ھەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی
December 5, 2017
وتار و بیروڕا
ئەم سەردەمە، سەردەمی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە، زۆر گرنگە نەوەی نوێ لە ڕابردووی نەتەوەکەمان ئاگادار بکرێنەوە، چونکە بەبێ ڕابردوو، ئێمەمانان بوونمان نییە.
شەعبان عەلی شەعبان، لە کتێبەکەیدا، ئاماژەی بە زۆر شتی گرنگ داوە، وەک: دادگایی کردنی پێشەوا قازی محەمەد، ناوی یاوەرانی بارزانی نەمر بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران، رێکەوتنامەکان، کۆنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە وتەکانی بارزانی نەمر وەک:
* ئەگەر خۆشەویستی خاک تاوان بێت ئەوا من تاوانبارترین کەسم. * ھیوادارم لە ژیاندا، ئەگەر کورت بێت یان درێژ، گەلی کورد ئازاد و سەربڵند بێ و لە ژیانێکی خۆش و سەرفرازدا بێت.
* کوردستان یەک پارچەیە و ئەو سنوورەی جیای دەکاتەوە دەستکردە، بۆیە بە باوەڕەوە دەڵێم واز لە بستێک خاکی کوردستان ناھێنم. * پێویستە زمان و قەڵەم و باوەر ئازاد بن.
نووسینەوەی زانیاریی سیاسی و مێژوویی بۆ خۆی خزمەتێکە، ئێمە دیلی دەستی ڕۆژگارین، کەچی تا ھەنووکە نەماتوانیوە مێژووی خۆمان بە دروستی بنووسینەوە. مێژوو لە سەرووی ھەموو زانستەکانە و پێویستە ھەموو کەسێک مێژوو بخوێنیتەوە بەتایبەت کارەکتەرە سیاسیەکان، لەبەرئەوەی کارەکتەری سیاسی ئەگەر شارەزایی مێژووی کۆمەڵگەکەی خۆی و دەوروبەری نەبێت، ناتوانێت بریاری دروست بدات، سیاسەتیش گەر بە شێوە زانستییەکەی لێی بڕوانین، ئەو زانستەیە کە پەیوەندی بە سیستەمی فەرمانڕەوایی و ژیانی گشتی ڕۆژانەی کۆمەڵگاوە ھەیە، لەو سۆنگەیەوە مافی تەواوی خەڵکە ئاگاداری شێوازی دروستکردنی بڕیار و چۆنیەتی جێبەجێکردنی بێت.
ھەرچەندە سیاسەت مێژوویەکی کۆنی ھەیە بەڵام لە ئێستادا یەکێکە لەو کایە گرنگانەی کە جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە پێویستیەکی ڕۆژانەی مرۆڤ، لە ھەمان کاتدا سیاسەت ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ھێنانە ئارای کۆدەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە لە ھەناوی کۆمەڵگەدا ھەمیشە دید و بۆچوونی جیاواز ھەیە.
ھەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، ئاشنامان دەکات بە چەند زاراوەیەکی سیاسی وەک: "کارێزما، ئیتیلاف، پرۆلیتاریا، تەکنۆکرات، رادیکاڵ، کۆنسەرتیڤ، دیماگۆجی، بۆرجوازی و فیدراڵیەت."