ئاڵا پێناسەیە بۆ نەتەوەی کورد

ئاڵا پێناسەیە بۆ نەتەوەی کورد
لەو ڕۆژەی ئاڵا بەشێوە ساکار و سادەکەی پەیدا بووە تا ھەنووکە، سات لەدوای سات، بەرەوپێش چووە، گرنگی و بایەخی زیاتری پی دەدرێت, شانازی پێوە دەکرێت، بۆ ئێمەی کوردیش، ئاڵای کوردستان ھێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەک بەدوای یەکەکانی کورد بووە، بۆ یەکەم جار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد لە ڕۆژی ١٧/١٢/١٩٤٥ لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەھاباد (سابڵاغ) بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بە فەرمی ھەڵدراو بوو بە ڕەمزی کۆماری کوردستان, حەفتاودوو ساڵ بەر لە ھەنووکە، قازی پێشەوا ئامادەبوو ملی خۆی بخاتە بەر پەتی سێدارە بەڵام ئاڵای کوردستان نەکەوێتە دەست دوژمن، لە ساڵی (٢٠٠٩)دا، پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی (١٧)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، بکرێتە ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان. لەپێناو ئاڵای کوردستان دیرۆکێکی پڕ لە دەردەسەری، دابڕان، ئەنفال و تەعریب، ئاوارەیی، کیمیاباران و نەھامەتی زۆرمان بینیوە بۆیە ھەرگیز لێک دانابرێین.
دوژمنانی نەتەوەکەمان ھیچ کاتێک چاویان بە ئاڵای کوردستان ھەڵنایەت، ھەروەک بینیمان لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لەلایەن میلیشیا شیعەکان، سەرەتا سوکایەتیان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرد، بەڵام بێ ئاگان لەوەی کە رۆڵە نەبەردەکانی کورد سورتر دەبن لەسەر بەرز راگرتنی ئاڵا وەک دروشمی مانەوەی نەتەوەی کورد.
بەدرێژایی مێژوو ئاڵا وەک شانازییەک وێناو بەرجەستە کراوە، کورد ھەمیشە بە شانازیەوە لە ئاڵای ڕوانیوە، بە بەشێک لە بوون و پیرۆزی خۆی زانیوە، ئێمەی کورد دەریایەک خوێنمان لەپێناو ئەو ئاڵایەو لەژێر ئەو ئاڵایە ڕشتووە تاوەکو بگەین بە مافە ڕەواکانمان.
ئاڵا بۆ ئێمەی کورد گوزارشت لە گەلێکی زولم لێکراو دەکات، بۆیە ھەمومان پێناسەین بۆ ئاڵا و ئاڵاش پێناسەیە بۆ نەتەوەی کورد. ئاڵا واتا ھێماو ناسنامەی نەتەوەو دەوڵەت، لە رۆژی ئاڵادا پەیمان نوێ دەکەینەوە تا ماوین لەژێر سێبەری ئەو ئاڵا پیرۆزەدا خەبات و قەربانی بدەین بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن.
Top