زانیاری گەش بۆ مێژووی ڕەش

زانیاری گەش بۆ مێژووی ڕەش
(زانیاری گەش بۆ مێژووی ڕەش) ناونیشانی کتێبێکی "قادر قەچاخ" قەچاخی کوردستانییە، لە دوو بەرگ پێک ھاتووە، قەچاخ، لە سەروەختی چاپکردنی کتێببەکانیدا، بایەخێکی زۆر بە نەخشەسازی، بەرگ، دیزاین و جۆری کاغەزی کتێبەکانی دەدات. لە پێشەکی ئەم بەرھەمەدا، قەچاخی کوردستانی دەڵێت: "مێژوو بە زەبری چەوسانەوە و بەرژەوەندی تایبەتی، ڕەگەزپەرستی، حەز، ئارەزوو، ڕق لێبوونەوە و چەواشەکاری نووسراوەتەوە."
نووسەر لە بەرگی یەکەمی کتێبەیدا، شەست خاڵی جۆراوجۆر باس دەکات، کە ڕوونکردنەوەیە دەربارەی ھەندێک لایەنی ژیانی مرۆڤایەتی، وەک: پێکھاتەی جیھان، سەرچاوە سەرەکییەکانی مێژوو، قۆناغەکانی پێشکەوتنی ژیان، سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی مرۆڤایەتی، چین و توێژە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە، قوتابخانە سەرەکییەکانی پەروەردەی مرۆڤ. لە خۆشەویستی و جەنگدا، ھەمووکات مرۆڤە پاکەکان دەبنە قوربانی و دەکوژرێن. لەم کتێبەیدا، نووسەر لە خاڵی پەنجاوشەشدا، باسی خۆشەویستی نێوان نێر و مێ دەکات "خۆشەویستی تاکە سەرچاوەی گشت داھێنانێکە، ئەگەر بەو شێوەیە نەبوایە داھێنانە یەک لەدوای یەکەکان لەدایک نەدەبوون. ل١٠٥" پێناسەکردنی خۆشەویستی کارێکی دژوارە، چونکە ئەزموونێکە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. خۆشەویستی ئەو ھێزەیە کە ڕۆحی جیھان بەرەو پێشەوە دەبات و دەیگۆڕێت، یەکێک لە ماناکانی خۆشەویستی بریتییە لە بەختەوەری، ئاخر وەک مەحاڵ وایە، بێ ئەوەی خۆشەویستی لە ژیانماندا ھەبێت، ھەست بە بەختیاری بکەین.
بەرگی دووەمی "زانیاری گەش بۆ مێژووی ڕەش" بریتییە لە ٢٥٠ لاپەڕەی قەبارە ماناوەندی، سەدو بیست خاڵی تێدا خراوەتە ڕوو، نووسەر لە خاڵی شەست و چوار نووسیویەتی:" وتاربێژی بریتییە لە چەند وشەی پێکەوە بەستراو بەشێوەیەکی پڕ ھونەر بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی کەلێنێک بەپێی پێویستی ھەر لایەنێکی ژیان کە پەیوەندی پێوەی ھەبێت. ل١٩"ھەروەھا لە خاڵی ھەشتاو سێ باسی ھەڵوێست و ماستاوچێتی دەکات و دەنووسێت:" بیرمەند و فەیلەسووفی فەرەنسی ژان پۆل سارتەر دەڵێت: "مرۆڤ واتا ھەڵوێست و ھەڵوێست واتا قوربانی. ل١٢١" مامۆستا قەچاخ شاعیر و تێکوشەر و نیشتیمانپەروەر خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپ کراوە، ( زانیاری گەش بۆ مێژووی رەش) کتێبەکە پڕە لە زانیاری بەسوود، بە دیدی من ئەو کتێبە پێویستە وەک بەشێک لە مەنھەجی کوردۆلۆژی بخوێندریت لە لایەن قوتابیانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ تاوەکو ئاشنا بن بە زۆر زانیاری بەپێز کە لەنێو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا داھاتووە.


Top