فەوزای کەی و چۆن درووست دەبێ و مەترسیەکانی؟

فەوزای کەی و چۆن درووست دەبێ و مەترسیەکانی؟
فەوزای سیاسی کاتێک درووست دەبێ کە ئالوودە بووانی رشتنی کۆنەقین و تۆڵەی سیاسی باڵ بەسەر پرۆسەی سیاسیدا دەکێشن و هەموو سنوورەکان لەبەردەم دیموکراتی هەڵدەگرن و پێکەوژیان و یەکتری قبوڵ کردنیش رەتدەکەنەوە، بەوەش کەسانێکی ناسیاسی ئەوتۆ بە نوێنەر و رابەر دەکرێن کە بەرژەوەندیە حزبی و تایبەتیەکانی خۆیان دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان.
بۆ ئەوەش کە فەوزای سیاسی چۆن درووست دەبێ؟ لە قۆناغی یەکەمدا پەلاماری هەموو پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەدرێ، لە قۆناغی دووەمیشدا هەڵمەتێکی توندی ئیرهابی فکری دەست پێدەکا و بە یاسای تەخوین کردنی نەیارە سیاسیەکان کۆمەڵگا بەسەر دوو بەرەی رەش و سپیدا دابەش دەکرێ.
نەوشیروان مستەفا بە دامەزراندنی بزووتنەوەى گۆڕان جنێو و تەشهیر و ناوزڕاندن و تەخوینی بەرامبەرەکانی کردنە چوار بنەمای دەرکەوتن و پێگەیشتنی دیموکراتی، لێرەوە وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی روودەدات تارمایی مەترسییەکان بەسەر ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا دەردەکەون.
لە سلێمانی کەرتبوون و موزایەدەی سیاسی و هەڵگرتنی درووشمی دوور لە واقع و هەڵپەی رشتنی کۆنەقین و تۆڵەی سیاسی و وێڵ بوون بە دوای بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکاندا بوونە مۆدێلی سیاسی، نەوشیروان مستەفا دوای دەیان ساڵ لە یەکێتی هاتەدەر و بە درووشمی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی خۆی نمایش کرد و کۆنەی بە نوێ پێ فرۆشتینەوە، بەرهەم ساڵحیش لە یەکێتی هاتەدەر و درووشمە کۆنەکەی دیموکراتی و دادپەروەری یەکێتیمان بە نوێ پێ دەفرۆشێتەوە، شاسواریش بە نەوەی نوێ هاتۆتە ناو ناوان، رەوتی حیکمەی عەممار حەکیمیش خۆی قوت کردۆتەوە، ئەوە جگە لە رەوتە نهێنیەکانی عەبادی و مالیکی و قاسم سولەیمانی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەناو خۆیدا چەند رەوتێکن و هەر رەوتەی بە ئاراستەیەکدا رەو دەکات، هەموو ئەو رەوتانەش بۆ شکاندنی یەکتری بە گشتی و شکاندنی رەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکە بە تایبەتی ئامادەن هێز لە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان وەربگرن، ئەوە لە کاتێکدایە هەموو رەوتەکان منەتی ئەوە دەکەن کە گوایە لە پێناو بەدیهێنانی مافی کورد و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان ئەو رەوتڕەوتێنە دەکەن.
چەقی ئەو فەوزا سیاسی و رەوتبازیە حزبیەی کە هەموو بنەماکانی دیموکراتی و بەها جوانەکانی نەتەوە و سەروەریەکانی خستوونە ژێر هەژموونی ئاژاوەگێڕی خۆی، کەوتۆتە پارێزگای سلێمانی و ئەو ناوچانەی پێیان دەگوترێ زۆنی سەوز و نیلی، ئەو رەوتبازیەش جیا لەوەی سلێمانی خستۆتە بەردەم داهاتوویەکی نادیار و سلێمانیەکانیشی خستۆتە ناو فەوزای سیاسی، پرسی کورد و خواست و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیشی خستوونە سەر مێزی گەمەی داگیرکارانی کوردستان، جا بۆ ئەوەی سلێمانیەکان خۆیان لەو فەوزا سیاسی و رەوتبازیە حزبیە رزگار بکەن، پێویستە ئاوڕێک لە رابردووی پڕ سەروەری خۆیان بدەنەوە و بگەڕێنەوە سەر رەوتی نەتەوەیی و وەڵامی پرسیارەکانی مێژوو بدەنەوە.
Top