بڕیارێكی رانەگەیێندراو
January 21, 2018
وتار و بیروڕا
لە سەرەتای سەدەی بیستەم، داخوازییەكانی كورد بریتی بووە لە خۆبەڕێوەبردن و بەكارهێنانی زمانی كوردی، ئەو باجەی لە كوردستان كۆدەكرێتەوە، بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان بكرێت، فەرمانبەرانی كوردستان كورد بن، ئەمانە بەشێكن لە داواكانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی كە هەر بەهۆی ئەو داخوازییانەوە لە سێدارە درا، دواتر داواكانی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید كە بەوهۆیەوە شێخ گیرا و دوورخرایەوە، دڵنیام كە لەو كاتدا خەڵك لە نەهامەتیدا بوون، بەڵام مەبەست لە داواكارییەكان، ئازادی و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی كوردستان و ئیدارەیەكی خۆماڵی بووە، كەچی ئێستا حزبەكان خەریكی سەركۆنەكردنی خەڵكن.
راستە رێز لە ئەنجامی ریفراندۆم نەگیرا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، هەندێ حزب كە هەر یەكە و بەمەبەستێك خەریكن سەری كورد دەكوتنەوە، لەبەرئەوەی رای خۆی لە رێی ریفڕاندۆم، وەك شێوازێكی سەردەمییانەی تێكۆشان دەربڕیوە، ئێستا بە دوو ئاراستە كار لەسەر كورد دەكرێت، بۆ ئەوەی ببڕای ببڕای جارێكی دی كورد زات نەكات بەلای سەربەخۆییدا بچێت، یەكیان بەغدایە كە گوشار دەكات و بەدوای بەڵگەیەكدا دەگەڕێ پەرلەمان یان حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمی رایبگەیەنێ پەشیمانین و جارێكی دی ئەو جۆرە داوایە ناكەین، ئەوەی دووەمیشیان حزبەكانن كە بۆ برەودان بە ناكۆكیی حزبی، كار لەسەر ئەوە دەكەن كورد بە یەكجاری پاشەكشە لەو داوایەی بكات.
ئەوەی ئەو حزبانە دەیكەین، بڕیارێكە بەڵام رایاننەگەیاندووە، بڕیارێك بۆ ئەوەی كورد جارێكی دی بیر لەو داخوازییە نەكاتەوە، ئەوە گوتمان بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە رێگەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بەرپێنێكیان دایە پرۆژەیەك كە سەد ساڵە كورد خوێنی بۆ دەڕێژێ، بەڵام ئەو سەركوتانەوە لەبەرچی، بۆچی بۆ وەگەڕخستنی وەك ئامرازێكی گوشار خستنە سەر هەولێر، كار لەسەر ئەوە بكرێت كە نابێ كورد بەهیچ شێوەیەك ئاستی داخوازییەكانی بەرز بكاتەوە؟
ئەوەی بەغدا و هەندێ حزبی خۆمان دەیكەن، هێشتنەوەی ئەم دۆخەیە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەچوارچێوەی مرۆیی نەترازێ و نەبێتە سیاسی، لە رووی مرۆییشەوە، بەغدا گاڵتەمان پێدەكات، وێڕای چوونەپێشەوەی بێ مەرجی هەولێر، كەچی هێشتا بەغدا كات دەكوژێت، ئەو حزبانە خۆیان كردۆتە ئامرازی گوشار بەدەستی بەغدا و بڕیاری ئەوەیان داوە تۆبەمان پێبكەن، بەڵام بڕیارەكەیان بەفەرمی رانەگەیاندووە، بەغداش هێشتا هەڕەشەكانی بە كەم دەزانێ، چاوی لەوەیە دۆزەخێكمان بۆ ئامادە بكات و پەلكێشمان بكات و بڵێ هل من مزید؟