كامەیان تەنازولە؟ خیانەت یان شكاندنی ئابڵوقەكان؟

كامەیان تەنازولە؟ خیانەت یان شكاندنی ئابڵوقەكان؟

25ی سیپتامبەر ڕۆژێكی مێژوویی و چارەنووسساز بۆ گەلی كورد بوو، گەلی كورد سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانەی كە بە دەست سایكس بیكۆ و سعد ئاباد و ڕێككەوتننامە ژێربەژێر و چوارلایەنانەی بەغدا، دیمەشق، تاران و ئەنكارا دەیناڵاند، بەڵام ئەو جارەیان بە ئیرادەیەكی راستەقینەتر بڕیاریدا ئیتر با بەس بێت، حكومەتی ناوەندی بەغداش سەرەڕای ئەوەی كە كورد هاوبەشی ڕاستەقینە لە دامەزراندنی عێراقی نوێ‌ بوو، بەڵام بە پێشكەوتنی كورد و كوردستان لەو شوێنانەی كە لە ژێر ركێفی كورد دابوون، كەوتە پەلەقاژە و كوردی رۆژبەرۆژ زیاتر خستە ناو ئەو پیلانە ترسناكەی كە پێیشتریش هەبووە و بە بڕینی بودجە و موچەی كوردستان بڕیاریدا كوردستان بەرەو ئاقارێكی ترسناك ببات، هەربۆیەش گەلی كوردستان ئەمجارەیان بڕیاریدا بوونی خۆی وەكو نەتەوەیەك كە زیاتر لە سەدەیەكە دەچەوسێندرێتەوە بسەلمێنیت و لە كردەوەیەكی ئاشتیانە و بە دوور لە توند و تیژی و دیموكراتییانەدا،25 ی سێپتامبەر بوونی خۆی سەلماند و بە دەنگی زۆرینەی كوردستان مێژووییەكی تۆمار كرد كە ئەگەر هاتوو پێشی پێ گیرابوایە و لە كاتی خۆی ئەنجام نەدرابوایە كوردستان بە هیچ شێوەیەك ئەوەی كە هەیە بەدەستی نەدەهێنا.
ئەوە سەرەتای دەستپێكردنی دوژمنایەتی حكومەتی بەغدا نەبوو، بەڵام بەغدا بەو هەنگاوەی كوردستان، هەنگاوەكانەی خێراتر كرد، بۆ ئەوەی كوردستان لەو ڕێگەی كە هەیە بوەستێنیت بە تایبەتی كە لە هەناردەكردنی نەوت بەرەو سەربەخۆیی ئابوری دەچوو، ئەگەر خیانەتی بەشێك لە كاڵفامەكانی ناو یەكێتی نەبوایە و دەستیان لەناو دەستی وڵاتانی ئەقلیمی نەنابوایە بە هیچ شێوەیەك حكومەتی ناوەندی نەیدەتوانی رووبەرووی جوامێری پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ببێتەوە، هەرچەندە كە ئەو ڕێككەوتنە ئاگرێك بوو كە سەرەتا داوێنی خۆیانی گرت، بەڵام كوردی وەكو نەتەوە تووشی شكستێكی گەورەكرد بە شێوەیەك كە لە سەد ساڵی رابردوو كورد خیانەتێكی ئەوها گەورەی بە خۆووە نەبینیبوو.
16 ئۆكتۆبەر، سەرەتای خیانەتی ئەو دارودەستەیە نەبوو، كۆتاییش نابێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە كە ئەو شكستە گەورەیە بە قارەمانێتییەوە باسی لێوە دەكەن و هەر ڕۆژە و لە بوارێكدا بە ڕێككەوتنێكی ستراتیژی ناوی دەبەن بە تیۆری نوێی ناوی دەبەن و بوون بە قارەمانی مێژووی لە قوتار كردنی عێراق بۆ یەكپارچەیی و هەر رۆژە و لە لایەنێكی شیعی تەكریم دەكرێن.
دوا بە دوای هەموو ئەو ئابلوقە عەسكەری و سیاسی و كۆمەلایەتی و تەنانەت ئەو ئابڵوقە دیپلۆماسییەی كە لەو بوارەوە تووشی كوردستان بوو، حكومەتی هەرێم توانی بە نەخشەیەكی نوێ‌ بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و ئەو بەربەستانە بشكێنێت كە كوردستانی تووش بووە هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە تەنانەت بە نیاز بوون كار بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام هەر ئەوانەی كە خیانەتیان لە نەتەوەكەیان كرد نەوەستاون، ئەمجارەیان هەموو ئەو هەنگاوانەی كە سەرۆكی حكومەت بەرەو ڕزگاركردنی كوردستانی دەنێت بە تەنازولی دەزانن، بەڵام هاوپەیمانییەتی لەگەڵ دوژمنەكانیان كە نیوەی خاكی كوردستانیان داگیر كرد و بەهەزاران كەس لە خەڵكی كوردستان ئاوارە و هەزاران ماڵ تاڵانكران و سوتێنران، بە دەیان كەس بێسەروشوێن كران، بە تەنازول نازانن، ئاخۆ گەڵۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم لە كاتی ئێستادا دەیكات تەنازولە، یان ئەو ڕێککەوتنە ژێربەژێرانەی كوردستانیان بەرەو ئەو ئاستە برد؟
Top