كەركووك ، دڵ ،رۆحە لە نێو كوردستاندا و جیانابێتەوە
January 25, 2018
وتار و بیروڕا
.كەركووك بە پێی دەستوور لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە، واتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، حكوومەتی هەرێم هەمان ئەو مافەی هەیە لە كەركووك كە حكوومەتی فیدراڵ هەیەتی، تا ئەوكاتەی بەپێی دەستوور چارەنووسی شارەكە یەكلادەكرێتەوە، گەلی كورد بە درێژایی میژوو لە لایەن رژێم و دەسەڵاتە چەوتەكانەوە چەوسێندراوەتەوە و هەوڵدراوە بە ماف و هەقی خۆی نەگات، حكوومەتی عێراقیش هەمیشە یەكێك بووە لەو حكوومەتانەی هەوڵیداوە كوردان بچەوسێنێتەوە و زۆریش كردەوەی دژە مرۆڤایەتی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامداوە و رێگەی نەداوە كورد بە مافەرەواكانی لە نێویاندا كەركووكی كوردستان بگات .
ئێمە هەرێمێكین بەناوی هەرێمی كوردستان و قەوارەیەكی سیاسی هەیە و نەتەوەیەك هەیە، ئەوان دەبێت ئیعتراف بەم قەوارەیە بكەن، سەبارەت بە جێبەجێكردنی دەستووریش نەجاڕ گوتی: ئەگەر دەیانەوێت دەستوور جێبەجێبكەن، پێویستە هەموو ماددەكانی دەستوور جێبەجێبكەن، نەك هەندێك ماددەی هەڵبژێرن و بڵێن ئەوە ماددەی دەستوورییە، ماددەی 140 گەورەترین كێشەی ئێمە و بەغدایە، ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بێت، هەموو كێشەكان چارەسەر دەبێت، دەبێت جێبەجێ بكرێت.
قبووڵ ناكەین و قابیلی قبووڵ نییە دووبارە ئەو ناوچانە تەعریب بكرێنەوە، ئێمە لە سەردەمی بەعسدا تەعریبمان قبووڵ نەكردووە، نابێت قبووڵ بكرێت و قەتیش سەرناگرێت، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بێدەنگ نابین و ئەگەر تەعریبیش بەردەوام بێت، كێشە دروست دەبێت. هەروەها دەربارەی دۆخی كەركووك و پرسی گەڕانەوەی كورد بۆ شارەكە، كاكەمین نەجاڕ گوتی: خەڵكی كەركووك بەم دۆخە ناتوانێت بگەڕێتەوە شارەكە، ئەوانەی هاوكاری عێراقییان كرد، ئەوانیش ئێستا ناتوانن بچنەوە كەركووك، ئێستا كەركووك شارێكی داگیركراوە لە لایەن حەشدی شەعبی و كەركووك بە بێ كوردستان و بەپێچەوانەوە هیچ واتایەكی نییە .
شاری كەركووك بۆ كورد و كوردستان شادەماری جەستەی شۆڕش و قوربانیەكانمانە هەمیشە لە ناخمان وەك سیمبولێكی گەورە تەماشا دەكرێت، ئەو شارەی هەردەم بەشێكی دانەبڕاوەی كوردستانە بووەتە جێی ململانێی نێوان كوردو نەیارەكانی بە جۆرێك كەركووك بووەتە رەمزی مان و نەمانی نەتەوەی ئێمە، ئیتر نەیاران چی دەڵێن بابڵێن و كەمترین بەڵگە و دۆكیۆمێنتیان لایە لەبەرامبەر بە ڕاستی و دروستی بەڵگەكانی ئێمە، هەوڵدانی ئەوان بۆ لەكەداركردنی شارەكە بێ ئەندازە بوو بەجۆرێ هەوڵیان دەدا بۆ ناشیرینكردنی مێژوو، بەڵام دەست بۆ هەر بستە خاكێكی نەك هەر خودی شارەكە بەڵكو دەورو پشت و هەتا دەگاتە سەر سنووری حەمرینش ببەیت.
ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە دنیای دەرەوەی گوت كە كورد "ئیرادەی" خۆی هەیە و چارەنووسی خۆی دەنووسێت، ئەمە بە لای هیچ وڵاتێكی دراوسێ و ڕۆژئاواوە جێگای باوەڕ نەبوو، چونكە نەتەوەی كورد ئەو نەتەوەیەی سەردەمی سەدەی ١٩ و ٢٠ نەبوو كە ئەوان بیریان لێ دەكردەوە. بۆیە ئەگەر بڵێین ڕۆژئاواش لە موحاسباتی خۆیان نیسبەت بە كورد تووشی هەڵە بوونە دوور لە ڕاستی نییه؛ بۆیە ڕێفراندۆم توانی سیاسەت و ڕوانگەی ڕۆژئاوا و جیهان نیسبەت بە كورد بگۆڕێت.پڕۆژەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پێشتر پیلان و پلانی بۆ دانرابوو. بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی باسیان لەوە كردبوو كە ئەگەری ڕووداوێكی لەم چەشنە بوونی هەیە، بۆیە دەیانگووت كە زمانی هەڕەشە هیچ پرسێك چارەسەر ناكات و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە. هەروەها پێشتریش بە ڕوونی و ئاشكرایی بە سەركردایەتی كورد گوترابوو كە دەبێت لەو ناوچانە بكشێنەوە و تەنانەت هێڵی سەوزیان دەستنیشان كردبوو كە سنووری پێش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی سەدامە. تەنانەت لە دواڕۆژی فشارەكان بۆ دواخستنی ڕێفراندۆم، تەكلیفی دواخستن بۆ ماوەی حەفتە و مانگیش هەبوو كە ئەمەش بە دروستی مەبەست لێوەرگرتنەوەی كەركوك پێش وادەی ڕێفراندۆم و ڕێگرتن بوو لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لەو شارەدا! دوای رێفراندۆمیش هەرچی بانگی دیالۆگ بوو رەدیان كردەوە و پیلانی هێرش و داگیركردنی كەركووكیان بە رێبەریی سپای پاسداران جێبەجێ كرد.
كورد ئەگەرچی بە درێژایی مێژوویی خەبات و قوربانیدانی تووشی كارەساتی زۆربۆتەوە بەڵام نە تەنیا كۆڵی نەداوە بەڵكوو قایمتر، پتەوتر، بە ئیرادەتر و توندتر لە پێشوو دەستی بە خەبات كردووەتەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین و دان بەوەدا بێنین كە تەنیا شتێك نەتەوەی كورد ئارام دەكاتەوە ئەوەیە كە داخوازی و ویستی ئەوان جێبەجێ بكرێت لە غەیری ئەوەدا تا ڕەوڕەوەی مێژوو بەڕێوە بێت كورد دەست لە ویستی خۆی هەڵناگرێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئاسایش و ئارامیی تێدا نابێ.
ئەو راستییانە دەسەلمێنێ كە شاری كەركووك وەك زەوی وەك ناو وەك كەلتوور و وەك ئاو و هەواو وەك خەسڵەت و وەك زمان و وەك هەموو ئەو سروشتەی كە راستی قسەكانی ئێمە دەسەلمێنێ رەنگ و بۆی یاخود ناخ و دیمەن و وێنەی كەركوك و ناوچەكەشی هەر لەچوارچێوەی كوردستانی بووندا دێت و دەچێ ئیدی با نەیارانمان سەد ئەوەندەی تر بیڕێسن یاخود بیخەنە نێو گەمەیەكی یاساییەوە ناتوانن ئەم راستییە بشارنەوە كە كەركووك شارێكی كوردستانییە بە ڕوح و بە سروشتی ژیان ئەو راستییەی سەلماندووە. بۆیە چەند پیلان لە دژی كەركووك وكەركووكییەكان بگێرێت ،بەڵام كەركووك هەر ئەو دڵەیە كە بارزانی نەمر باسی كردووە ولە نێو رۆحی كوردستانە و جیا نابێتەوە .