پاساوی ناڕەوا گەورەترین خیانەتە

پاساوی ناڕەوا گەورەترین خیانەتە
بە هەموو پێوەرە سیاسی و یاساییەکان هیچ خیانەتێک لەوە گەورەتر نییە تاوان بدەیتە پاڵ خۆت و پاساو بۆ سیاسەتی داگیرخوازی داگیرکاران و ئەستۆپاکی دوژمنەکانت بهێنیەوە، وەک ئەوەی هەندێ دەستە و گرووپی بەناو کوردی پاساو بۆ داگیرکردنەوەى کەرکوک و کاولکاری و پاکتاوی کوردانی خورماتوو دێننەوە و دەڵێن: ئەگەر ریفراندۆم نەکرابایە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری کەرکوکیان نەدەدا و ئەو کارەساتەیان بەسەر خورماتوو نەدەهێنا، ئەوەش پاساو هێناوەیە بۆ سیاسەتی داگیرخوازی داگیرکاران و ئەستۆپاکی دوژمنان و خۆ تاوانبار کردن.
هیچ خیانەتکارێکیش لەو خیانەتکارە رووقایم تر نییە کە خیانەت بە وڵاتپارێزی و بەرگری کردن لە خەڵک بە خیانەت لێکراوان بفرۆشێتەوە، وەک ئەوەی ئەو دەستە و گرووپانەی بوونە چاوساغ و حەشدی شەعبیان هەێنایەوە ناو کەرکوک و دەڵێن: ئەگەر لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق رێک نەکوتباین و کەرکوکمان رادەست نەکردبا، کەرکوک دەکرایە موسڵ و حەلەب.
ئەوەی دەمەوێ لەو کورتە باسەدا ئاماژەی بۆ بکەم: ئێستا لە زۆنێکی دیاریکراوی کوردستان و لای زۆرینەی خەڵکی ئەو زۆنە ریفراندم بە تاوان کراوە و داگیرکردنەوەى کەرکوک و کارەساتەکەی خورماتووش بە وەڵادەرەوەى تاوانەکە ناسێنراوە، رۆژێک بانگەشە بۆ ئارامی کەرکوک دەکەن و رۆژێکیش دەڵێن: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕێنرایەوە باوەشی نیشتیمان، ئەوەش کارکردنە لەسەر زەوت کردنی سادەترین مافی کورد کە بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆی و رەوایی دانە بە سیاسەتی داگیرخوازی داگیرکاران و هێشتنەوەى کورد بە ژێردەستەیی، جا ئەگەر ریفراندۆم تاوان بێ و پەلامار و کاولکاریش وەڵامدەرەوەی تاوان و رێگری کردن بێ لە ئەنجامدانی تاوان وەک ئەو دەستە و گرووپانە دەڵێن، کەواتە کوردبوون تاوانە و کوردایەتی و خواست و ئامانجی سەربەخۆییش کردەی تاوانکارین و شەهید و شۆڕشگێڕانیش پێشەنگ و هەڵگری پەیامی تاوان و تاوانکاری بوون.
Top