كورد چی لە داڤۆس دەست كەوت؟
January 27, 2018
وتار و بیروڕا
ساڵانی پێشتر سەرۆك بارزانی بەشداری لەو كۆڕبەندە دەكرد و ئەمساڵیش بەرێز نێچیرڤان بارزانی وەكوو كەسایەتییەكی سەرەكی و سەركەوتوو لە كارەكانیدا بەشداری كرد و یەكێك بوو لەو كەسایەتییە هەرە سەرەكی و ناسراوترین كەسایەتییەكان لە جیهاندا كە دیدارەكانی زۆرترین دەنگیدایەوە. كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەو كۆڕبەندە ببووە مانشێتی سەرەكی زۆربەی راگەیاندنەكانی جیهانی و بە گرنگییەوە باس لە كۆبووەنەوەكانی دەكرا، زوومی زۆربەی تیڤیی و رۆژنامەكان كەوتبووە سەر دانیشتنەكانی نێچیرڤان بارزانی و زۆر بە وردی كاریان لە سەر لێدوان و كۆبوونەوەكانی دەكرا لە گەڵ كەسایەتییە هەرە كاریگەرەكانی جیهانی و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی ئەورۆپی.
چل و هەشتەمین دانیشتنی داڤۆس، خێری تێدا بوو بۆ كورد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان زۆرترین كەسایەتیی جیهانی و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی وڵاتانی تێیدا بینی و باس لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر كرا، بۆ زۆربەی ولاتان روون بووەتەوە كە بەغدا بە هۆی هێز و بیری نەتەوەیی و مەزهەبی چ زولمێك لە هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ زۆربەی وڵاتان روون بوویەوە كە بەغدا چۆن هزری مەزهەبی بە ناوی دەستوور بە سەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنێت و ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ كوشتن و تەسلیم كردنی مەزبەكانی دیكەیە، بۆ هەموو لایەك روون كرایەوە كە عێراق تەنها جوگرافییایەكە و ئیران حوكمی دەكات، بۆ هەموو لایەك روون كرایەوە كە ئابووری هەرێمی كوردستان چەندە لە گەشە كردن و بووژانەوەدا بوو و چۆن دووژمانی كورد لە دژی دیموكراسی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان وەستانەوە.
لە داڤۆس باس لە داهاتوو دەكرێ و پەند لە رابردوو وەردەگیرێت، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە داهاتووی جیهان و پێویستە گرنگی بەو هەرێمە بدرێت، چونكە لە سالانی رابردوو سەلماندوویەتی چەندە كورد حەزی لە پێشكەوتن و بە جیهانە بوونە و چەندە نەتەوەیەكی گرنگ و بە سوودە بە گشت مرۆڤایەتی.
ئەمساڵ لە كۆڕبەندەكەدا زیاتر باس لە دروستكردنی ئایندەیەكی هاوبەش بۆ دونیایەكی پەرت و بلاو كرا و هەرێمی كوردستانیش بەشێكی گرنگە لەو دونیایە پەرت و بلاوە و دەیانەوێت ببێتە بەشێكی سەرەكی لە كۆڕبەندی داڤۆس.
دۆزینەوەی رێكارەكانی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی بۆ ژیانی مرۆڤەكان و ئاسایی كردنەوەی ژیان، بەرەو پێشبردنی ئابووری جیهانی و رەخساندنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، خاڵە هەرە گرنگەكانی نێو كۆڕبەندی داڤۆس بوون. ئەوەندەی باس لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی سووریا و توركیا و ئیران و عێراق كرا، نیو ئەوەندە باسی هەموو جیهان نەكرا، لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە كە لەو چوار وڵاتەدا كورد خراوەتە ژێر زولمێكی زۆر و تا ئەم زولمە بەردەوام بێت، ئەم چوار وڵاتەش بەم شێوەیە بەردەوام ئاسمانیان پڕ لە دووكەلی سۆتن و بۆنی باڕووت و لاشەی مردوو دەبێت. بۆیە پێویستە بە جیدی كار بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد لەو چوار وڵاتە بكرێت.