هیچ داگیركەرێك ناتوانێ ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووكی داگیركراو بسرٍێتەوە ..
January 27, 2018
وتار و بیروڕا
ئێمە هەرێمێكین بەناوی هەرێمی كوردستان و قەوارەیەكی سیاسی هەیە و نەتەوەیەك هەیە، ئەوان دەبێت دان بەم قەوارەیە بكەن، سەبارەت بە جێبەجێكردنی دەستووریش نەجاڕ گوتی: ئەگەر دەیانەوێت دەستوور جێبەجێبكەن، پێویستە هەموو ماددەكانی دەستوور جێبەجێبكەن، نەك هەندێك ماددەی هەڵبژێرن و بڵێن ئەوە ماددەی دەستوورییە، ماددەی 140 گەورەترین كێشەی ئێمە و بەغدایە، ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بێت، هەموو كێشەكان چارەسەر دەبێت، دەبێت جێبەجێ بكرێت. قبووڵ ناكەین و قابیلی قبووڵ نییە دووبارە ئەو ناوچانە تەعریب بكرێنەوە، ئێمە لە سەردەمی بەعسدا تەعریبمان قبووڵ نەكردووە، نابێت قبووڵ بكرێت و قەتیش سەرناگرێت، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بێدەنگ نابین و ئەگەر تەعریبیش بەردەوام بێت، كێشە دروست دەبێت. هەروەها دەربارەی دۆخی كەركووك و پرسی گەڕانەوەی كورد بۆ شارەكە، كاكەمین نەجاڕ گوتی: خەڵكی كەركووك بەم دۆخە ناتوانێت بگەڕێتەوە شارەكە، ئەوانەی هاوكاری عێراقییان كرد، ئەوانیش ئێستا ناتوانن بچنەوە كەركووك، ئێستا كەركووك شارێكی داگیركراوە لە لایەن حەشدی شەعبی و كەركووك بە بێ كوردستان و بەپێچەوانەوە هیچ واتایەكی نییە .
شاری كەركووك بۆ كورد و كوردستان شادەماری جەستەی شۆڕش و قوربانیەكانمانە هەمیشە لە ناخمان وەك سیمبولێكی گەورە تەماشا دەكرێت، ئەو شارەی هەردەم بەشێكی دانەبڕاوەی كوردستانە بووەتە جێی ململانێی نێوان كوردو نەیارەكانی بە جۆرێك كەركووك بووەتە رەمزی مان و نەمانی نەتەوەی ئێمە، ئیتر نەیاران چی دەڵێن بابڵێن و كەمترین بەڵگە و دۆكیۆمێنتیان لایە لەبەرامبەر بە ڕاستی و دروستی بەڵگەكانی ئێمە، هەوڵدانی ئەوان بۆ لەكەداركردنی شارەكە بێ ئەندازە بوو بەجۆرێ هەوڵیان دەدا بۆ ناشیرینكردنی مێژوو، بەڵام دەست بۆ هەر بستە خاكێكی نەك هەر خودی شارەكە بەڵكو دەورو پشت و هەتا دەگاتە سەر سنووری حەمرینش ببەیت.
ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە دنیای دەرەوەی گوت كە كورد "ئیرادەی" خۆی هەیە و چارەنووسی خۆی دەنووسێت، ئەمە بە لای هیچ وڵاتێكی دراوسێ و ڕۆژئاواوە جێگای باوەڕ نەبوو، چونكە نەتەوەی كورد ئەو نەتەوەیەی سەردەمی سەدەی ١٩ و ٢٠ نەبوو كە ئەوان بیریان لێ دەكردەوە. بۆیە ئەگەر بڵێین ڕۆژئاواش لە موحاسباتی خۆیان نیسبەت بە كورد تووشی هەڵە بوونە دوور لە ڕاستی نییه؛ بۆیە ڕێفراندۆم توانی سیاسەت و ڕوانگەی ڕۆژئاوا و جیهان نیسبەت بە كورد بگۆڕێت.پڕۆژەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پێشتر پیلان و پلانی بۆ دانرابوو. بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی باسیان لەوە كردبوو كە ئەگەری ڕووداوێكی لەم چەشنە بوونی هەیە، بۆیە دەیانگووت كە زمانی هەڕەشە هیچ پرسێك چارەسەر ناكات و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە. هەروەها پێشتریش بە ڕوونی و ئاشكرایی بە سەركردایەتی كورد گوترابوو كە دەبێت لەو ناوچانە بكشێنەوە و تەنانەت هێڵی سەوزیان دەستنیشان كردبوو كە سنووری پێش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی سەدامە. تەنانەت لە دواڕۆژی فشارەكان بۆ دواخستنی ڕێفراندۆم، تەكلیفی دواخستن بۆ ماوەی حەفتە و مانگیش هەبوو كە ئەمەش بە دروستی مەبەست لێوەرگرتنەوەی كەركوك پێش وادەی ڕێفراندۆم و ڕێگرتن بوو لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لەو شارەدا! دوای رێفراندۆمیش هەرچی بانگی دیالۆگ بوو رەدیان كردەوە و پیلانی هێرش و داگیركردنی كەركووكیان بە رێبەریی سپای پاسداران جێبەجێ كرد.
كورد ئەگەرچی بە درێژایی مێژوویی خەبات و قوربانیدانی تووشی كارەساتی زۆربۆتەوە بەڵام نە تەنیا كۆڵی نەداوە بەڵكوو قایمتر، پتەوتر، بە ئیرادەتر و توندتر لە پێشوو دەستی بە خەبات كردووەتەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین و دان بەوەدا بێنین كە تەنیا شتێك نەتەوەی كورد ئارام دەكاتەوە ئەوەیە كە داخوازی و ویستی ئەوان جێبەجێ بكرێت لە غەیری ئەوەدا تا ڕەوڕەوەی مێژوو بەڕێوە بێت كورد دەست لە ویستی خۆی هەڵناگرێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئاسایش و ئارامیی تێدا نابێ. ئەو راستییانە دەسەلمێنێ كە شاری كەركووك وەك زەوی وەك ناو وەك كەلتوور و وەك ئاو و هەواو وەك خەسڵەت و وەك زمان و وەك هەموو ئەو سروشتەی كە راستی قسەكانی ئێمە دەسەلمێنێ رەنگ و بۆی یاخود ناخ و دیمەن و وێنەی كەركوك و ناوچەكەشی هەر لەچوارچێوەی كوردستانی بووندا دێت و دەچێ ئیدی با نەیارانمان سەد ئەوەندەی تر بیڕێسن یاخود بیخەنە نێو گەمەیەكی یاساییەوە ناتوانن ئەم راستییە بشارنەوە كە كەركووك شارێكی كوردستانییە بە ڕوح و بە سروشتی ژیان ئەو راستییەی سەلماندووە. بۆیە چەند پیلان لە دژی كەركووك وكەركووكییەكان بگێرێت ،بەڵام كەركووك هەر ئەو دڵەیە كە بارزانی نەمر باسی كردووە ولە نێو رۆحی كوردستانە و جیا نابێتەوە .