خۆشاردنەوە لە بەرگێكی نوێدا

خۆشاردنەوە لە بەرگێكی نوێدا
گرفتی سەرەكیی قسەكردن دەربارەی چاكسازی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەوەیە، ئەوەندەی بووەتە بابەتی بەیاننامە و خۆ بێ بەری پیشاندان و بەكارهێنانی وەك ئامرازی ناشرینكردنی بەرامبەر، نیو ئەوەندە ئامانجی راستەقینەی خۆی نەپێكاوە، ئەمەش رێگەی بۆ ئەوە خۆشكردووە، گەندەڵی سیاسی و ئیداری زیاتر بڵاوبێتەوە.
بەهۆی تەشەنەكردنی ئەو نەخۆشییە، بازاڕێك بۆ ئەوانە پەیدا بووە كە لە گۆڕەپانی حزبایەتیدا كار دەكەن، هەر لەبەرئەوەشە، ئەو پەتایە بووەتە باشترین ئامرازی دەركەوتنی گرووپ و حزبی نوێ، بە داخەوە گەندەڵی وایكرد، مەسەلە بنەڕەتییەكانی كوردستان كە حزبی لەسەر دادەمەزرا، ئەوەندە كاڵ ببنەوە، تا گەیشتە رادەی ئەوەی لە دامەزراندنی حزب و گرووپی نوێدا، كەس بە لایاندا نەچێت، گرنگە دژایەتیكردنی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانییەوە، ببێتە بابەتی سەرەكیی هەموو دامودەزگاكانی وڵات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، زیاتر دەبێتە دروشم.
قسەكردن لەسەر گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن و دارایی، بووەتە عەبایەك بۆ خۆشاردنەوە، بە جۆرێك وای لێهاتووە، گەندەڵ قسە لەسەر گەندەڵی بكات و تۆمەت ببەشێتەوە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی رەزا قوڕستر ئەوانەن، پێیانوایە دوای تەمەنێكی زۆر نقووم بوون لە گەندەڵیدا، بە دەركەوتنەوە لە بەرگێكی نوێدا پاك دەبنەوە، سەرەتای ئەم دیاردەیە لە وازهێنانی گەندەڵ لە حزبێك و چوونە حزبێكی دی دەستی پێكرد، هەیان بوو لە حزبی نوێدا دەرگای گەندەڵیی بەڕوودا كرایەوە، ئەمەیان زوو كەوتە بەر تیری رەخنەی خەڵك.
زیاتر لە 10 ساڵە بە هۆی دەركەوتنی گرووپ و حزبی نوێ، دەرفەتێكی لەبار بۆ ئەو كەسانە پەیدا بووە، بتوانن بۆ خۆ پاككردنەوە، لە سەرەتای ئەو حزب و گرووپانەدا، لە بەرگێكی نوێدا سەر دەربێننەوە، ئاخر كەسانێك هەن، لەسەرەتای راپەڕینی 1991 و دەسەڵاتی بەرەی كوردستانییەوە، دەستیان بە گەندەڵی و عەیب نەبی دزین كردووە، دواتر خزمەتی دزیكردنیان گواستەوە ناو دامودەزگاكانی حكوومەت، لەوێشەوە نەیانكردە نامەردی، تا بۆیان كرا درێژەیان بە دزی و زەمینە خۆشكردن بۆ گەندەڵی دا، بەم شێوەیە پارە و پۆڵێكی زۆریان بەسەریەكەوەنا، كەچی هەر ئەوانە ئێستا دەڵێن 26 ساڵە گەندەڵی هەیە، ئێمە هاتووین كۆتایی بەم پاشاگەردانییە بێنین.
ئۆپۆزسیۆن زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی زیانی بە ئۆپۆزسیۆن گەیاند، ئەو كەسانەن كە حزب و گرووپە خۆ بەئۆپۆزسیۆنزانەكان، عەبای پاكبوونەوەیان بەسەردا دەدەن، ئەو جۆرە حزبانە دەسەڵاتی پاكبوونەوەیان لە حزبەكانی دەسەڵات سەندووە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو زۆرتریش رۆیشتوون، بە سەردانێكی بارەگاكانیان پسووڵەی لێخۆشبوون (صكوك الغفران) ی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپات دەدرێتێ و تەواو لە تاوانی گەندەڵی پاك دەبیەوە، لەبەر ئەوەیە ئەو حزب و گرووپانە، زوو لەگەڵ خۆیان ناكۆك دەبنەوە، مادام دیموكراسی تەنیا بریتی بێت لە كۆكردنەوەی دەنگ و هەڵبژاردن، هەر ئەوەندەش بەسە، لە هەڤاڵەوە ببیت بە هەڵسوڕاو و هاودید و برای موسڵمان.
Top