کۆمەڵی مەدەنی ھێزێکی نوێ

کۆمەڵی مەدەنی ھێزێکی نوێ
کۆمەڵی مەدەنی ھێزێکی نوێ، ناونیشانی کتێبێکە "رێبوار یەڵدا" لە زمانی فارسییەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، لە ١٤١ لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێک ھاتووە، لە بەرگێکی قەشەنگ و جواندا چاپ و بڵاو بووەتەوە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ڕێکخراوی نادەوڵەتین، خەڵک ئارەزوومەندانە دروستیان دەکەن و دوور لە دەسەڵاتی دەوڵەت بەڕێوەیان دەبەن و قازانج نەویستن، بەو مانایەی کە مەبەستیان سوودگەیاندن نییە بە تاکێک یانی گرووپێک. ئەرکیان تەنیا ئەوەندە نییە کە کۆمەڵێک خەڵک لە دەوری یەکتر کۆ بکەنەوە، بەڵکوو ڕۆڵیان زۆر لە گەورەترە، بە جۆرێک ھەندێ جار لە حکوومەت زیاتر توانیویانە لە خەڵک نزیک ببنەوە، لەبەر ئەوەی پەنجە دەەخەنە سەر برین ‌و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەیان.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێویستە چاودێریی کارەکانی حکوومەت بکەن، نەک ھەر ئەوەندەش، بەڵکو ڕێکخراوەکان بۆیان ھەیە بەشداری لە پێشنیاز ‌و پرۆپۆزەڵی پڕۆژەکاندا بکەن.
دوو ھۆکاری سەرەکی لەپشت ئەو بەرەوپێشچوونەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوەن لە وەڵاتدا، یەکەمیان ئەوەیە کە یاسا کارەکانی ڕێک خستووە و ڕێگەی پێداوە بەشدارییەکی چالاکانەی ھەبێت، دووەمیشیان لەسەر ئاستی جێبەجێ کردن، گرنگیدانی حکوومەتە بە ڕێکخراوەکان، ئەوەتا لە ماوەی ڕابردوودا، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومیەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا، بەم ھەنگاوە ڕێکخراوەکان تارادەیەک چوونە پێشەوە، ئەگەرچی تا ھەنووکە کەموکووڕی لە کاری ڕێکخراوەکاندا ھەیە و نەیتوانیوە وەک پێویست بەشداری لە گەشەی بەردەوامی کۆمەڵگەدا بکەن،
ھێشتا ژمارەیەکی زۆر کێشە ‌و بابەت ھەن کە پێویستیان بەوەیە کاریان تێدا بکەن ‌و بەشداری لە چارەسەر کردنیاندا بکەن، ھێشتا ڕێکخراوەکان لە زۆر بواردا چالاکییان نییە ‌و لاوازن.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئەگەر بە ئەرکی دروست و ڕاستی خۆیان ھەڵسن دەتوانن کاریگەریی زۆر باشیان ھەبێت لەسەر کاری حکوومەت ‌و ڕێگە گرتن لە گەندەڵیی ‌و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی، لایەنی کەم ھەر دامەزراوەیەک کە دادەمەزرێت، بەر لە ھەموو شتێک پێویستە چاودێری کارەکانی حکوومەت بکات، پێشنیاز بکات، ڕەخنە بگرێت، ناڕەزایی دەربڕێت، ھەروەھا مانەوە ‌و بەردەوامبوونی حکوومەت مسۆگەر بکات.
Top