بەڕێز جەنابی سەرۆک.. ئەگەر لە تاقیگەی رێبازی بارزانی نەمردا پشکنینی سیاسی بۆ تەندرووستی حزبی و رێکخراوەیی پارتی بکرێ، دەبینین ڤایرۆسی گەندەڵی و خزمخزمێنە و ماستاوچێتی جەستەی بەشێک لە ئۆرگانە باڵاکانی پارتی تەنیوە، ئەوەش وایکردووە چەند بەرپرسێکی گەندەڵ گەشە و پێشکەوتنی حزب لە هەناوی بەرژەوەندی و دەستکەوتی خۆیان و خزم و کەسوکار و دەوروبەریاندا گەمارۆ بدەن، بەوەش مەترسی زۆر لەسەر پارتی درووست دەبێ، چونکە پێچەوانەی حزبەکانی تر کە بە بوونی ئەو ڤایرۆسە قەڵەو دەبن، سرووشت و ژێرخان و سەرخانی نەتەوەیی و پێکهاتەی سیاسی پارتی وایە بەو ڤایرۆسە نەبێ هێچ هێزێک ناتوانێ لاوازی بکات یان لەناوی بەرێ، بوونی ئەو ڤایرۆسانە و مەترسیەکانیان لە بەڕێزتان دەخوازێ نەشتەرگەری بۆ ئەو ئۆرگانانەی پارتی بکەی و لەو ڤایرۆسانەی پاک بکەیەوە، خۆ ئەگەر لەبەر هەستیاری قۆناغەکەش نەتوانرێ لە ئێستادا نەشتەرگەری بۆ بکەی، پێویستە بە دەرزی دژە ڤایرۆس سنوورێک بۆ گەشەی ئەو ڤایرۆسانە دابنێی و لانی کەم ئەو ئۆرگانانە بە رێبازی بارزانی نەمر پەیوەست بکەیەوە.