گۆرانكاری سیاسەتی ئەمەریكا بۆ لاوازكردنی هیلالی شیعی رژێمی ئێران
January 12, 2018
وتار و بیروڕا
بەرفراوانكردنی هەژموونی رژێمی ئێران بە سەر رۆژهەڵاتی ناوین ،بۆتە گەورەترین هەرٍەشە و مەترسی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە لەلایەك و لەلایەكی تر بەرژوەندی وڵاتانی ئەمەریكا ،ئەوروپا و ئیسرائیل بەتایبەتی . رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمەریكاو وڵاتانی رۆژئاوایی بووە هۆی گەرانەوەی برێكی زۆر پارەی بلۆكراوە بۆ ئەو وڵاتە ، كە ئەوەش وایكرد لە جیاتی سوود وەرگرتنی بۆ پێشكەوتنی ئابووری و نەهێشتنی وڵاتەكەی بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی و دروستكردنی گروپی میلیشایی لە سووریا وعێراق و یەمەن و كاری تیرۆریستی سوودی لێوەرگیرا تا ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو نەخشە وپیلانانەی كە چەندین ساڵە بۆ ئاوا كردنی ئیمپراتوری فاشیستی ئێرانی كاری بۆ دەكا ، جێبەجێی بكات .
لە دوای پیلانی ئیقلیمی داگیركردنی کەرکووک و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان لەلایەن رژێمی ئێران وەکیلەکانییەوە ، هیلالەکەی رژێمی ئێران بوو بە مانگی پڕ و ئەستێرەکانی ئەمەریکا زۆر کز بوون، بۆیە ئەمەریکا دەستی کرد بە دووبارە چوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا. سەرەتا یەکلاییکردنەوەی یاریزانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست بوو بەوەی کە قەیرانی قەتەر ڕووی ڕاستەقینەی تورکیا و چەند وڵاتێکی دەرخست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دابەش کرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی ئێران و بەرەی سعوودیە، کە ئەگەر کەمێك وێنەکە زووم بکەین ڕووسیا و ئەمەریکای لەپشتەوە دەبینین.
گەر لە ماوەی رابردوو نەرمی نواندنێك بە هۆی هاوبەشی شەرٍی تیرۆریستانی داعش لە هەمبەری رژێمی ئێران دەبینرا بەڵام بینیمان لە كاتی نارەوایی و خۆپیشاندەرەكان بە روونی لە لایەن شەخسی ئیدارەی ترەمپەوە بینرا . بۆیە ئێستا ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بریتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستاندنی هیلالی شیعی، هەر چەندە سیاسەتێکی ڕوونی نییە، چونکە ئێستا کۆریای باکوور خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و وەک هەر وڵاتێکی تری خاوەن چەکی نەوەوی، بەرگریی پەیدا کردووە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر کۆریای باکوور ئەوا کۆریا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ملیۆناها کەس لە کۆریای باشوور و ژاپۆن لەناو دەبات. کۆریای باکوور چەکی ناوکیی تەنیا بۆ مانەوەی خۆی دەوێت هەم لە ناوخۆ و ئاستی جیهاندا و ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە کە هەوڵی هێرشکردنێک بدات کە سوور دەزانێت دەدۆڕێت، بۆیە ئەمەریکا ئێستا دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران لاواز بکات. چونكە باش دەزانن ئەو رژێمە هاوشێوەی رژێمی سەدام بوغرایی و سنووری دیكتاتۆرییەكانی و مەترسییەكانی هیچ سنوورێكی نەهێشتۆتەوە پێوستە رێگەی لێبگیرێت .
سیاسەتی رژێمی ئێران لە دروستكردنی هیلالی شیعی بریتییە لە لاوازکردنی وڵاتە سوننە زۆرینەکان بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتیان بەسەردا بگرێت. بۆ نموونە، نووری مالیکی کە سوپای عێراقی زۆر لاواز کرد، بەتایبەتی لە کاتی کەوتنی مووسڵدا، دروستبوونی هێزێکی نوێ پێویست بوو، ئەو هێزەش بریتی بوو لە حەشدی شەعبی، هەروەک لوبنان و یەمەن کە میلیشیا ئێرانییەکان حوکم دەکەن. ئێستا بەهێزبوونی ئێران یاریزانە سەرەکییەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نیگەران کردووە، بۆیە دروستبوونی جەنگی راستەوخۆ پێدەچێ روو نەدات، بەڵکوو ئاژاوە لە وڵاتەکان بەردەوام بێت.بۆیە ئامانج و سیاسەتی سەرٍەكی ئەمەریكا لاوازكردن و سرٍینەوەی هیلالی شیعیە لە ناوچەكەدا .