ھاوکێشەکانی ناوچەکە لەبەرژەوەندی کوردستان دەبێت

ھاوکێشەکانی ناوچەکە لەبەرژەوەندی کوردستان دەبێت
ھەوڵە دیبلۆماسیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دەوڵەتمەدار بۆ عێراق و ئێران و دانیشتن و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باڵای ئێران و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان کوردستان و حکومەتی عێراقی فێدڕال و وڵاتی ئێران .
دیارە ئەم سەردان و کۆبوونەوانە چەندین شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت لەلایەن چاودێرانی سیاسی ھەندێک بە گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی سیاسی و ملکەچکردنی عەبادی بۆ داواکاری کوردستان ئەژمار دەکەن و ھەندێکی بە گەمەی سیاسی و کاتی لە پێناو ھەڵبژاردنەکان و نمایشی عەبادی دادەنێن لە پێناو کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتیەکان ، کە ئەمرۆکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەمووان داواکارن و جەخت دەکەنەوە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان بەپێ دەستوور و نەھێشتنی ئابڵوقەی ئابوری سەر کوردستان .
بەڵام ئەوەی دەبینرێت لەم ھەوڵە دیبلۆماسیانەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان وحکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەک و رەزامەندی عەبادی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان چەندین رەھەندی جیاواز لە خۆدەگرێت و دەکرێت بەپێ ئەو بەرپرسیاریەتیە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە بەرپرسەکان و دەسەڵاتداران و دەکرێت ئەم دیدار و سەردان و کۆبوونەوانە بۆ چەند ئاستێک پۆلین بکەین :
- ئەوەی کە نێچرڤان بارزانی دەیکات سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵاتە و شانە دانە بەر ئەو بارودۆخەیە کە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەسەر کوردستاندا ھات و ھەموو ئەو حزب و لایەنانەی کە تا ئەو ساتە ھاوبەش بوون لە ئمتیازات و خۆشی و دەستکەوتنی پۆست وپایە ، ئیدی لەو رۆژەوە و بە بینووی جیاواز و ھەڵھاتن لە بەرپرسیارێتی نشتیمانی پشتیان لە حکومەتی کوردستان کردوو بە بۆچوون و لێکدانەوەی ئەوان ئیدی حکومەتی کوردی و پارتی پێ دەشکێنن لە ماوەیەکی کەمدا و پێگەی خۆیان لە ناو جەماوەر بەھێز دەکەن بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندە و دەنگی میللەت مسۆگەر دەکەن !، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران دەیکات و ئەرکەکەی خستۆتە سەر شانی و ھەوڵ و تەقەڵای بۆ دەدات دوو لایەنی ھەیە لە لایەک وەک سەرۆک وەزیرانی کوردستان و سیاسەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵات و بەرانگاربوونەوەی قەیرانەکان و بەرپرسیارێتی ھەڵگرتنی میژوویی و ئەخلاقیە بەرامبەر ھاونشتیمانیان لە لایەک و لە لایەکی دیکە دەوڵەتمەدار جێگری سەرۆکی پارتی دیمکوکراتی کوردستانە ئەو حزبەی کە ھەموو قوربانیدانی بە درێژایی مێژوو و شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە رابەرایەتی بارزانی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی لە پێناو خۆشگوزەرانی و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی بووە ، بۆیە کاتێک قوتابی دەرچووی ئەم قوتابخانەی کوردایەتی و بەرخودانە بێت ھیچ کات فێرنەبوو تەنھا لە کاتی خۆشی و ئاشتی و نەبوونی کێشە خۆی بە خاوەنی میللەتەکەی بزانێت ، بە پێچەوانەوە ھەموو کات پارتی ئەو حزبە بووە لە کاتی تەنگە چەڵەمەیی و قەیران و ناخۆشی خۆی بە داکۆکیکار لە کوردستان زانیووە ، لەبەر ئەوەی بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە کەواتا ئەرکی نێچرڤان بارزانی دوو لایەنەیە بۆ دەربازکردنی کوردستان لە قەیران و چارەسەرکردنی کێشەکانی.
- پێشوازی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەکو کەسی یەکەم لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی عێراق لە سەرۆک وەزیران و ئامادەیی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدڕال چەند لایەنێک لە خۆ دەگرێت و ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ھێچ شتێک بە شەڕ و گوشار و لێدوانی سیاسی چارەسەر نابێت و ئەوە دواجار ملکەچ بوونە بە گفتوگۆ و دانیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەستووریەکانی نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی کوردستان و دانان بە مافە رەواکانی کوردستان لە لایەک و لە لایەکی دیکە کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتیەکانە لەسەر حکومەتی عێراق دوای ھەوڵە دیبلۆماسیەکانی حکومەتی ھەرێم و سەرۆک وەزیران ، کە لە ماوەی رابردوو ئێستا ئەنجامی دا بۆ وڵاتانی زلھێز و ناوچەکە بە مەبەستی شکاندنی ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و سەربازی سەر کوردستان و زاڵبوونی عەقلی دیبلۆماسی و بیرکردنەوەی کوردی بوو بەسەر شەڕ و کوشتن و داگیرکاریدا .
- گۆڕانکاری ھەڵوێستی سیاسی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئێران و خۆ نزیکردنەوەی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ، چونکە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر بۆیان روون بووەوە ، کە ئامرازی سەقامگیری ناوچەکە و عێراق بەندە لەسەر ئەمنیەتی کوردستان و ھێزی عەقڵ و بڵانسی ھێزی کوردستان و بە تایبەتی پارتی ، بۆیە دەبینیین ئەمڕۆکە لەسەر چ ئاستێکی بەرز پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی کوردستان و شاندی یاوەری دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە و ھەرزوو ئامادەگی خۆیان نیشان دەدەن بۆ پاڵپشتی سیاسەتی ئێستای ھەولێر واتا پایتەخی کوردستان ، کە ئەمەش بە روونی بە ھەمووان دەڵێت ھێزی مەنتق کاریگەر ترە لە مەنتقی ھێز لە ناوچەکە .
کەواتا لەم دیدار و کۆبوونەوە و ھەوڵە دیبلۆماسیانەی حکومەتی ھەرێم زۆر بە روونی بۆمان دەردەکەوێت کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن ھەنگاو دەنێن و قەیرانە دروستکراوەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆن و ھەموو ھەنگاوەکانی کوردستان کە لە ماوەی رابردوو ئەنجامی داوە لە ( فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ ، ریفراندۆم ، پێشمەرگە ... ھتد ) دەستووری بوونەو ئەوەی رووی داوە گەمەیەکی سیاسی و سەربازی و بەرژەوەندی ئابوری وڵاتانی ھەرێمایەتی و ناوچەکە و جیھان بووە ، بەڵام ژیرانە مامەڵە کردنی حکومەتی ھەرێم و خوێندنەوەی بارودۆخەکە و ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی لە کاتی خۆی دەستی پێکرد و سەرۆک وەزیران توانای گۆڕینی شتە مەحاڵەکانی ھەبوو لە ئینکاربوون لە وجودی حکومەتی ھەرێمەوە لە لایەن دوژمن و نەیاران و رکابەرانەوە بۆ دانان بە مافە دەستوورییەکانی ھاونیشتیمانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدڕالی .

Top