مانەوەی میللەتی کورد لە چوارچێوەی دیکتاتۆرێکی تر تەنیا کات بە فیرۆدانە ..

مانەوەی میللەتی کورد  لە چوارچێوەی دیکتاتۆرێکی تر تەنیا کات بە فیرۆدانە ..
دەیان ساڵە وڵاتێکی دروستکراو لە دەوری یەک بازنەدا دەسورێتەوە ، ئەویش خۆسەپاندن ، چەوسانەوە و کوشتن و برین و دیکتاتۆری و تاکرٍەویی و ئەوەی باوەری پێی نییە و بیری لێناکاتەوە مافەرەواکانی کورد و کوردستانە و وەک میللەتێکی خاک داگیرکراو دابەشکراوە . بۆیە بناغەی عێراق ھەر لە دێر زەمانەوە لە سەر ئەساسی خۆسەپاندن و سەرکەوتکردن دانراوە ، ھەر چەندە دوای ٢٠٠٣ رۆخانیی رژێمی بەعس کورد زۆری ھەوڵ دا عێراقی دیکتاتۆری بەرەو ئاراستەی دیموکراسی و دەستبەرکردنی مافەرەواکانی ببات . تا ئەو تێڕوانینە ھەڵەیە بگۆڕێ، بەڵام ھەوڵەکانی بێ ئاکام بوو، بۆیە گەیشتە ئەو بڕیارەی جیا بێتەوە، بڕیاری جیابوونەوەی ئاشتییانە و سەردەمییانە، جارێکی تر ئەگەر عەرەب لەم پەیامە بگات، ئارامی بۆ ھەردوولا دێتە ئاراوە و دواڕۆژی خۆش چاوەڕوانیان دەکات، بە پێچەوانەیشەوە زیانی گەورە بە ھەردوولا دەگات.برایەتی کورد وعەرەب لە وڵاتی نادیموکراتدا درۆیەکی گەورەیە و بە تێڕوانینی دارستان سەیری بەرامبەرەکە دەکات، ھەر کاتێ بەھێز بێ پەلامارت دەدا و لە لاوازیشدا قورئانێک دەکاتەوە و باسی شعووب و قەبائیل و تەعاروفت بۆ دەکات، بەقسەی خۆش دەتکات بە گژی ھەموو دوژمنەکانی خۆیدا، بۆیە چیتر ئەو یارییانە بوونە چاڵەکۆنە و کورد ئەو گەمەیە بۆ کەس ناکات، بڕیاری سەردەمییانەی خۆی داوە کە راپرسییە. تا مافی خۆی بە شێوەیەکی دیموکراتی وەربگرێت، دەنا کورد تێکەڵی شەڕێکی مەزھەبی نابێ کە ھەزار و ٤٠٠ ساڵە خوێنی لەبەر دەڕوا. ئەو شەڕە مەزەوییە پیرۆزی خۆیان بێت و با خۆیان یەکلای بکەنەوە، ئێمەیش خەریکی بنیاتنان و دروستکردنی دەوڵەتێک بین شایانی خەبات و تێکۆشانی خۆمان بێ، چونکە ئەمرۆ یا سبەی ئەو عێراق دروستکراوە و کە خاکی کوردستانی بەزۆر پێوە لکێنراوە لێکدەترازێت و جیابوونەوە مسۆگەر دەبێ.
لە وڵاتێک ھەڵبژاردن ببێتە چەکێکی زۆرینە بە مەبەستی سەپاندنی دیکتاتۆری و بەکارھێنانی ھێز و پەراوێزخستنی کورد و سوننەو خۆدزینەوە لە جێبەجێی کردنی مافە دەستوورییەکان ،ئیتر مانایەک بۆ دیموکراسی و مافی گەلان نەماوەتەوە لە رووی کردەییەوە ئەم رووبەرە جوگرافییە ھیچ بنەمایەکی دەوڵەت و دەوڵەتداری نەماوە. ئەوانەشی فەرمانڕەوایی ئەم بەناو وڵاتە دەکەن، بە گشتی کەسانی داخراوی مەزھەبی و تائیفی کەسایەتی بچووکن کە یان حەوزەی قوم یان حەوزەی نەجەف یان پرینسیپی شۆڤێنیستی بەڕێوەیان دەبات. کە ھیچ کام لەمانەش لەگەڵ دیموکراسی و ژیانی پەرلەمانی و ھەڵبژاردن و دەستوورو یاسا ناگوجێن. لەسەرەتادا کە ئەم پێکھاتە مەزھەبی و خێڵەکیانە کەمێ ملکەچ بوون بۆ دانانی دەستوورو یاساکان، یەکەم لە ترسی ئەمەریکیەکان بوو، دووەمیش لەبەرئەوە بوو کە ھێشتا پێگەیان لاوازبوو. بەڵام ئێستا کە ھەژموونی ئەمەریکیەکان وەکو ئەوسا نەماوەو خۆیشیان کەمێ جێگایان گرتووە لە عێراقدا، بۆیە دەیانەوێت ھەموو ئەوانی دەرەوەی خۆیان فڕێ بدەنە دەرەوەو لە پێش ھەموو ئەو دامەزراوانەی لە وڵاتی بەناو عێراقدا ھەن، سوکایەتی بە پەرلەمان بەکەن، وەکو باڵاترین دامەزراوەی تەشریعی و جێگای نوێنەری زۆرینەی عێراقیەکان. ئەمەش ئاشکراترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەم پێکھاتە مەزھەبی و تائیفی و خێڵەکیانە نە دەستووریان دەوێت و نەیاساو نە نوێنەرایەتی پێکھاتەکانی عێراق.
لە ماوەی رابردوو رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ھەوڵی لە ناوبردنی کورد دەدات و چەند کاری پیلانگێرییان ئەنجام دا بەڵام خۆراگریمان نەیتوانی و چۆکی بە دوژمن دانا . لە ماوەی چەند ساڵەی دەسەڵاتی ئێستا ئێراق گشت ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق، بریتییە لە نەھێشتنی ئەو قەوارەیە و نەھێشتنی ئەو دەسکەوتانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودت بەدەستی ھاتووە لە عێراقی فیدرالدا. بە تایبەتیش لەداستدانی ھەموو ئەو مافانەی کە جێگیرکراون لە دەستووری عێراقی فیدرالدا. ھەروەک بە یاسا خەریکی ئەوەبوو ئەو قەوارە دەستوورییەش نەھێڵێت کە لە دوای ٢٠٠٣ وە دەستووری عێراق وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناساندوویەتی.
لێرەوە پێویستە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان کار بکھات لەسەر پاراستنی مافەکان و دەستکەوتەکانی خۆی کە لە چەند ساڵی رابردوو بەدەستی ھێناوە. گرنگترین شتیش لە ئێستادا دەبێت کورد بیکات ئەوەیە، جارێکی تر بە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بگەڕێتەوە بۆ عێراقی فیدراڵ و بەشداری کارای ھەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، چونکە دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر مافەکان و دەستکەوتاکانی خۆی بپارێزێت، بە پێی دەستوری عێراقی فیدرال. ئەمە جگە لەوەش دەبێت ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت بۆ پەیداکردن و زیاترکردنی نێوەندگێری و پاڵپشتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی رابردوودا، بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان ھەوڵەکان چربۆتەوە، کە ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە ھەوڵەکانی دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا و تورکیا. لەمبارەوە تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ماکڕۆن سەرۆکی فەرەنسا، باسیان لە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان کردووە و داواشیان لە بەغدا کردووە گفتوگۆکانی دەستپێبکاتەوە و، پێویستە لەسەر عێراق کە مافەکانی کورد بپارێزێت بەپێی دەستوری عێراقی فیدرال. ھەروەھا باڵیۆزی ئەمریکاش لە عێراق ھەوڵدەدا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراقدا کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێبکەنەوە. ھەروەھا ئاماژەیان بەوەش داوە، کە کار دەکەن بۆ ئەوەی ھەرێم لە نێو عێراقێکی یەکگرتوودا بێت. ئەمە جگە لەوەی تورکیاش ھەوڵ دەدات جارێکیتر پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەرێم بدات و کار دەکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا. ئەوەی لێرەوە پێویستە بڵێین ئەوەیە، ئەگەر ئەم پرۆسەیەی بەغدا سەربگرێت ئەوا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەو بێھێزبوونی گرنگی و ڕۆلی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.دوای پرۆسەی ریفراندۆم بۆ خەڵکی ھەرێم ئاشکرا بوو، ئەوەبوو کە بەغدا ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و خەڵکەکەشی وەک ھاووڵاتی نابینێت. لە دوای ڕیفراندۆمەوە، بەغدا ھیچ نیازێکی پاکی نیشان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گێڕانەوەی متمانەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی. بۆیە گەلی کورد چیتر باوەری بە دەسەڵاتدارانی بەغدا نەماوە و کێشەی مانەوەی کورد لەگەڵ بەغدا تەنیا کاتە و بەس..
گەر سەدان جاری تریش ھەڵبژاردن بکرێت عێراق بە ئاسانی نابێتە وڵاتێکی دیموکراتی تا پەرلەمان و دامەزراوەی تەشریعی ھەبێت. ھەروەک عێراق بەو کەلتوورە تائیفی و مەزھەبیە داخراوەیەوە نابێتە وڵاتێک تا کورد تیایدا ببێتە ھاوبەشی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و ئەرک و مافدا. بە مانایەکی تر عێراق بەم کەلتوورەیەوە نابێتە وڵاتی ھەمووان و بە ئاسانی شتێک پێکنایەت بە ناوی گەلی عێراق و چەمکی ھاووڵاتیبوون بەئاسانی جێگیر نابێت تیایدا. لەبارێکی وەھاشدا کورد لەم بەناو وڵاتەدا ھەر وەکو ئەوی دووەم یان ئەوی نەیارو تەنانەت ئەویی دوژمنیش سەیر دەکرێت. بۆیە بڕوابوون بە عێراقی ھاوبەش و عێراقی دیموکراسی و عێراقی فیدراڵی و گەیشتنی کورد بە مافە نەتەوەیەیکانی لە سایەی عێراقی یەکگرتوودا بێجگە لە خەیاڵپڵاوی ھیچی تر نیە. بۆیە چاوەڕوانی ھیچ ئایندەیەکی گەش بۆ کورد ناکرێت لەم بەناو وڵاتەدا کە ناوی عێراقە. بۆیە مانەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراق تەنیا کاتی و کات بە فیرۆدانە .
Top