جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی ئەرکی کێیە
January 16, 2018
وتار و بیروڕا
لە ئێستاشداو لەم دۆخە خراپە ئابوریەی کوردستاندا کە ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکان دیار نییە، ئەرکی هەرە لە پێشینەمان پاراستنی ئەو کیانەمانە کە ماوەیەکە بە فیعلی و بە مەبەست رووبەڕووی هەڕەشەی لاواز کردن و لەناوبردن بۆتەوە،بێگومان دۆخی خراپی ئابوری خەڵک و ناسەقامگیری ئەمنی هۆکارگەلی بەردەست و بەهێزن تا ناحەزان بیقۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجنداو مەرامی خراپیان،بەگرتنە بەری چەند هەنگاوێکی چاکسازی لەنێو دام و دەزگا حکومیەکان تاڕاددەیەکی باش دەتوانین خواستی خەڵکی خاوەن حەق بەرجەستە بکەین تایبەت لە دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆی و دەست پێکردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی حکومی تا بەهۆیەوە بوژانەوەیەک لە بازاڕ بێنێتە ئارا،بۆیەشە لەم ئان وساتەدا ئەرکی هەرە لە پێشینەی حکومەت و خەڵک ئەوەیە کە هەمووان بەتوندی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی چەند هەنگاوێکی خێرا بۆ ئەو مەبەستە،پێوستیمان بە پەیڕەوکردنی ستراتیژیەتێکی پتەوی (خۆپارێزیە لە گەندەڵی) کە بریتی بێت لە چەسپاندنی زیاتری شەفافیەت و باشترکردنی کاروباری کارگێڕی لە نێو دامودەزگا حکومیەکان و نەهێشتنی رۆتین و سزادانی قورسی گەندەڵکاران تاکو بەهۆیەوە دەرەنجامی پرۆسەی چاکسازی بەرهەمدار بێت،هەرچەند لە ئێستادا بەداخەوە لە کوردستان ئەو ستراتیژیەتە بەلاوازی دەبینرێت،بۆ ئەمەش گرنگە کار بۆ ئەوە بکەین کە پرۆسەی چاکسازی بکەینە پرۆسەیەکی ریشەیی گشتگیرو هەمەلایەنە،بۆ ئەمەش پێویستیمان بە هەماهەنگی و کارکردنی سەرجەم چین و توێژەکان هەیە تایبەت مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و مامۆستایانی قۆناغە جیاجیاکانی خۆێندن چونکە پەیوەستی و کاریگەریان بەسەر کۆمەڵگە زیاترە لە چین و توێژەکانیتر.هاوکات پێویست دەکات دەزگا یاساییەکانمان بەهێز بکەین تاکو نەهێڵین بۆشایی لە جێبەجێکردنی یاسادا دروست ببێت کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی،لێرەشدا هاوکاری و هەمەهەنگی هەمووانی گەرەکە،ئەگینا حاڵمان لە خراپ بۆ خراپتر دەڕوات و دەبێت بە شێنەیی چاوەڕێی مەرگی خۆمان بکەین.