گۆڕان و کۆمەڵ لە تەرازووی ئیسلام و دیموکراسیدا

گۆڕان و کۆمەڵ لە تەرازووی ئیسلام و دیموکراسیدا
لەو کاتەوەی بزووتنەوەی گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی خودپەسندی حزبی هاتە ناو کایە سیاسیەکان و لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیش بوونە هاوپەیمان، زۆرترین بانگەشەی دیموکراتیان کردووە و بەردەوامیش نەیارەکانیان بەو خەسڵەتانە تاوانبار کردووە کە خۆیان هەڵگریان بوون.
بزووتنەوەی گۆڕان دیموکراتی لە تەخوین کردنی نەیار و جیاوازەکانیدا کورت هەڵێناوە، هەر کەس و لایەنێکیش وەک ئەو نەدوێ و وەک ئەو بیر نەکاتەوە و وەک ئەویش هەنگاو نەنێ، بە بەرنامە پەلامار دەدرێ و جنێوشۆر دەکرێ، تەنانەت دۆست و هەڵسووڕاوانی خۆشی بە هەر هۆکارێێک لێی دوور بکەونەوە هەزار و یەک تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن و بە خائین و جاسووس و گەندەڵ ناویان دەبەن.
کۆمەڵی ئیسلامیش وەک حزبێکی ئیسلامی توندڕەو و تیرۆریستخواز، خۆشگوزەرانی دنیا و گەیشتن بە فیردەوسی بەهەشت لە ئەمیرایەتی عەلی باپیر و گەیشتنە دەسڵات کۆکردوونەوە، ئەوەی دەنگی پێنەدا و ئۆباڵی ئەمیری موسڵمانان بۆ عەلی باپیر نەکێشێ دەیکافرێنن و بلیتی چوونە دۆزەخی بۆ دەبڕن، لە هەمانکاتدا سەری زمان و بنی زمانی بانگخوازانیان نەبوونی دیموکراتییە و بانگەشەی هەڵگرتنی هەموو سنوورەکانی بەردەم دیموکراتیش دەکەن.
لێرەوە دووڕوویی ئەو دوو حزبە دەردەکەوێ، ئەوەتا گۆڕانی تۆمەت هەڵبەست و ناوزڕێنی نەیارەکانی لەگەڵ حزبێکی توندڕەو و تیرۆریستخوازی وەک کۆمەڵی ئیسلامی بوونە هاوپەیمان و وەک یەک دەخۆن و وەک یەکیش دەخەون، بە کوردی و بە کورتی بوونە یەک گیان لە دوو جەستەدا، لەگەڵ ئەو راستییەشدا بزووتنەوەى گۆڕان بانگەشەی گواستنەوەی دیموکراتی ئەوروپا و رۆژئاوا دەکات بۆ کۆمەڵگایەک کە لە ناوبردنی خراوەتە کارنامەی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیش شەوانە و بە خەون رێنماییە حزبیەکانی لە خوا و پێغەمبەر وەردەگرێ، جا وەرە کوردی ژێردەستە سەقافڵەی کاروانی دیموکراتی و سەربەخۆیی کوردستانت بزووتنەوەی گۆڕان بێ و چاوەڕوانی گەیشتنە مەنزڵیش بی؟! پێشەنگ و موفتی ئیسلامیشت عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامی بن و گومڕا و رەنج بە خەساری هەردوو دنیا دەرنەچی؟!
Top