ئەگەر من کاندید بم بۆ سەرۆکی حکومەت

ئەگەر من کاندید بم بۆ سەرۆکی حکومەت
گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی چوار ساڵی رەبەق لە حکومەتی بنکە فراواندا بوون، لەگەڵ نزیک بوونەوەى وادەی هەڵبژاردنەکان و بە مەبەستی رەخساندنی زەمینەسازی بۆ موزایەدی هەڵبژاردن و بەڵێنی باق و بریقی چەواشەکاری و خۆڵ کردنەوە چاوی خەڵک لە حکومەت کشانەوە، جا بۆ ئەوەی دەرگا بە رووی خۆ بە پاڵەوان کردنی کەسانی هیچ لەباردا نەوو دابخرێ، ئەگەر من کاندید بم بۆ سەرۆکی حکومەت و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، بۆ بەشداری کردنی ئەو سێ لایەنە دوو مەرجم دەبێ.
مەرجی یەکەم:ــ لەلای دادنووس و بە شاهیدی کەسانی سیاسی بێلایەن و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەنەدێکیان پێدەکەم کە تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە حکومەت بمێننەوە، نەک وەک ئەمجارە لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردن بیکەنە هەڵات هەڵات و خۆ بێبەری کردن لە کەموکورتیەکانی حکومەت، دەبێ لە باتی واژۆش پەنجومۆر بکەن، چونکە ئەگەر واژۆی بکەن بەلایانەوە ئاساییە حاشا لە واژۆکەیان بکەن و بڵێن: ئەو واژیە ساختە کراوە و واژۆی ئێمە نییە.
مەرجی دووەم:ــ دەبێ لەو سەنەدەدا گرەنتی ئەوە بدەن کە واز لە سیاسەتی (هین)ی ناو جۆگا بێنن، چونکە لەم کابینەیەدا (هین)ی ناو جۆگا بوون، لەناو قەرسیلی حکومەت دەلەوەڕان، لە پووش و پاوانی ئۆپۆزسیۆنیشدا جلیبازیان دەکرد، دوای ئەوەی تێر ئاو دەبوون جۆگاکەشیان دەشڵقاند.
Top