ڕۆڵی كورد له‌ ئاسایشی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌كه‌دا

ڕۆڵی كورد له‌ ئاسایشی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌كه‌دا
خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ وبارودۆخی ناوخۆیی ناسەقامگیری ئێران، كه‌ به‌ ڕای كه‌سانی شاره‌زا و ئاكادیمی زیاتر له‌ ئه‌نجامی ناكارامه‌یی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و په‌ره‌سه‌ندنی بێكاری و هه‌ژاری و گه‌نده‌لی فراوان دروست بووە، گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی زۆر جیاواز له‌ جاران ،كه‌ به‌ وته‌ی د. سروش له‌ ڕوی تیورییه‌وه‌ كۆماری ئیسلامی هیچ جۆره‌ پاڵپشتی و پشتیوانیه‌كی نه‌ماوه‌، له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌ نوخبه‌ی ڕۆشه‌نبیر، ئاكادیمی و سیاسی ئێران، ده‌سه‌ڵات وسیسته‌می سیاسی ئێستا جێگای په‌سه‌ند نیه‌ و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و خوازیاری ئازادی سیاسی و دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ن، به‌ وته‌ی د. سادقی زیبا كه‌لام كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئاكادیمیه‌ لیبڕاله‌ دیاره‌كانی ئێران، گه‌ر له‌و وڵاته‌ ڕیفراندۆمێكی پاك ئه‌نجام بدرێت٧٠% خه‌ڵكی ئێران دژی كۆماری ئیسلامی ده‌نگ ده‌ده‌ن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان ناوێت.كه‌ به‌ داخه‌وه‌ بینیمان وه‌كو هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتداران باسیان له‌ بونی پیلان و ده‌ستی بێگانه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ئێران كرد، به‌ تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێریان كرده‌ ئامانجی تۆمه‌تبار كردن، كه‌ سه‌ر له‌به‌ری تۆمه‌ته‌كان دور بوون له‌ ڕاستی .
له‌ ڕاستیدا وێڕای ئه‌وه‌ی ئێران به‌ ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی سه‌ختی ئابوریدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، پرسی سیاسی و نه‌یه‌كسانی و پێشێل كردنی مافی نه‌ته‌وه‌كانی وه‌كو كورد، به‌لوچ، ئازه‌ری و عه‌ره‌بیش له‌ ئێراندا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ی ئاینی و ئاینزاییش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بوونی هه‌یه‌، بۆنموونە تاكو ئێستا تاقه‌ مزگه‌فتێكی موسڵمانه‌ سوننه‌كان له‌ پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی له‌ شاری تاران دا نیه‌ و كه‌سێكی سوننه‌ش به‌ پێی ده‌ستور مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار !!
ئه‌و گرفتانه‌ گرفتی ڕیشه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و حوكمرانین له‌ ئێران، كه‌ له‌ سه‌روی هه‌مووانیشه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی پاڵپشتی له‌ به‌ره‌ی بەرەنگاری ئیسلامی(جبهه‌ مقاومت اسلامی) و ناردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ وبۆ ناوچه‌كه‌ زۆرسه‌روه‌ت و سامان و توانای گه‌ل و وڵات كه‌ به‌ سه‌دان میلیارد دۆلار مه‌زنده‌ ده‌كرێت خه‌رج كراوه‌ ، له‌ كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیان له‌ دۆخێكی ناله‌باری ئابوریدا ده‌ژین و ڕێژه‌ی نه‌داری و هه‌ژاری له‌ ئاستێكی باڵادایه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كێشه‌یه‌كی گه‌لانی ناوچه‌كه‌یان به‌ شێوازێكی ته‌ندروست و ڕیشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌ .
ده‌ستوه‌ردانه‌ نه‌رێنییه‌كانی سوپای پاسداران و ده‌زگای هه‌واڵگری( سپاه‌ پاسداران و وزارت اطلاعات) ئه‌و وڵاته‌ له‌ كاروباری گه‌لان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌، كاریگه‌ری خرابی له‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی هه‌بووه‌ ، په‌یره‌و كردنی سیاسه‌تی ناته‌ندروستی به‌رده‌وامیدان به‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و بوونی ناسه‌قامگیری له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌ بیانوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی نیشتمانی ئێران و پشتگیری له‌ هه‌ژاران و زوڵم ڵێكراوان، ململانێی ئایین و ئایینزایی زۆر قوڵ كردووه‌ته‌وه‌ و ڕێگریش بووه‌ له‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت و ئاسایشی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بچه‌سپێت و سه‌روه‌ت و سامانی زۆری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش له‌ ئه‌نجامی ململانێی بێ مانا به‌ فیڕۆ دراوه‌.
هه‌موو فاكته‌ره‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ ئالۆزییه‌كانی ئێران گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی كۆنترۆلیش بكرێن، به‌ڵام چاره‌سه‌ر كردنی ڕیشه‌یی كێشه‌ وگرفته‌كان و به‌جێ هێنانی داواكاری هاووڵاتیان كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕینی سیاسه‌تی نێوخۆی و ده‌ره‌كی ئه‌و وڵاته‌، هه‌ر بۆیه‌ش لەئیستادا كۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوی ئالنگاری(ته‌حه‌دای) گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌ ، كه‌ وا به‌ ئاسانی ده‌رده‌كه‌ی چاره‌سه‌ر نابێت، گه‌رچی به‌شێكی مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌هێزی دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌بوونی ئالترناتیڤێكی به‌هێزیش فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ مانه‌وه‌ و له‌ ناونه‌چونی.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌كی وڵاتانی پێشكه‌وتوو وسه‌ركه‌وتوو ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و له‌یه‌ك جیا ناكرێنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌توانن به‌ گرتنه‌به‌ری چاكسازی سیاسی و ئابوری زۆر له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان له‌ ئێستا و له‌ داهاتوودا چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، هه‌روه‌ها له‌ شوێنی دروستكردنی دوژمنی وه‌همی بۆ خۆیان و سه‌رقاڵ كردنی خۆیان و خه‌ڵكی خۆیان به‌و دوژمنه‌ وه‌همیانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر كوردستانی باشور به‌ر له‌ ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم ئه‌نجامیاندا ، كه‌ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانیان به‌ پیلانی ڕۆژئاوایی- ئیسڕئیلی و به‌ ئیسڕائیلی دووه‌م ناو ده‌برد وبه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان داده‌نا، ده‌توانن زۆر دۆستی ڕاسته‌قینه‌ بۆ گه‌لی خۆیان له‌ ناو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانبار كردنه‌ بێ بنه‌مایانه‌، ئێرانیه‌كان باش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن كه‌ بیرۆكه‌ و داواكاری و خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیخوازی كورد زۆر به‌ر له‌ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جێگای دڵخۆشییه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌ ڕوناكبیرانی ئێرانی به‌رگرییه‌كی زۆرمرۆڤانه‌یان له‌ داواكاری ڕه‌وایی گه‌لی كورد كرد له‌ كاتی ڕیفراندۆم ،ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌وان پێیان وابو وڵاته‌كه‌یان له‌ به‌ر زۆ هۆكار پێویسته‌ پاڵپشتی زیاتری گه‌لی كورد بكات، ته‌نانه‌ت پێیان وابوو تاكو ئاستی سه‌ربه‌خۆیش ده‌بێت پشتگیریی كورد بكه‌ن ، پێم وایه‌ ئه‌و بیرو بۆچونه‌، بیربۆچونێكی زۆر ڕاست و دروسته‌ و گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت له‌ درێژخایه‌ندا به‌ سودی هه‌ر دوو گه‌ڵدا ده‌شكێته‌وه‌.
دڵنیام له‌وه‌ی گه‌ر بڕیار و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نه‌بێت، هیچ كێشه‌ و گرفتی ئه‌وتۆی مه‌زن له‌ نێوان گه‌له‌ جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه‌دا نیه‌ كه‌ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌سته‌م بێت.
گه‌لی كوردیش له‌به‌ر جوگرافیا و مێژوویی خۆی و هه‌بوونی زۆر شتی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تاك تاكی گه‌لانی ناوچه‌كه‌، ده‌توانێت ڕۆلێكی گرنگ له‌ نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا بگێرێت و فاكته‌رێك بێت بۆ نزیك كردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ له‌ یه‌كتری گه‌ر ده‌رفه‌ت و مافی سروشتی خۆی پێ بدرێت و ده‌وڵه‌تان وه‌كو دوژمن لێی نه‌ڕوانن ، به‌ڵكو وه‌كو دۆست و فاكته‌ری سه‌قامگیری و ئاسایش له‌ناوچه‌كه‌دا دانی پێدا بنرێت و ببینرێت، له‌و كاته‌دا گه‌لان و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌توانن قۆناغێكی سه‌قامگیرتر و جیاوازتر له‌ ڕابردوو له‌ ڕوی ئاسایشی به‌ كۆمه‌ڵ( collective security- الامن الجماعي) و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی تاقی بكه‌نه‌وه‌.
به‌شداری گه‌لی كورد له‌ جه‌نگی دژی تیرۆریستان و تێك شكاندنی داعش باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ كورد ده‌توانێت ڕۆڵی چه‌ند گه‌وره‌ له‌ دابین كردنی ئاسایشی به‌ كۆمه‌ڵی ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.
Top