19ساڵ تێكۆشان بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگی رٍەوایی میللەتی كورد بەهەموو دونیا ..
January 17, 2018
وتار و بیروڕا
هەر لەسەرەتای پەخشیی سەتەلایتی كوردستانەوە بەحەوت زمان و زاراوە بەرنامەكانی پەخش دەكردەوە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ گەیاندنی پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانیی و گرنگیدان بە دۆزی رەوای كوردو ئەزموونەكەی بە گشتی، ئێستاش ئەم كەناڵە نەزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نەزمی بونیادنانی نەتەوە، كە ئەمەش بە سەرلەنوێ دروستكردنەوە دەناسرێت، لە ماوەی پاش خەباتی چەكداری، ئەم نەزمەی كاركردن بەسەر ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەبێت كە لە ململانێی توندی وڵاتانی داگیركارەوە دەردەچن، هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ئەو وڵاتانە پێویستی بە پرۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوە هەیە لە بنچینەوە تا دەگاتە لوتكە، لەو حاڵەتەدا ئەركی كەناڵی ڕاگەیاندن جەخت كردنەوەیە لەسەر بایەخدان بە دامەزراندنی دامەزراوەی حكومیی توانادار لەسەر مانەوەو خودبژێوی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن بە شێوازێكی دیموكراتیانە، بۆ ئەم مەبەستەش كەناڵێكی ئاسمانی بەرپرسیارانەی وەك كوردستان تیڤی دەچێتە ناو چوارگۆشەی یەكەمی ستراتیژی گەشەپێدانی نیشتمانی كوردستان بۆ بەهێزڕاگرتنی قەوارەی نەتەوەیی كوردی و هەموو نەتەوەو ئاینزاكانی تری لە كوردستاندان..
سەتەلایتی كوردستان تیڤی لە رێگای ژمارەیەك رۆژنامەنووس و كارمەندی دڵسۆز و بەتواناوە بەبەردەوام لەهەوڵی گەیاندنی راستیەكاندا بووەو ئامانجی دوور مەوداشی هەبووە، بەشێوەیەك لەگواستنەوەی دەنگ و باس و هەواڵەكانیدا و لە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكاندا بووێرانە لە كاردا بووە و رەچاوی بەرژەوەندی گشتیشی كردووە، هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەموو ئەو راپرسیانەی لەچەند ساڵی رابردوو ئەنجامدراون، كوردستان تیڤی لەریزی پێشەوەی ئەو دەزگایانەدا بووە كە رەچاوی راستگۆیی و پرەنسیپەكانی رۆژنامەگەریی كردووە.
سەتەلایتی كوردستان ،هەر لە دەسپێكی دامەزراندنیەوە، رەچاوی بە دروستی هەست و چاوی بینەرانی كردووەو هەوڵی ئەوەی داوە متمانەی بینەرانی لەدەست نەدات و بوێرانە بە پابەندبوونی بە بەهاكانی مرۆڤایەتییەوە ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكانی دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن بڵاوكردونەتەوە، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە.راگەیاندنی باش راستیەكان بڵاودەكاتەوە دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن؛ هەروەها خۆی بە دوور دەگرێت لە بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە ، ئەوەش وایكردووە ببێتە جێی بایەخ و متمانە.
.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی 19 ساڵ لە دامەزراندنی كوردستان تیڤی رۆڵی خۆی لەگەیاندنی خواست و ویستەكانی خەڵكی هەیە بۆ حوكمڕانی باش، هەربۆیە لە رێگای داتابەیسەوە پێوەندییەكانمان لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكان و شارەزایان و رۆژنامەنووسان و بەرپرسان بەهێزتر كردووە، تاوەكو نەك تەنیا ببینە پردێك بۆ گەیاندنی هەواڵ و راستییەكان بەڵكو بەشێكیش بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، ئەمڕۆ كوردستان تیڤی كەناڵێكی سەرەكی هەموو خەڵكی كوردستانە بێ جیاوازیكردن بەوەی سەر بە چ پارتێكی سیاسییە یا ئایدیۆلۆژیی چییە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەبەردەوامی لەهەموو بیروبۆچوون و ئاینزاو لایەنێك خەڵكانی بەئەزموون و شارەزا بانگهێشتی بەرنامەكانمان كراوەو دیدیان جیاواز بووەو كاریگەریی لەسەر شرۆڤەی سیاسی و رووداوەكان هەبووە.
هەروەها كەنالی سەتەلایتی كوردستان وەكو قوتابخانەیەك وابووە لە پێگەیاندنی باشترین بێژەرو پێشكەشكارو پەیامنێر كە بەبڕبڕەی پشتی هەموو كەناڵێكی سەركەوتوو دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی راستەوخۆ پێوەندییان بەخەڵكەوە هەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان. ئەمە لایەنێكی گرنگی ئامانجی كاری رۆژنامەگەرییە كە تەنیا وروژاندنی بابەت و كێشەكان نییە بەڵكو ئەركی گەیاندنی كێشەو گرفتەكانیشە بۆ لایەنی پێوەندار تاوەكو كەناڵەكە لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی تری ناو كۆمەڵگە رۆڵیان لەچارەسەركردنی كێشەكان هەبێت و بە هیمەتی هەمووان خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت.هەروەها لە رووی مێژوویشەوە كوردستان تیڤی پێناسەی خۆی لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دانەبڕیوەو بەبەردەوامی لەیادە مێژووییەكاندا ئامادەیی هەبووەو هەیەو پێوەندی توندوتۆڵیشمان لەگەڵ نووسینگەو پەیامنێرەكانی ناو هەرێم و دەرەوەو وڵاتانی بیانیدا هەیە، چونكە میدیا بەبەردەوام لەوەرچەرخانی گەورەو نوێدایە هەربۆیە ئێمەش زۆر بەپێویستمان زانیوە كوردستان تیڤی پلان و دیدی تازەی بۆ ئەم قۆناغە هەبێت بەتایبەت لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كات رێگر نەبووە لەبەردەم ئازادییەكاندا بگرە رۆڵی لەفراوانكردنی پانتایی ئازادیی میدیایدا هەیە.
لە پێناو گەیاندنی دەنگ و رەنگی راستیی و رەوایی میللەتەكەمان و روماڵ و گواستنەوەی كەناڵی سەتەلایتی كوردستان وەك پێشمەرگەی پێشەنگ بووە بۆ گەیاندنی راستییەكان ، قوربانیی زۆری بەخشیووە و ئامادەی قوربانیدانە و لەو رێگەشەدا چەند شەهید و برینداری پێشكەش بە نیشتیمان كردووە ،سڵاو لە گیانی پاكیان وئەوان بە خوێنی ئاڵیان و ماندبوونی بەردەوامیان رێگەیان نەدا ئازادی و راستگۆیی و نیشتیمان دۆستیان پیشانی هەموو جیهاندا .