ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئازادی و رزگار نیشتیمانێكی داگیركراو..

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئازادی و رزگار نیشتیمانێكی داگیركراو..
ئامانجی سەرٍەكی دروستبوونی پارتی وەك رێباز و قوتابخانەی كوردایەتی و وەك رٍەشماڵێكی نەتەوەیی ، یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی بووە لە پێناو رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و گەیشتن بووە مافی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان .پارتی وەك رێبازی كوردایەتی و سەرۆك بارزانی وەك ئاڵاهەڵگری رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و سەربەخۆیی كوردستان خۆی لەبەردەم ئەم هەموو پیلانگێریی و هەڕەشە و شاڵاوانەدا دەگرێت و وەك هەمیشە، هێمن و بێ ئەوەی باڵانسی خۆی لە دەست بدات، سەركردایەتی و بەرپرسیاریەتییەكی قورسی هەڵگرتووە بۆ تێكشكاندنی بەربەست و ئابڵوقەكان و گەیاندنی كورد بە كەنارٍی دڵنییایی.پارتی و بارزانی سەرەڕای هەوراز و نشێو، وەیشوومەی سەخت و ڕۆژانی سەركەوتن، كارەسات و خۆشییەكان، قوربانیی یەكجار زۆر و دەستكەوتی گەورە، شەڕ و بەرگری و پێشمەرگایەتی و پشووەكانی ئاشتی، خەباتی چەكداری و مەدەنی و دیپلۆماسی، هەرەشە ومەترسییەكانی نێوخۆ و دەرەكی، دەرفەتی پێشڤەچوون و هەڵكشان، سەرەڕای هەموو ئەمانە، پارتی نەك هەر مایەوە، بگرە لە گەشەكردن بەردەوامە، تا ئەم ساتەش، پێچەوانەی ویست و هەوڵی تەواوی داگیركەران و ناحەزانی، گەورەترین و بەجەماوەرترین هێزی سیاسی كوردستانە. مانەوە و پێشڤەچوون و سووربوونی پارتی؛ بە لای جەماوەرەكەی و پارتیناسەكانەوە، ئەگەرچی بە قوربانیدان و ڕەنجێكی زۆر، بە لە خۆبووردوو بووە. بە لای داگیركەران و ناحەزانیشەوە، مایەی شۆك و بێئومێدییە.
سەرۆك مسعود بارزانیی هەموو كات وەك دەسكەوتێكی گەورە ودیرۆكی شانازیی بە ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە دەكات بۆ نەتەوەكە ، بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو سیاسی و هێزە کوردیانە تا ڕۆژی 25ی نۆ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەوان خاوەنی دروشم و پرسی سەربەخۆیین، لەدوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک ئەوەی توشی لەبیرچونەوە بووبین خۆیان لە ڕیفراندۆم بێبەری کرد و پێچەوانەی دیمانە و وتار و بەیاننامە حیزبیەکانی پێشویان لەیاد کرد، لەو ساتەشدا بارزانی جارێکی تر شانازی خۆی نەشاردەوە و ڕیفراندۆمی بە دەستکەوتێکی مەزن ناوبرد کەلەڕاستیشدا هەروابوو، چونکە زیاتر لە نەوەدی هاونیشتمانییانی کوردستان بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی کرد، ئەو هێزانە هێند کورت بین بوون بۆ ڕاکردن له دەرئەنجامەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر خۆیان لە شانازی ڕیفراندۆم و بەڵێی زیاتر لە نەوەد لە سەدی کوردستانیان بێبەری کرد، ئاخر شانازیە چونکە بە ڕوانین لە کۆماری کوردستان بەڕابەرایەتی قازی محمد وێڕای تەمەنی یازدە مانگەی کۆمارەکە ئەوکات هەندێک تیری ڕقیان ئاڕاستەی قازی کرد، بەڵام دواتر هەموو تاکێکی کورد شانازی بەو کۆمارەوە کرد، پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش گەرچی لە ئێستادا زۆر لایەن و کەسایەتی خۆیانی لێ بێبەری دەکەن، بەڵام گومان نیە لەوەی لە داهاتویەکی نزیک یان دوور هاوشێوەی کۆمار دەبێتە مێژویەکی پڕ لە شانازی.
دابەشكەران و داگیركەران دەیان ساڵە بە هۆی خۆدزینەوە لە چارەسەری پرسی خاك و نیشتیمانی كوردستان ، ئارٍامیی و سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیووە ،گۆرانكارییەكان و دۆخی ئەم ناوچەیەدا دۆزی كوردی وەك كێشەیەكی زیندوو و چارەسەرنەكراو لە ڕۆژئاوا دەركەوت و دوو دەسكەوتی زۆر گەورەی بە دەست هێنا لە لایەكەوە لە لایەن خودی رژێمی سوریاوە دان بە بوونی نەتەوەی كورد نرا لە لایەكی ترەوە بوو بە یاریزانێكی گرنگ و كاریگەری هاوكێشە سیاسی و سەربازیە نێو دەوڵەتیەكەی دژی داعش ، لە باشووریش هاوزەمانی هەرج و مەرجی دۆخی شلۆقی ووڵاتانی دوورو نزیكەكانی كوردستان و هاتنی لێشاوی داعش حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەم بەشداریەكی كاریگەرانەی لە شەڕی دژی داعشدا كرد هەمیش بە هۆی شكست و هەڵوەشانەوەی حكومەتی بەغدا كە بۆشاییەكی سیاسی ئیداری سەربازی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان پەیدا ببوو ئەم دەرفەتەی قۆستەوەو بە شاهیدی و بەرچاوی هەموو دۆست و نەیارانی كورد ڕیفراندۆمێكی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە سەركەوتویی بەڕێوەبرد بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە وەكو شاكارو دەسكەوتێكی نەتەوەیی مێژوویی مایەی شانازی هەموو كوردێكی دڵسۆزو نیشتیمان پەروەرە ، هەوڵەكانی عەبادی و مالیكی و دەست و پێوەندەكانیان بۆ لەباربردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەركەوت كە هەر بە مردوویی لەدایك بوون، چوونكە نەك هەر ئەوانەی لەبەرامبەر داعشدا تێك شكان بەڵكو ئەگەر هەموو هێزوو توانای تریشیان لە پشت بێ ناتوانن ئەم دەسكەوتە لە كورد بسێننەوە چونكە هیچ كەس و هێزێك ئەم چەكەی نییەو ناشیان بێت وە دەشزانن ئەم چەكە چیەو چۆنە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەزانن خۆیان شایستەی ئەم چەكە نین وە بە دەستهێنانیشی مردنی خۆیانە ..! ئەو چەكەش بریتیە لە دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكرات مەدەنی لە بەغدا كە تیایدا سەرجەم مافە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەرجەستە كرابێت و هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە لە ماف و ئەركدا یەكسان بن ئینجا دەبی دیسان رای میللەت وەر بگیریتەوە جگە لەمە هەموو هەوڵەكانیان وەكو بڵقی سەر ئاو دەبن و كوردیش لە هەموو پلانە گڵاوەكانیان خەبەردارەو خەوی لێ نەكەوتووە ئەنجامی ڕیفراندۆمیش پرۆژەو شكۆی میللەتێكە بۆیە هەر بە زیندوویی دەمێنێتەو.بۆیە تا زڵهێزان و داگیركەران بە هۆش خۆیان نەینەوە و كێشەی كورد چارەسەر نەكەن و دان بە هەڵەكانیان دانەنێن و كوردیش وەك باقی وڵاتانی جیهان نەبێتە خاون دەوڵەتی خۆی نابێ چاوەروانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە بكەن ..
ڕێبازی بارزانی، رێبازێكی كوردانەی خۆرسكە كە لە دژی داگیركەرانی نەتەوەیەك هاتۆتە مەیدانی مەردایەتی و كۆڵنەدان و بەرخۆدان ، خاوەن ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە دنیابینییەكی ئینسانییانەوە. پێداگری و سووربوونی هێمنانەش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ناهەقی و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیی، یەك لە پایە سەرەكییەكانی ئەم ڕێبازەیە. سەرباری دیمەنە ئەوەی مایەی دڵنیاییەكی زیاترە، كۆكبوونی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان و زۆرینەی بێدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئەو ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەی پارتی نەك خەباتی بێووچانی بۆ دەكات، بگرە خۆی بۆ تەرخان كردووە.
ڕاستە قەیران و كێشە و ئاستەنگی جیددین، وەلێ دواجار هەر ئیرادەی خەڵك كە سەربەخۆییە سەردەكەوێت. ئەمە بەو مانایە نییە كە پارتی ئەو كێشە و قەیران و ناكۆكییانە بە هەند هەڵناگرێت، یان پێیوابێت بە تەنیا ئەو ئەركە مێژووییەی پێ هەڵدەسووڕێت، نا، بەڵكو پارتی لەو باوەڕەدایە، دەبێ‌ میللەتی كورد سەربەست و سەربەخۆ بژێت و هاووڵاتی پلە دوو نەبێ‌ و ڕزگاربوون لە بندەستی، ئامانجی هەموو هێزە سیاسییە ڕەسەنەكانە و ویستێكە لە ناخی هەر هاووڵاتییەكدا خۆڕسكانە هەیە و هەراش بووە. بیرمان نەچێت، مانەوەی پێشمەرگە بە یەكگرتوویی لە بەرانبەر ناحەزان و داگیركەران و پیلانەكانیان لە بەرگریی لە كوردستاندا، ئازایەتی و ورەی بەرزی پێشمەرگە و ئەو گیانە نیشتمانییەی لە ڕووخساری هەر پێشمەرگەیەكدا دەیبینین، ئازایەتی و خۆڕاگریی خەڵك لەبەردەم قەیرانی دارایی و سیاسییدا، پاڵەپەستۆیەكی ئەرێنی لەسەر هێزە سیاسییەكان دروستكردووە و بووەتە پشتیوانییەكی مەزن بۆ حەتمییەتی سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان. كەوا تا پارتی و بارزانی قوتابخانەی خۆراگریی و بەرخۆدانە لە بەرامبەر دوژمنان و داگیركەرانی كوردستانە ..
Top