هەڵبژاردنەکانی عێراق و تەقینەوەی ناکۆکیەکان

هەڵبژاردنەکانی عێراق و تەقینەوەی ناکۆکیەکان
پرۆسەی سیاسی لە عێراق پڕیەتی لە قەیران و کێشە و ناکۆکی سیاسی و ئاینی و دوژمنایەتی مەزهەبی، قەیران و کێشە و ناکۆکیەکانی ناو ماڵی شیعە، قەیران و کێشە و دوژمنایەتی کۆن و خوێناوی نێوان شیعە و سوننە، لە هەڵبژادنەکاندا بە رووی یەکتریدا دەتەقنەوە و پرۆسەی سیاسی ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەکەن، لەوانەش مەترسیدارتر هەر لەو هەڵبژاردنەدا ئەمەرکا و ئێران بە وەزیر و قەڵا و ئەسپە سیاسیەکانی عێراق کش مەلیک لە یەکتری دەکەن.
هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەقینەوەی قەیران و کێشە و ناکۆکیەکانی ناوماڵی شیعە و دوژمنایەتیەکەی نێوان سوننە و شیعە و کش مەلیکەکەی ئەمەریکا و ئێران لە یەکتری، ئەکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەش بەڵام کورد نابێ گرەو لەسەر تەقینەوەی کێشە و قەیران و کش مەلیکەکەی ئەمەریکا و ئێرانیش بکات، چونکە زۆر جاران لە دوا خولەکەکاندا بەرژەوەندیەکان ئاراستەی رووداوە سیاسیەکان و هاوپەیمانی و دوژمنایەتیەکان دەگۆڕن.
ئەوەی کورد پێویستە گرەوی لەسەر بکات رێکخستنەوەى ناوماڵی خۆیەتی، پێکەوە کار کردن و دەست گرتنە بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی، دوای رێکخستەنەوەى ناوماڵی خۆی دەکرێ کێشە و قەیرانەکانی ناو لایەنە عەرەبیەکان و کش مەلیکەکەی ئەمەریکا و ئێران لە یەکتری بە خاڵی لاوازی دوژمن و نەیارەکانی وەربگرێ، دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەکانێ کوردستان ئەو راستییە بزانن کە بەهێز ئەو کەسە نییە دوژمنەکەی لاواز بێ، چونکە رۆژێک دێ دوژمنەکەی بەهێز ببێتەوە، بەهێز ئەو کەسەیە خۆی بەهێز بێت، بۆیە پێویستە کورد هێز لە یەکێتی ناوماڵی خۆی وەربگرێ، دەبێ حزب و لایەنەکان ئەو راستییەش بزانێ کە هیچ خاڵێکی لاوازی دوژمنان ئەوەندەی تەبایی ناوماڵی کورد خزمەتی پرسی کورد ناکات، لە هەمان کاتدا هیچ خاڵێکی بەهیزی دوژمنانیش ئەوەندەی پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد زیانی بۆ پرسی کورد نابێ.
ئەوەی لێرەدا وەک مەترسی لەسەر پرسی کورد و دەستکەوتەکان دەبینرێ، هەندێ حزب و لایەنی سیاسی کوردستان گرەوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی لەسەر زیاتر تێکدانی ناوماڵی کورد دەکەن، لەوەش مەترسیدار تر هەر ئەو حزب و لایەنانە دەیانەوێ بە پشتیوانی و هاوپەیمانێتی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەو کوتلە و ئەو قەوارەی عەرەبی حزبە رکابەرە کوردەکانیان ببەزێنن، بەوەش هەموو کورد دەکەنە نێچیرێکی دەستوپێ شکاوی بەردەم تیخی داگیرکاری دوژمنان.
Top