبەت تازە تیرۆریستان خەیاڵیان خاوە بەو كارە تیرۆركاریانەیان بتوانن، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدەن و كار لە ئینتیمای پتەوی نەتەوەیی و یەكگرتویی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی و یەكڕەنگی میلەتە قارەمانەكەمان بكەن ...

هۆكارو واتاكانی ئەوكارەساتە تراژیدیە روون و ئاشكرایە و درێژەی ئەو زەبرو زوڵم و ستەمە نەتەوەیی و پەلامارە شۆڤێنی و رقە ژەهراوییانەیە، كە دەیان ساڵە لە سەر كوردو كوردستان پیادە كراوەو دەكرێ، شایانی باسە نەتەوەی كورد بە زێنەری بە دەیان و سەدان نەخشەو پیلان و كۆمەڵكوژی و ئەنفال و كیمیا باران و ئەشكەنجەوزوڵم و زۆرو پاكتاوی نەژادی و نەتەوەییە، هاوكات ئەم كردە تیرۆركاری و قێزەون و خوێناوییە نەیانتوانی مانەوەو خۆڕاگری و كۆڵنەدانی ئەم گەلە بەشمەینەتە بزرو ئیفلیج بكەن، تازە لەم زەمەنی سەركەوتن و ئاسۆ نزیكییەدا ئەو رقە شۆڤێنییە ژەهراوییە بە چەكی ترسنۆكانەی تیرۆروكردەی خۆكوژی، ناتوانن تۆزقاڵێك بوون و ئینتمای نەتەوەیی ئەم گەلە كۆڵنەدەرو شۆڕشگێڕو ماف و ئامانجی رەوای ئازادیخوازانەی لە زۆنگاوی مەرامە گڵاوو چەپەڵەكانیاندا قەتیس بكەن، و هەوڵ و ماندوو بوون و تێكۆشانی ئەم نەتەوەیە بخەنە ئاقاری نغرۆبوونەوە، خەبات و ئیرادەی پۆڵاینیی ئەم گەلە دەسەڵاتی بەعسی دڕندەو دیكتاتۆری كردە پەندی زەمانەو بە رووبارێك خوێنەوە بەرامبەری وەستاو كۆڵینەدا تا ئەو رژێمە بە دۆزەخی تاوانەكانی خۆی گەیشت و توڕدرایە زبڵدانی مێژووەوە. بۆیە مێژوویی رابردوو و ئێستاشمان سەڵمێنەری ئەو راستییەكە كە هیچ تیرۆر و داگیركاری ناتوانێ‌ لە مافەرەواكانمان پاشكەز مان بكاتەوە .پێویستە ئێمەش هەموو یەك بین بۆ زیاتر بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكان و ئەو هێرشە ناڕەوایانەی لە خۆوە دەكرێتە سەرمان، هەڵبەتا ئەویش بەگیانی تەبایی و یەكگرتن و یەكڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردهەموو دەستەرەشەكانی تیرۆرو دوژمنكاری دەبڕین و بە ئیرادەو خۆڕاگری و گیانی بەرزو تۆكمەی یەكتر قبوڵكردن، دەتوانین مافی رەوای تەواوی خۆمان بەدەست بێنین .
Top