ڕاوە دەنگ

ڕاوە دەنگ
چەند ساڵێكە وەرزی راوە دەنگ لە كوردستان بە ئاقارێكدا دەڕوات، خەڵك بێزار و ماندوو دەكات، بانگەشەی حزبەكان جگە لە كولاندنەوەی برین، شتێكی نوێ ناخاتەڕوو، ئەمە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنەكانی پێشوو راست بێت، ئەدی بۆ هەڵبژاردنی دوای 16 ی ئۆكتۆبەر چۆن دەبێت؟ ئەگەر پێشتر مەسەلەی نەتەوەیی، لە لایەن هەندێ لایەنەوە خرابێتە لاوە، دوای 16 ی ئۆكتۆبەر چی بەسەردا هاتووە؟ بۆ دەنگ پەیداكردن تیری بەغدا رووی لە كوردە، تیری حزبەكانی ئێمەش هەر رووی لە كوردە و پەرتەوازەی دەكات.
هەق نییە ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو بە بابەتی نەتەوەیی كرا، لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای 16 ی ئۆكتۆبەر درێژەی پێ بدرێت، ئەگەر وابێ، پێویست دەكات هەندێ لایەن شانازی بە پەلاماردانی كەركووك و ناوچەكانی دیكەوە لە لایەن بەغداوە بكەن، هەبوون كاریان لەسەر ئەوە دەكرد بابەتی نەتەوەیی پشتگوێ بخرێت، بەو پێیەی مۆدێلی نەماوە، دووپاتكردنەوەی ئەو مەسەلەیە، سەری بۆ ئەوە كێشا باسكردنی بابەتی نەتەوەیی بەرەو ئەوە بڕوات ببێتە عەیبە، كەچی بەغدا لە ڕێی بڕینی بوودجە و لێدان لە شكۆی نەتەوەوە، لایەنی نەتەوەیی و ژیانی خەڵكی كوردستانی بۆ گوشار خستنە سەر هەولێر بەكارهێنا.
ئەگەر خۆ لەقەرەنەدانی مەسەلەی نەتەوەیی، بۆ ئەوە بێ دەنگی پێ كۆبكرێتەوە، ئەوا لە باسكردنی ژیانی خەڵكدا، بێجگە لە ورووژاندن دەسكەوتی نەبووە، چونكە ملدانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە، لەسەر داوای هیچ حزبێك نەبووە، بەڵكو لەبەر گوشاری زۆری نێودەوڵەتی و مەرجی سندوقی نێودەوڵەتیی دراوەوە بووە، بە پێچەوانەوە چوونی چەند حزبێك بۆ بەغدا كەلێنی نێوان حزبەكانی فراوانتر كرد، چونكە سەردانەكەیان بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر و پارتی بەكارهێنا، داوایەكی نادەستوورییان لە عەبادی كرد، ئەویش ئەوە بوو مووچە لە ڕێی حكوومەتی كوردستانەوە دابەش نەكرێت، كەچی گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر بەغدا ئەوەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هێز بێت و بەغدا مووچە بنێرێت، ئێرانیش دوای پێشوازیكردن لە شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند هەوڵی لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا دەدات.
خۆڕاگریی خەڵك و پێشمەرگە لێنەگەڕا تەواوی كوردستان بكەوێت و زەلیل بین، ئەو خۆڕاگرییە جارێكی دی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایەوە دەنگ، بۆیە بانگەشە لە شەڕی راوچیانی دەنگ توند دەبێت، بەتایبەتیش لە زۆنی سەوز نیلی، بەهۆی ئەوەی پێگەی دەركەوتنی قەوارەی نوێیە، هەرچەندە راوی دەنگ و دەسكەوتی حزبی، گفتوگۆی هەولێر و بەغدای لە مەسەلەی خاكەوە كردە گفتوگۆ لەسەر مافی سەرەتایی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی دەست بۆ پێشمەرگە و سوك سەیركردنی مەسەلەی نەتەوەیی ببات خراپ لەسەری دەكەوێ، ئەوانەی خەونیشیان بە تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و كەوتنی هەولێر دەدی، ئەوا نەبووە راستی، ئەم جارەش كوردستان لەت نەبوو، كەواتە راوچییەكان ئاگاداربن، ژیانی خەڵك و پاراستنی نیشتمان یەك پاكێجن، بە لێكترازان و هەڕاجكردنی خاك، دەنگ كۆناكرێتەوە و بێ نێچیر دەگەڕێنەوە ماڵ.
Top