ئامانجی ڕاستەڤینەی حزبی سیاسی پێویستە چون بێت؟

ئامانجی ڕاستەڤینەی حزبی سیاسی پێویستە چون بێت؟
ئامانجی هەر حزبێکی سیاسی گەیشتە بە دەستەڵاتی سیاسی ،


حزبە سیاسیەکان گەر هەڵگری ئامانجی گەیشتن بە دەستەڵاتی سیاسیان نەبێت پێیان ناوترێت حزبی سیاسی

چونکە هەر لە بنەڕەتدا ئەحزابی سیاسی لە نێو گوڕەپانی سیاسی وڵات دا ململانێی یەکتر دەکەن لە سەر بنەمای گەیشتن بە دەستەڵات وە ئەمە مافێکی ڕەوای هەر پارتێکی سیاسیە .


شایانی ئاماژە پێدانە کە ململانێی پارتە سیاسیەکان لەسەر کورسی دەستەڵات لە نێو وڵاتانی دیموکراسی پێشکەوتوو زورجیاوازە لە گەڵ ئەو شوێنانەی کە هێشتا ئەقڵیەتی دیموکراسی بە واتایێکی تر هوشیاری دیموکراسی لە ئاستێکی زور نزمدایە

و یەکتر قەبوڵکردن لە نێو بیروڕاسیاسیەکاندا هێشتا ڕەگ و ڕیشەی دانەکوتاوە بو نمونە

هێشتا گەلێ زور ماوە ئێمە وەکو کورد و کوردستانی بتوانین وەک پێویست موماڕەسەی دیموکراسیەت بکەین

لە بەرئەوەی دیموکراسیەت لەو شوێنانەی کە هوشیاری دیموکراسی تیایدا بونی نەبێت خوددی دیموکراسیەت دەبێتە مایەی دروست بونی فەوزای سیاسی ،


لایەنە سیاسیەکان لە جیاتی ئەوەی بکەونە ململانێی یەکتر لە پێناو بەرەو پێشڤە بردنی پڕوسەی سیاسی وڵات بە پێچەۆانەوە دەکەونە دژایەتی یەکتر و هەوڵ دەدەن ئەو ئەویتر بسڕتەوە


لێرەوەیە کە متمانەی سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەکان کاڵ دەبێتەوە و وڵات بەرەو پەرتەوەزایی و لە یەکترازانی سیاسی دەڕوات و بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیری سیاسی و کومەڵایەتی دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسی بەردەوام.


ئەگەر بێتو بپرسین سەرچاوەی هێزی هەر وڵاتێک لەچیەوەیە؟
وەڵامەکەی ڕون و ئاشکرایە هێزی هەر وڵاتێک لە هەست کردن بە بەرپرسیایەتی نیشتیمانی دایە و حزبی سیاسی پێویستە خوی بە خاوەنی گەل و وڵاتەکە ی بزانێت و بەرژەوەندی میللەتەکەی لە سەرەوەی بەرژەوەندی تەسکی حزبەکەی خوی دا دابنێت و ئەو ڤەناعەتەی لا دروست بوبێت کە ئامانجی حزبی سیاسی خەباتکردن نیە لە پێناو دەستکەوتی حزبی بەڵکو دەبێ تێبکوشێت بو ڕزگڵر کردن و سەرکەوتنی وڵاتەکەی لە هەمو ڕویێکەوە.


لە وڵاتانی دیموکراسی پێشکەوتوو دا حزبەکان ڕەکابەری یەکتر دەکەن کە کێ زیاتر خزمەتی گەل ونیشتیمانەکەی دەکات و کێ زیاتر پڕوژەکەی لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی دایە نەک پێچەوانەکەی


چونکە لەم وڵاتانە دا تەنها دوو سەرچاوەی سەرەکی دەستەڵات هەیە کە ئەوانیش یەکەمیان دەستەڵاتی گەلە و دووەمیان سەروەری یاسایە

ئەمە وایکردووە کە ململانێ سیاسیەکان لە ئاراستەی سیاسی خویان دەرنەچن و حزبی دەستەڵاتدار و ئوپوزسیون خویان لە ململانێییەکی شارستانی دا ببیننەوە و ڕاستەوخو هەردوو لا واتە دەستەڵات و ئوپوزسیون لە بەرپرسیایەتی نیشتیمانی و پرەنسیبی خو بە خاوەن زانین لانەدەن .


بە داخەوە کوردستانی خومان بویتە شاری کەڵەبابەکان هەر حزبە و لە شوێنی خوی ڕێک بویتە کەڵەبابێک و بە ویستی خویان وەک چون بەرژەوەندی ئەوان بخوازێت هەڵس کەوت دەکەن نەک وەک چون بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان لێیان دەخوازێت لە ژێر سێبەری سەروەری یاسادا

ئەمەش لە ڕاستی دا بویتە دیاردەیێکی خەتەرناک و کوردستانی دوچاری قەیرانێکی گەورە کردووە
چونکە دروست بونی هەر بوشاییەک پەیوەستە بەو پەرتەوازە بونەی لایەنە سیاسیەکان و زیانێکی زوریشی بە مەسەلەی ڕەوای گەلی کوردستان گەیاندووە
وەکو ئەوەی کەئەمڕو ئێمە بە چاوی خومان دەیبینین ڕەوشی سیاسی کورد لە کوێوە بەرەو کوێ پەلی هاوێشت و تا چەند مەسەلەی ئامانجی پیروزی گەلەکەمان گەڕایەوە دواوە.


کە واتە لە کوتایی دا دەگەینە ئەم نەتیجەیە
ئەویش ئەوەیە کە حزبی سیاسی کوردستان دەبێ دیموکراسیانە و شارستانیانە خەبات بکات و تێبکوشێت لە پێناو گەل و وڵاتەکەیدا نەک ببێتە مایەی ماڵوێرانی و لێدانی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی گەلەکەی وە هەر لایەنێکی سیاسیش هەستی بەرپرسیایەتی تێیدا بەرجەستە نەبوبێت نەک هەر نابێ دەرفەتی پێ بدرێت بێتە نێو پڕوسەی سیاسی وڵات بەڵکو پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و بە سزای عادیلانەی خوی بگات .

چونکە هەروەک چون ئێستا وڵاتەکەمان دوچاری قەیران و نەهامەتی بوتەوە قەیرانەکان نەک هەر چارەسەر نابن بەڵکو قووڵتریش دەبنەوە کەواتە با هەمومان دەست بە ئەزمونی وڵاتەکەمانەوە بگرین و پشتگیریش بکەین و پرەنسیبی بەرپرسیایەتی نیشتمانی ئامانجی سەرەکیمان بێت و خومان بە خاوەنی گەل و نیشتیمان بزانین.
Top