بۆچی خۆپیشاندەرانی ئێران هێندە لە ڕوحانی توڕە بوون؟

بۆچی خۆپیشاندەرانی ئێران  هێندە لە ڕوحانی توڕە بوون؟
لە دوای شەپۆلی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە لە 28ی مانگی كانونی یەكەمی ڕابردوو دەستیان پێكرد، دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەوروپا زیاد لە پێویست جەختیان لەسەر هۆكارە ئابووری-كۆمەڵاییەتییەكان كردووە و وەك پاڵنەری سەرەكیی توڕەیی هاووڵاتیان وەسفیان كرد. لە ڕاستیدا گومان هەڵناگرێت كە ڕەوشی سەختی ئابووری هۆكارێكی ڕیشەییە، بەڵام نادیدەگرتنی ناڕەزاییە سیاسییە بنەڕەتییەكان، لەبەرچاونەگرتنی ئەو شەڕە گەورەیەیە كە لە پێناوی ئایندەی وڵاتەكەدا لە ئارادایە. هەرچەندە ڕەنگە سەرۆكی ئێران حەسەن ڕوحانی ئامانجە سەرەكییەكە نەبێت یاخود هۆكاری نزیكی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان نەبێت، بەڵام تۆماری ئەو لە دەسەڵاتدا لە دوای دووبارەهەڵبژاردنەوەی لە ئایاری ڕابردوودا مایەی نائومێدییەكی گەورە بووە بۆ نزیكەی 24 ملیۆن ئێرانی كە متمانەیان پێدایەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست. ڕوحانی لەبری ئەوەی بە شێوەیەكی سەربەخۆ ڕەفتار بكات، بەردەوام ڕێچكەكەی ڕابەری باڵا- ئایەتوڵا عەلی خامنەئی كە بە هەڵبژاردن دەسەڵاتی نەگرتۆتە دەست- گرتەبەر، بەو شێوەیە ئەو لێكدابڕانە مەترسیدارەی قووڵتر كردەوە كە لە نێوان هاوڵاتیانی ئاسایی و نوخبەی ئیسلامی شیعی حوكمڕان بوونی هەبوو، ئەو نوخبەیەی كە دەیەوێت نوێنەرایەتیی ئەو خەڵكە ئاساییە بكات. كەواتە جگە لە چاكسازییەكی گەورە هیچ شتێكی دیكە نابێتەهۆی ڕزگاركردنی كۆماری ئیسلامی لە مەودای دووردا.
سەرەڕای ئەوەی هەندێ لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی رۆژئاوا ڕوحانی بە كەسێكی ڕیفۆرمخواز وەسف دەكەن، بەڵام هیچ كاتێك خودی ڕوحانی خۆی بانگەشەی ئەوەی نەكردووە كە ڕیفۆرمخوازێكی سیاسییە، هەرگیز گەلی ئێرانیش بەم شێوەیە لێیان نەڕوانیوە. سەركەوتنیشی لە هەڵبژاردنەكاندا پەیوەندی بەو ڕاستیەوە نەبووە كە خاوەن جەماوەرە، بەڵكو هۆكارەكەی ناجەماوەریبوونی ڕكابەرە سەختگیرەكەی بوو، كە ئیبراهیم ڕەیسی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، ڕوحانی بەڵێنێكی سەرەكی بە دەنگدەران دا كە بریتی بوو لەوەی هاووڵاتییان ئازادییەكی سیاسیی بەرفراوانتریان بۆ دەستەبەر دەبێت ئەگەر بێتوو دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست. ئەو ڕایگەیاند كە حكومەتەكەی «لە سەتا 100 حكومەتی سەرجەم ئێرانییەكان دەبێت»، هەروەها باسی لەوە كرد كە كۆشش دەكات بۆ ئەوەی ڕێگای بەشداربوونی سیاسی بكاتەوە بۆ گەنجان و ئافرەتان و كەمینە ئایینی و ئیتنییەكان. بە هەمان شێوە بەڵێنی ئازادكردنی ئەو سەركردانەی موعارەزەی دا كە لە ساڵی 2011ەوە لە ئیقامەی جەبریدان، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر و لە سەروەختی یەكەم خولی سەرۆكایەتییەكەیدا لە ساڵی 2013 هەمان بەڵێنی دابوو. زیادەڕەویكردن لە بەڵێنداندا لە سەروەختی هەڵبژاردنەكاندا دیاردەیەك نییە تەنها پەیوەست بێت بە ئێرانەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕوحانییەوە هەبێت ئەوا كەلێنی نێوان دروشم و واقیع مایەی سەرسوڕمانە.
نائومێدییەكە لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەستی پێكرد. تێیدا ڕووحانی زۆر بە ووریاییەوە قسەی كرد و ئومێدێكی نەبەخشی، تەنانەت ئاماژەی بە زیندانییە سیاسییەكانی وڵاتەكەش نەكرد، كە ئازادكردنیان بەردی بناغەی بەڵێنەكانی بوو لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا. كە ئەوەش ئاماژەیەكی خراپ بوو، كە دوودڵ بوو لەوەی بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەو پشتئەستورە بە دەرچوونی لە هەڵبژاردنەكاندا، لە ترسی ئەوەی نەك وەك تەحەددایەك لێكبدرێتەوە بۆ خامنەئی.
خاڵی دووەم ئەوەیە كە كابینەكەی ڕوحانی خاڵییە لە كەسانی ڕیفۆرمخواز. لەوەش خراپتر، یەكە بە یەكەی ئەندامانی كابینەكەی لەلایەن خامنەئییەوە پەسەند كران. لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، گوزارشتی لە هاوسۆزیی خۆی كرد بۆ ئافرەتە چالاكوان و دەنگدەرەكان، بەڵام هیچ ئافرەتێك لە كابینەی حكومەتەكەیدا دانەمەزراند، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە لە چەندین لاوە ئەم داواكارییەی لێكرا. بە هەمان شێوە كەمینەی سوننەی وڵاتەكەی فەرامۆش كرد، كە نزیكەی لە سەتا 10ی دانیشتوانی وڵاتەكە پێكدەهێنن و لە سەروەختی هەڵبژاردنەكانیشدا پشتیوانییەكی بەرچاویان لێكرد. ( لە كوردستان و بلوجستان، كە گەورەترین پارێزگای سوننەنشینی وڵاتەكەن، لە هەر 10 دەنگدەرێك 7یان پشتیوانیان لە ڕوحانی كرد). بەڵام ڕوحانی بڕیاری ڕازیكردنی پیاوە ئاینییە شیعە سەختگیرەكانیدا، ئەوانەی پشتیوانیان لە ڕكابەرەكەی، ڕەیسی، دەكرد و، هیچ سوننەیەكی لە كابینەكەی حكومەتەكەیدا دانەمەزراند. تەنانەت حكومەتەكەی ڕوحانی هیچ كەسایەتییەكی سوننەی نەكردە پارێزگار لە هیچ یەكێك لە 31 شارەكەی وڵاتەكەدا.
هەروەها ڕوحانی بێدەنگی هەڵبژارد كاتێك 12 ئەندامە هەڵنەبژێردراوەكەی ئەنجومەنی پارێزگاری لە دەستوور- كە لە ڕاستیدا تەنها لەبەردەم خامنەئیدا بەرپرسیارن و فتلەرێكن بۆ پەسەندكردنی سەرجەم یاساكانی پەرلەمان و كاندیدەكان- هەڵسان بە ڕەتكردنەوەی یاسایەكی پەرلەمانی و ڕێگریان لە هەر كەسێكی ناموسڵمان كرد كە خۆی كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنە شارەوانییەكان. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە كەەمینەی جوولەكە و مەسیحی و زەردەشتییەكان وەك هاوڵاتی پلە دوو لە پرۆسەی سیاسیدا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
ئەم حاڵەتەش ئەو كەلێنە دیموگرافییە گەورەیە دەخاتەڕوو كە بوونی هەیە لە نێوان حوكمڕانەكانی ئێران و ئەوانەی حوكمڕانی دەكرێن. سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، ئەحمەد جەنەتی، تەمەنی 90 ساڵە و كەسێكی ئایدیۆلۆژی سەر بە رژێمەكەیە، ئەمە لە كاتێكدا لە سەتا 90ی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەم دواییەدا دەستگیركران تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە.
لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی، ڕوحانی دانیشتوانی چەند ناوچەیەكی سەرەكی نائومێد كردووە كە دەنگ و متمانەیان پێدا و لەبری ئەوە هەوڵی دروستكردنی پلاتفۆرمێكی دا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی بەردەوام بتوانێت كار لەگەڵ سەختگیرەكاندا بكات. وەك كەسایەتییەكی كە خەونی ئەوەی هەیە جێی خامنەئی بگرێتەوە و ببێتە ڕابەری باڵای وڵاتەكە، ئەوا ئەو پێی وایە بوونی ئەم لایەنە لە نێو كۆماری ئیسلامیدا گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە هەڵكشان بەسەر پەیژەی دەسەڵاتدا. بەو شێوەیە ئەو بەڵێنانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكان كە چەند مانگێك پێش ئێستا بە خەڵكی دان بوونەتە یادەوەرییەكی دوور.
لە هەمووی جێی بایەختر ئەوەیە كە ڕوحانی ڕێگری نەكرد لە سوپای پاسداران- كە هێزێكی نوخبەی سیاسی- سەربازییە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئێران دەكات لە ناوچەكەدا، وەك عێراق و سوریا، لە كاتێكدا كە سەرقاڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانە لە ناوخۆیدا. لە مانگی كانونی یەكەمی 2017دا، ڕوحانی زیادكردنی بودجەی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند، هەروەها بەرهەڵستی فشارە نێودەوڵەتییەكانی كرد و ڕازی نەبوو بە سنورداركردنی چالاكییە مشتومڕئامێز و گرفتئامێزەكانی ئەو سوپایە. ئەمە لە كاتێكدا تەرخانكردنی دارایی زیاتر بۆ سوپای پاسداران- كە كۆنتڕۆڵی پرۆگرامی مووشەكی بالیستی یان هێزی قودسی كردووە، كە ئەم هێزەش لقی دەرەكیی سوپای پاسدارانە- لە ئەجێندای ڕوحانیدا نەبوو لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا لە مانگی ئایاردا. لە ڕاستیدا ناڕەزاییبوونی هەڵكشاوی دژ بە سوپای پاسداران لە دروشمی خۆپیشاندەرەكاندا بەدی دەكرا كاتێك دەیانوت « نە غەززە و نە لوبنان فیداكارین بۆ ئێران». لەم مانگانەی دواییدا، ئێران دووچاری چەند زەمینلەرزەیەكی كوشندە بۆوە، بەڵام بە دەمەوەچوونی حكومەت مایەی نائومێدی بوو، لەبەر ئەوە ئەولەویەتە دەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی زیاتر ڕوبەڕووی ڕەخنە و لێبووردبوونەوە بوونەتەوە.
تەنانەت كاتێك سوپای پاسداران بە ئاشكرا دژی ڕوحانی ڕاوەستایەوە- كاتێك دەزگا هەواڵگرییەكەی هەڵسا بە دەستگیركردنی چەند هاوڵاتییەك – كە خاوەنی دوو ڕەگەزنامە بوون- و مەترسی ئەوەی دروست كرد كە وەبەرهێنە دەرەكییەكان بڕەوێنەوە كە ڕوحانی ئەوپەڕی كۆشش دەكات بۆ ئەوەی بیانهێنێتە وڵاتەكەوە تاوەكو هەلی كار دروست بكات- ئەوا سەرۆكە هەڵبژێردراوەكە بڕیاریدا هاوهەڵوێست بێت لەگەڵ كەسایەتییە سەختگیرەكانی نێو رژێمەكە. لە مونازەرە تەلەفزیۆنییەكەی نێوان كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لە مانگی ئایاردا، ڕوحانی زۆر كەسی دڵخۆش كرد كاتێك هێرشی كردە سەر كەسایەتییە سەختگیرەكان- لە نێویاندا كەسایەتییەكانی نێو سوپای پاسداران- و ئاماژەی بە تاكتیكە چەتەییەكانیان كرد كە بوونەتەهۆی شێواندنی وێنەی ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا. بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا، كارێكی كەمی كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسایەتییانە. لەم كارەشیدا، نەك تەنها شكستی هێناوە لە گێڕانەوەی هاوسەنگی لە پرسی دابەشكردنی دەسەڵاتدا لەنێوان دامەزراوە هەڵبژێردراو و هەڵنەبژێردراوەكانی نێو كۆماری ئیسلامی، بەڵكو ئەو پرسیارەشی وروژاندووە كە ئایا خودی ئەم سیستمە كەڵكی ئەوەی ماوە لە ڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە چاكسازی تێدا ئەنجام بدرێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2009، كاتێك ئێران خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوانی بە خۆوە بینی، ئەوا داواكاریی سەرەكی ئەو جەماوەرە بریتی بوو لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان كە زۆر كەس پێی وابوو بەئاشكرا ساختەكاری تێدا كراوە. بەڵام خۆپیشاندەرەكانی ئەمجارە زۆر تووڕەتر بوون و داوای گۆڕینی سەرلەبەری سیستمە سیاسییەكەیان دەكرد. درووشمەكانی « مەرگ بۆ خامنەئی» و «پیاوانی ئاینی دەبێت بڕۆن» كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەوترانەوە ڕیشەییترین داواكاری بوون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە. پێدەچێت سەختگیریی مۆدێلە سیاسییەكە ئەو قەناعەتەی لای گەنجانی ئێران دروست كردووە كە ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستمەكەدا مومكین نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئۆباڵەكە هەمووی ناكەوێتە ئەستۆی ڕوحانی. چونكە لە دوای خۆپیشاندانەكانی 2009ەوە، ئەوا خامنەئی و دارودەستەكەی بوون، وەك سوپای پاسداران، كە كۆششێكی زۆریان كرد بۆ پەكخستنی ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستمی سیاسی لە ئێراندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە دەرفەتێكن بۆ ڕوحانی بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی بچەسپێنێت. لە دوای مانگی ئایاری ڕابردووەوە پتر بە ئاڕاستەی سەختگیرەكاندا هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەی هەبێت ببێتە ڕابەری باڵای داهاتووی ئێران. بەڵام كاتێك كاریگەریی توڕەیی جەماوەری بۆ ماوەیەك لە نێو پایەكانی رژێمەكەیدا هەستی پێدەكرێت، ئەوا پێویستە ڕوحانی بیر لە هەڵگێڕانەوەی مێزەكە بەسەر ڕكابەرەكانیدا بكاتەوە. ئەو تەنیا بژارەی ناردنی یەك پەیامی هەیە ئەویش ئەوەیە كە : تەنها ڕێگاچارە بۆ هێشتنەوەی كۆماری ئیسلامی بە زیندوویی بریتییە لە ئەنجامدانی چاكسازییەكی سیاسیی قووڵ و مانابەخش. ڕەنگە كاتەكەش درەنگوەخت بێت، بەڵام ڕوحانی قەرزارباری نزیكەی 24 ملیۆن كەسە كە دووبارە هەڵیانبژاردەوە.

Top