سلێمانی نێوچاوانی (١٣)یە

سلێمانی نێوچاوانی (١٣)یە
رۆژێک کابرایەک دەگەڕێتەوە ماڵەوە و دەبینێ کەسێک لەگەڵ ژنەکەیەتی، ئەویش هەردووکیان دەکوژێ، کێشەکە دەچێتە دادگا و دادوەر بە کابرا دەڵێ: بۆچی کوشتووتن؟ کابرا دەڵێ: جەنابی دادوەر لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بەسەریاندا چووم، دادوەر دەڵێ: باشە ئازادت دەکەم، بەڵام بەو مەرجەی جارێکیتر شتی وا نەکەی.
دوای ماوەیەک کابرا ژنێکی تر دێنێ، رۆژێک دەگەڕێتەوە کەسێک لەگەڵ ئەویشە، دووبارە هەردووکیان دەکوژێ، کێشەکە دەچێتەوە دادگاو دادوەر دەڵێ: ئەو دوانەت بۆ کوشتن؟ کابرا دەڵێ: قوربان ئەوانەم لەوانی تر خراپتر دیتن، بۆیە خۆم پێڕانەگیرا و کوشتمن، دادوەر دەڵێ: وەرە واژۆم بۆ بکە ئەگەر جارێکیتر شتی وا بکەی لە سێدارەت دەدەم، کابرا واژۆی بۆ دەکا و دەڕوا.
دوای ئەوەی کابرا ژنی سێیەم دێنێ، بە هەمان شێوە رۆژێک کەسێکی تریش لەگەڵ ئەو دەبینێ و هەردووکیان دەکوژێ، دادوەر دەڵێ: ئەوە واژۆی خۆتە و دەبێ لە سێدارەت بدەم، کابرا دەڵێ: جەنابی دادوەر هەقی خۆتە، بەڵام داوا دەکەم بەر لەوەی لە سێدارەم بدەی با قسەیەک بکەم، دادوەر دەڵێ: فەرموو چیت هەیە بیڵێ.. کابرا دەڵێ: جەنابی دادوەر نێوچاوانم (١٣)یەو سوێند بەو خوایەی تاک و تەنیایە ئەتۆ ببیە ژنی من حیز دەبی، ئەگەنا بۆ هەرسێکیان حیز دەرچوون!
سلێمانیش دەردی ئەو کابرایەیەتی، هەر کەسێک راست دەبێتەوە دەڵێ: من خزمەتگوزاری و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی سلێمانی دێنم، کەچی لەوەی پێش خۆی خراپتر دەردەچێ، بۆ نموونە:ــ
نەوشیروان مستەفا دوای دەیان ساڵ لە یەکێتی هاتەدەر و گوتی: جەرگم بۆ خەڵک ژان دەکا و موچەی (٥٠٠٠٠٠) هەزاری بۆ کابانی ماڵ دابین دەکەم، بەرهەم ساڵحیش دوای دەیان ساڵ کار کردنی لە یەکێتی دێتەدەر و بە خەڵک دەڵێ: دیموکراتی دادپەروەری دەستەبەر دەکەم، ئێستا کەس نەماوە شاسوار دەڵێ: خۆشگوزەرانی لە گیرفانی من دایە و هەر تاکێکی سلێمانی دەکەمە خاوەنی چاڤیلاندێک، هەڤاڵ ئەبوبوکر تا پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرتبوو کەناڵەکانی جاڕس کردببوو، لە لێدوانەکانیدا دەیگوت: بە سەبرێک و دوو فووان کێشە لە سلێمانیدا ناهێڵم، کەچی لەوەتەی بۆتە پارێزگار سرووشتی جنۆکەی وەرگرتووە و لە کەناڵەکانیش نابینرێ.
ئەوە بۆ بەرپرسانی حزبی هەموو لایەنەکانیش راستە، هەر بەرپرسێک لە سلێمانی پۆستی تازە وەردەگرێ، لە سەرەتادا خۆی بە فریشتە دەکات، دوایی خەڵک هەزار خۆزگە بە بەرپرسەکەی پێش ئەو دەحوازێ.
Top