حزبەكانمان خوازیاری بەمەركەزیكردنەوەی عێراقن

حزبەكانمان خوازیاری بەمەركەزیكردنەوەی عێراقن
لەوەتەی عێراق دامەزراوە و كوردیان بە تۆبزی خستۆتە ناو ئەو دەوڵەتەوە، كورد تاكە پێكهاتە و هێز بووە، هەوڵی نەهێشتنی مەركەزییەتی دەسەڵاتی لە عێراق داوە، داواكردنی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبردن، لە لایەن بەغداوە بە جوداخوازی لە قەڵەمدراوە، هەموو حكوومەتەكانی عێراق، هێشتنەوەی مەركەزییەتیات بە پێویست زانیوە و سازشیان لەسەر نەكردووە، كوردیش لەسەر داوای خۆی سور بووە، بەم شێوەیە، پێداگری لەسەر وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی، بۆتە ئەرك و ئامانجی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، هەر حزبێكیش كە دامەزراوە، خەبات لەپێناوی گەیشتن بەو ئامانجەی بە بنەمای كار وەرگرتووە، ئێستا حزبەكانمان بەپێچەوانە بیردەكەنەوە.

فرە حزبی لە وڵاتی ئێمە، ناكۆكیی حزبی بەرهەمهێناوە، ناكۆكیی حزبیش سەری بۆ نەهێشتنی هێڵی سوور و رێكنەكەوتن لەسەر یەكگوتاری بەرامبەر بەغدا كێشاوە، ئەم فرە گوتارییەش ناكۆكیی تووندتر كردەوە، سەرەنجام ئەوەی لێكەوتەوە، حزبەكان پرسی كوردیان لە پرسی خاكەوە كرد بە پرسی مووچە، مووچەش كرایە ئامرازی موزایەدەكردن لەسەر یەكتر، رووبەرێكی زۆری خاكیش لە 16 ی ئۆكتۆبەر لە دەست درا، ئەم گوشارەی حزبەكان، حكوومەتی ناچار كرد بۆ گفتوگۆ بكەوێتە هەڵوێستی پاڕانەوە لە بەغدا، هەرچەندە گفتوگۆ، لە ویستی كوردەوە بووە ویستێكی نێودەوڵەتی.

باسكردن لە مووچە بەو مانایە نییە بە گرنگی نەزانین، بەرگریكردنیش نییە لە گەندەڵی، چونكە ئاشكرایە جوومگەكانی دەسەڵات خراپ بەكارهێندران، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت حزبەكان پێشبڕكێ لەسەر ئەوە بكەن، كامەیان لەڕێی دژایەتیكردنی ریفڕاندۆمەوە، زیاتر خۆی بە دڵسۆزی بەغدا پیشان بدات، یان لە عێراقییەكان بە پەلەتر بن لە بەمەركەزیكردنەوەی عێراق، یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندەی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی كە 3 ی ئەم مانگە چوونە بەغدا، رایگەیاند داوامان لە بەغدا كردووە، مووچە لە رێی حكوومەتی هەرێمەوە دابەش نەكرێت، لە كاتێكدا ئەم داوایە پێچەوانەی دەستووری عێراقە، ئەم پێشبڕكێیە بۆ بەمەركەزیكردنەوەی عێراق، كێشەكان چارەسەر ناكات، نموونەش زۆر نزیكە، ئەوەتا لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەو رێككەوتنە ژێربەژێرەی، لە ویستی بە مەركەزیكرنەوە سەری هەڵدا، چ كارەساتێكی خوڵقاند.

هەوڵی بەمەركەزیكردنەوەی عێراق، لەڕێی خۆپیشاندانەكانیش پیشان دەدرا، داوای رەوانەكردنی هێزی عێراق بۆ كوردستان دەكرا، ئەمەش بەغدای هاندا دەستی دەستی بە هەرێم بكات و مل بۆ گفتوگۆ نەدات، ئەو رووكردنەی حزبەكان لە بەغدا و پشتكردن لە هەولێر، كێشەكانی ئێمە قووڵتر دەكاتەوە، بەغدا وەك گوشارخستنە سەر كوردستان بەكاری دەهێنێ، هەڵپەی بەمەركەزیكردنەوەی عێراق كە بۆ كوردستان رەت دەكرێتەوە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هەموو رێگە و ئامرازێك، بۆ تێكشكاندنی پارتی بگیرێتەبەر، داوا لە بەغدا دەكەن زیاتر دەستوور پێشێل بكات و سادەترین مافی دەستووری بۆ هەرێمی كوردستان نەهێڵێتەوە، هیوادارم بەمەركەزیكردنەوەی عێراق، بە قەناعەت نەبێ و لە رقی حزبییەوە بێ، چونكە دەكرێ رقەبەرایەتی حزبی چارەسەر بكرێ، بەڵام گۆڕینی قەناعەت زۆری دەوێ، تا دەگۆڕدرێ ماندوومان دەكات.
Top