کۆچی ئیدریس و ئەرکی سەرۆک

کۆچی ئیدریس و ئەرکی سەرۆک
دوای پیلانە نێودەوڵەتیەکەی جەزائیر و نەخۆش کەوتنی بارزانی نەمر و دواتر کۆچ کردنی، ئەرکی هەستانەوە و وڵامدانەوەی ئەو پیلانە نێودەوڵەتی و فرە جەمسەرە کەوتە سەرشانی کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانی، ئەو دوو برایەش کە دوو گەنجی تێگەیشتوو لە کوردایەتی و پێگەیشتووی ناو قوتابخانەی رێبازی بارزانی نەمر بوون برایانە ئەو ئەرکەیان گرتە ئەستۆ، ئەوە لە کاتێکدا بوو زۆرێک لە بەرپرس و بڕیار بە دەستانی ئەوکاتی شۆڕش بە راکردن لە بەرپرسیارێتی هەوڵیان دەدا شکستەکە بخەنە ئەستۆی بارزانی نەمر، بەشێکی تریشیان هەوڵیان دەدا لە کانیاوی ئەو شکستەدا جوانکاری سیاسی و شۆڕشگێڕی بۆ رابردووی پڕ لە خراپەکاری خۆیان بکەن و هەر بەو جوانکاریەوەش خۆیان نمایش بکەن، هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستانیش لەسەر ئەوە کۆک و هاوڕا بوو کە شۆڕش و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد لە بازنەی ئەو شکستەدا گەمارۆ بدەن.
داگیرکارانی کوردستان و ئەو بەشەی کە لە بەرپرسیارێتی رایان دەکرد و ئەو بەشەش کە جوانکاریان بۆ خۆیان دەکرد، لە خاڵی دوور خستنەوەی ماڵباتی بارزانی نەمر لە شۆڕش و بەرخودان یەکتریان دەگرتەوە، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان کاک ئیدریس و سەرۆک بارزانی بە شاندانە بەر بەرپرسیارێتی جیا لەوەی گەمارۆی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستانیان کردە پێخوستی شۆڕشگێڕی، چاوەڕوانی نەیارانی ناوخۆشیان کردە خەونێکی بەدینەهاتوو و بە دۆست و دوژمنیشیان گوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی بەرپرسیارێتی راستەقینەی هەستانەوەی دوای شکست و جوانکاری راستەقینەش بەردەوام بوونە لەسەر بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان.
هەر کەسێک بۆ تەنیا جارێک بە دیداری ئەو زاتە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرە گەیشتبێ، دەزانێ کۆچی دوایی کاک ئیدریس لە رۆژی ٣١ــ١ــ١٩٨٧ جیا لەوەی بۆشاییەکی گەورەی لەناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد جێهێشت، ئەرکی سەرۆک بارزانییشی کردە دوو بەرامبەر، بەڵام ئەگەر دوور لە سۆز و رق هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی لە بێژینگی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری بدەین، دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە سەرۆک بارزانی بە پابەند بوونی بە رێبازی بارزانی نەمر، هەم توانی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە کۆچی دوایی کاک ئیدریس خستیە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد، هەمیش ئەرکە دوولایەنیەکە سەرکەوتووانە ئەنجام بدات، بۆیە لە ساڵیادی کۆچی دوایی کاک ئیدریس دەڵێم: باشترین وەفا و رێز گرتن لە خەبات و ئامانجەکانی ئەو زاتە شۆڕشگێڕە، پابەند بوونە بە رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی.
Top