داھاتوویەکی ھاوبەش لە جیھانێکی تێکشاودا

داھاتوویەکی ھاوبەش لە جیھانێکی تێکشاودا
دروست کردنی داھاتوویەکی ھاوبەش لە جیھانێکی تێکشاودا، ناونیشانی ٤٨ ھەمین کۆڕبەندی ئابووری جیھانە لە داڤۆس ‏‎ ساڵانە لە ٢٣ی کانونی دووەمەوە کارەکانی دەستپێدەکات و تا ٢٦ی هەمان مانگ دەخایەنێت، ئەمساڵیش دوو هەزار و ٥٠٠ کەسایەتی دیاری جیهان و سەرۆکی وڵات و حکومەتەکان، وەزیری دارایی و بازرگانان، بزنسمان و کارگێڕی کۆمپانیا گەورەکان، لەگەڵ ئەستێرە دیارەکانی بووار سینەما و میوزیک بەشدارییانکردووە. شارۆچکەی داڤۆس، سەیرانگایەکی دڵڕفێنە دەکەوێتە قەدپاڵی زنجیرە چیای ئاڵپ لە سویسرا، کۆبوونەوەکەش بەگەورەترین کۆبوونەوەی ئابووریی جیهان دادەنرێت. ‏‎
سەرەتاکانی دەرکەوتنی داڤۆس، دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستایەکی ئابووریی بە ناوی کڵاوس شواب، کە لە ساڵی ١٩٧١دا مونتەدایەکی بچووکی بۆ بزنسمانە ئەوروپییەکان دامەزراند، بەڵام دواتر گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان وایکرد، کۆڕبەندەکە فراوان بکرێت و ئێستا دیارترین و ناودارترین نوخبەی ئابووری و سیاسیی و هونەریی لە جیهاندا لەخۆی دەگرێت. رێکخەرانی کۆڕبەندەکە لە رێگای ئەم کۆبوونەوەیەوە داوادەکەن حکومەتەکان یارمەتیدەربن بۆئەوەی هاوئاهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانە جیهانییەکان کارابکرێن. ‏‎ لەسەر ئاستی جیهان، دیارترین ئەو سەرۆک و سەرۆک وەزیرانانەی بەشداری کۆڕبەندەکەیان کردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەنگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیان، دیارترین ئەو سەرۆکانەشی بەشداریان نەکردووە، هەریەکە لە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا و شی پی جینگ سەرۆکی چینن. ‏‎ لە هەرێمی کوردستاندا، شاندێک بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداریانکردووە و لە پەراوێزی پانێڵەکاندا چەندین کۆبونەوەیان ئەنجامداوە.
‏‎داڤۆس، تەنها کۆڕبەندێکی گرنگ نییە، بەڵکو پەراوێزی ئەو کۆڕبەندە هێندەی کۆڕبەندەکە بایەخی هەیە و دەرفەتێکە بۆ کۆبونەوە و یەکتربینینی سەرکردەکانی جیهان و سەرمایەداران. لە ڕاستیدا کۆڕبەندەکە وەک جۆرێک لە گەڕان بەداوای بازاڕ و ھەلی کاری نوێ سەیر دەكرێت لەلایەن سەرمایەداران و کەسانی خاوەن کارەوە، هه‌روه‌ها سەرکردەکانیش بەبازاڕکردن دەکەن بۆ ووڵاتەکانیان وخاوەن کار سەرمایە گوزاران ھاندەدەن ڕووبکەنە ووڵاتەکانیان بۆ وەبەرھێنان ، له‌م كۆڕبنده‌دا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چەندین کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرکردە و سەرۆک و گەورە بەرپرسانی وڵاتاندا ئه‌نجامداوه‌ کە پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێمە دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە، دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ بزنسمان و کۆمپانیا جیھانییەکاندا ئەنجامداوە، کە ئومێدی دەکرێت ببێتە ھۆکاری زیاتر بوژانەوەی گەشەی ئابووری کوردستان و کۆمپانیا و وەبەرھێنەران دووبارە بگەڕێنەوە بۆ بوواری وەبەرھێنان لە کوردستان کە لەدوای شەڕی داعشەوە کوردستانیان بەجێ ھێشتووە یان سڵیان کردووە لە بەگەڕخستی پارەکانیان لە بوواری وەبەرھێنان و سەرمایە گوزاری کە وەک ناوچەیەکی جەنگ سەیریان کردووە. دڵنیایی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوان زۆر گرنگە کە ھانیان بدات بگەڕێنەوە بازاڕی کاری کوردستان لەسەرجەم سێکتەر و بوارەکاندا بەتایبەتی کەرتی بانکی و کشتوکاڵ و گەشت و گوزار و پیشەسازی.
بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس گه‌ر بۆ جیهان جێگه‌ی گرنگی بێت، ئه‌وه‌ بۆ هاونشتیمانیانی كوردستان به‌ به‌شێك له‌ هیوا سه‌یر ده‌كرێ، و بۆ حاڵی ئێستای كوردستان هاوڵاتیان به‌چاوی پڕ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵ‌ و دیداره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یان.
Top