ئەركەكانی بەردەم ئافرەتی نوخبە

ئەركەكانی بەردەم ئافرەتی نوخبە
سەرەڕای هەموو پێشكەوتنەكان لە رۆڵ و پێگەی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا و لەسەر ئاستی جیەانیدا، بەڵام هێشتا پرسی رۆڵی سەركردایەتیكردن و كاریگەری ئافرەت لە سیاسەتدا، وەكو گرفتێك خۆی دەنوێنیت و ئافرەتان بۆ گەیشتن بە ئاستە باڵاكانی حوكمرانی و مومارەسەكردنی دەسەڵات رێگری زۆریان لە پێشە. كۆمەڵگا گەشەسەندووەكان لە دەستەویەخەبوونیان لەگەڵ ئەم كێشەیە پشكی گەورەتریان بەر دەكەوێت. ئافرەتان لەو كۆمەڵگایانەدا جگە لەوەی كە لە هەوڵی خزانە نێو سیستەمی سیاسی و سەلماندنی تواناكانیانن، وەكو كۆی كۆمەڵگاكەش لە ژێر كاریگەری قەیرانە بەردەوامەكان و چەقبەستوویی كولتووری ئەو كۆمەڵگایانەدان. بۆ ئەم ئافرەتانە، هەنگاوەكان قورستر و دەرەاوێشتەكان ئاڵۆزتر دەبن.
كاركردن بۆ دەستەبەركردنی مافی سیاسی ئافرەتان لە نێو كولتوورێكدا كە هێشتا ئافرەت و منداڵ بایەخی مرۆیی خۆیان لە رووی كۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییەوە وەرنەگرتوووە، زۆر زەحمەت دەبێت. بۆ ئەوەی بزانین پێگەی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا چۆنە، پێویستە بزانین پێگەی لە نێو سیستەمی كۆمەڵایەتیدا چۆنە؟
ەهرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە وڵاتانی گەشەسەندوو (وڵاتانی جیەانی سێیەم)، بە قۆناغی گوازراوەدا تێدەپەرێت. ئەم قۆناغە لە هەموو ئەو شوێنانەی كە پێیدا تێپەر دەبێت، ناسەقامگیری دەخولقێنێت. لە لایەك لەژێر ركێفی بەهای كۆن ولە لایەكیتر هەوڵدان بۆ پیادەكردنی بەهای نوێ لە رەفتار و ژیاندا، مرۆڤگەلێكی ناسەقامگیر بەرەهم دێنێت كە لە بەها و شێوازی ژیانیان دڵنیا نەبن. ئەم نادڵنیاییە لای هاوڵاتیانی كوردستان زۆر بە ئاشكرا بەرچاودەكەوێت. تاكەكان لە نێو ئۆمێدی ژیانێكی نوێ و مۆدێرن و بارگرانی بەها و نەریتی پێشوو لە ململانێدان. دەبینین سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ گۆڕینی واقعی پێگەی ئافرەتان و خزاندنیان بۆ نێوكایەی سیاسی، بەڵام رێگرە بابەتی و خودییەكان جۆرێك لە چەقبەستووییان لە كاری ئافرەتان دروست كردووە. بە دریژایی ئەو دوو دەیە ئەم شێوازی كاركردنە وێنایەكی چەسپاوی رۆتینی لەخۆ گرتووە، كە تەنانەت لە لای خودی ئافرەتانیش بە حاڵەتێكی نۆرماڵ و رۆتینی سەیر دەكرێت.
ئەو ناەاوسەنگییە لە مامەڵەكردن یارمەتیدەری بەرەهمەێنانی ئەو بەها نەرێنیانە بووە كە كۆمەڵگا و خودی ئافرەتانیش بەرامبەر خۆیان بڕوایان پێ هەیە و وەكو كۆت و زنجیرێك توانای جوولە و هەنگاونانی لێوەرگرتوونەتەوە.
راستە كە دیاردەی بە حزبیكردنی كۆمەڵگا وایكردووە ژمارەیەكی زۆری ئافرەتان بخزێنە نێو كاری سیاسی و ئیداری و تەنانەت تا ئاستی سەركردایەتی حزبەكان بچن و لە پەرلەمان كۆتای خۆیان هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا زۆر بەڕوونی هەست بە پەراوێزبوونیان لە ناوەندەكانی بڕیار و تەنانەت لەو ئەركانەی كە پێیان دەسپێردرێت، دەكرێت. ئەو قالبە تەقلیدییەی كاركردن كە ئافرەتانی تێكەوتووە، جگە لە بەفیڕۆدانی كات و توانایان هیچ بەرەهمێكی نەبووە. بەردەوامبوون لەسەر ئەو رەوتە وایكردووە كە خودی ئەو ئافرەتانە بە تایبەت ئەوانەی كە پلە و پۆستی بەرزتریان هەیە ئەو تێگەیشتنە تەقلدییە قبوڵ بكەن كە گۆڕینی واقعی ژیانی ئافرەتان و باشتركردنی باروودۆخیان خەمی ئەوان نییە و پێویست ناكات كاری لەسەر بكەن، بەڵكو پێیان وایە ئەوە پرۆسەیەكی خۆرسكە و بە تێپەربوونی كات بەرەو باشتر بوون دەچێت. بەڵام لە راستیدا گۆڕانی ئاراستەكراو، بە نیازی گواستنەوەی كۆمەڵگا لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی باشتر پێویستی بە بزاوتێكی هۆشیارانە و بەرنامەی درێژخایەن دەبێت.
رێكخراو و ئەو ناوەندانەی لە چوارچێوەی مافی ئافرەتان كاردەكەن، تا ئێستا بە روونی نەیانتوانیوە خۆیان لەو چوارچێوەیە تەقلیدییە رزگاربكەن كە تێیدا ئافرەتان بە شێوازی بۆ كاركردن لە ناوەندی سیاسی و ئیداری و داواكردنی مافەكانیان، ئامادە دەكەن. لەكاتێكدا كە كێشەی ریشەیی لە بونیادی كۆمەڵایەتی و بەها و نەریتە كۆنەكاندایە. تا ئەوكاتەی مێنتالیەتی نەریتی پیاوان لە نێوەندە كۆمەڵایەتییەكان و خێزاندا بەرامبەر بە توانایی و لێەاتوویی ئافرەت نەگۆڕدرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەك پیاوان ناتوانن لە دەرەوەی ماڵەكانیان بە شێوازێكی باشتر مامەڵە لەگەڵ هاوكارە ئافرەتەكانیان بكەن. ئەو كێشەیە لای ئافرەتانیش بە هەمان ئەندازە كاریگەری نێگەتیڤی هەیە. لە ژێركاریگەری پرۆسەی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی ئافرەتان بە كەم لە توانایی خۆیان دەڕوانن و ئەو بڕوابەخۆنەبوونە لە بەرامبەر ئەدای كاری پیاوان وایكردووە نەتوانن كار لەسەر تواناییەكانی خۆیان و پەرەپێدانیان بكەن.
گرنگی رۆڵی ئەو ئافرەتانەی كە گەیشتوونەتە ئاستی سەركردایەتی حزبەكان، حكومەت و پەرلەمان و رێكخراوەكانی ئافرەتان لێرەدا بەدەردەكەوێت. بوونی ئەم ئافرەتانە لەو پۆستانە بە تەنیا بەس نییە بۆ گۆڕینی واقعێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی كە رەگی داكوتاوە. ئەگەر ئەو ئافرەتانە كە زیاتر لە ئافرەتانی تر سەرچاوەكانی هێزیان لەبەردەستە، سوود لەو دەرفەتە نەبینن بۆ چەسپاندنی مافی مرۆیی و شكۆی ئافرەت، ئەوە بێگومان لە ئەركەكانیان شكستیان هێناوە و دەكرێ وەكو هەر كارمەندێكی دیكەی ئەو دامەزراوانە سەیر بكرێن.
ئەو ئافرەتانەی گەیشتوونەتە ئاستی سەركردایەتی و ناوەندی بڕیاری سیاسی لەبەر هەندێ هۆكار نەیانتوانیوە مومارەسەی ئەو دەسەڵاتە بكەن كە بە رواڵەت پێیاندراوە:
- لەسەر ئاستی كەسی و ئاستی رێكخراوەیی ئافرەتان وێنایەكی روون و جیاوازییان بۆ كاركردن و بڕیاردان بۆگۆڕانكاری لەو بوارانەی كە تێیدا دەسەڵاتدارن نییە. هەر بڕیارێك یان كارێك بكەن لە چوارچێوەی ئەو بەها و تێگەیشتنە تەقلیدیەیە كە كولتوری باو و ئەو دامەزراوانەی لەسەر بنەمای دامەزراون، بەڕێوەدەبرێن. لەم روانگەیەوە ئافرەت پێویستی بەوەیە لە دەریچەیەكی نوێوە بڕوانیتە ئامانج و كاری دامەزراوەكان. بەردەوام ئەم پرسیارەی هەبێت كە بەرەهمی كاری ئەو دامەزراوەیە یان ناوەندە چییە و ئامانج لێی چییە؟ بەمە دەتوانێت بیرۆكەی نوێ كە هەڵقوڵاوی فكر و عەقڵی خۆی بێت بخاتەڕوو و كار بۆ جێبەجێكردنیان بكات. بێگومان بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە كاركردنی بەردەوام لەسەر توانایی مەعریفی و فكری خۆی هەیە.
- پێویستە ئافرەتانی خاوەن پێگە و رێكخراوەكانی ئافرەتانیش لەو حاڵەتە دەروونییە دەربچن كە كۆمەڵگا بەسەریداسەپاندوون و تێگەیشتنێكی وای پێ بەخشیون كە رەگەزی بەرامبەر لە كاركردن و بە تایبەت لە سیاسەتدا توانای فكری و عەقلیان زیاتر و باشترە. جیاوازی دەسكەوتی زیاتری پیاوان تەنیا لەوەدایە كە دەرفەتەكان باشتر بەكاردەهێنن و بە مافی رەوای خۆیان دەزانن. ئافرەتان لەم رووەوە نابێت شەرمنانە بڕواننە حەز و ئامانجەكانیان. بوێری و زاڵبوون بەسەر ئەو نەفسیەتە دەرگای زیاتر بۆ خۆیان وئافرەتانی تر دەكاتەوە.
- كۆمەڵێك دیاردەی سلبی زۆر لە نێوكایەی سیاسی هەرێم بوونی هەیە كە بوونەتە بەشێك لە بەها و كولتووری كۆمەڵگاكەش. لە گرنگتریان بابەتی گەندەڵییە، كە پشكی زۆر كەمی بەر ئەو ئافرەتانە دەكەوێت كە لە پێگە و پلەی بەرزدان. پێویستە ئافرەتانی نێو بازنەی دەسەڵات و خاوەن پۆست و پێگەكان زۆر بە جورئەتەوە بەرامبەر ئەو دیاردە كوشندەیە بوەستنەوە و بە هەموو توانایان هەوڵ بدەن نەخزێنە نێو ئەو بازنەیە، چونكە لە كۆتاییدا ئەركی پەروەردە و بەرەهمەێنانی نەوەیەكی تەندروست و بە توانا زیاتر لە ئەستۆی ئافرەتاندایە.
- بێدەنگی ئافرەتان بەرامبەر هەموو ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەریان دەكرێت، فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ئافرەتانی سەركردە و خاوەن پۆست نەتوانن مومارەسەی دەسەڵاتی خۆیان بكەن. هەر بڕیار یان كردەوەیەكی ئەم ئافرەتانە ئەگەر لەگەڵ بەرژوەندی رەگەزی بەرامبەر یەكنەگرێتەوە، بە زۆر شێواز هەڵوەستەی بەرامبەر دەكرێت. پێویستە ئەم ئافرەتانە بزانن كاركردن لە نێوەندی سیاسی و پاراستنی خۆیان و دەسكەوتەكانیان زۆر قورسە، بۆیە بە بوێری و بێ دوودڵی هیچ كردەوەیەكی نایاسایی و هەرەشەیەك قبوڵ نەكەن و لەئاستیدا بێدەنگ نەبن و خۆیان و پێگەیان نەكەنە قوربانی.
- زۆرگرنگە هەموو ئەو ئافرەتانەی لە پێگەی بەرزدان هاوكار و پاڵپشتی یەكتری بن و، رێگە خۆش بكەن بۆ ئافرەتانی تر و پاڵپشتی داوا رەوا و گونجاوەكانیان بن.

Top